سبەینێ ڕۆژى عەرەفەیە چۆن بتوانین بە جوانترین شێوە ئەم ڕۆژە بەڕێ بکەین و زۆرترین عیبادەتی تێدا ئەنجام بدەین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سبەینێ ڕۆژى عەرەفەیە چۆن بتوانین بە جوانترین شێوە ئەم ڕۆژە بەڕێ بکەین و زۆرترین عیبادەتی تێدا ئەنجام بدەین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
وەڵامى بەڕێزتان بە (10) خاڵى کورت دەدەینەوە بەو هیوایەى هەموو لایەکمان بتوانین جێ بە جێى بکەین :
1- ئەمشەو پێش نوستن چەند توانیت شەو نوێژ بکە لەگەڵ نوێژى وتردا .
2- پاشان زیکرەکانى خەوتن بخوێنە و بەدەستنوێژەوە بخەوە.
3- پاشان بۆ پارشێو هەستە و نیەت لە دڵەوە بێنە کە سبەى بەڕۆژوو بیت .
4- پاشان نوێژى بەیانى بە جەماعەت ئەنجام بدە .
5- پاشان لە مزگەوت دابنیشە و زیکرەکانى بەیانیان بخوێنە لەگەڵ قورئان تاوەکو خۆر هەڵهاتن .
6- پاشان دوو ڕکات نوێژى شروق بکە .
7- پاشان بۆ نوێژى نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا بە هەمان شێوە بە جەماعەت ئەنجامیان بدە .
8- نوێژە سونەتەکان لە بیر نەکەى وەکو نوێژى چێشتەنگا ، نوێژە سونەتەکانى پێش و پاشان نوێژە فەرزەکان ، وە هەروەها زیکرى ئێواران کە لە دواى عەسرەوە دەست پێ دەکات تاوەکو خۆر ئاوابوون .
9- دوعا و پاڕانەوەى زۆر لە خواى گەورە بکە چونکە هیچ ڕۆژێك نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆژی عه‌ره‌فه‌ خوای گه‌وره‌ به‌نده‌ی تیادا ئازاد بكات له‌ ئاگری دۆزه‌خ.
10- گەر کەمیش بووە خێر و سەدەقە بکە بۆ ئەوەى لەم ڕۆژەدا زۆرترین کارى خێر ئەنجام بدەى .
لە کۆتایى دوو ئامۆژگاریمان هەیە بۆ هەموو موسڵمانان :
1- ئامۆژگارى هەموو موسڵمانێک دەکەین کە ئەم ڕۆژە بە هەل بزانێت و زۆربەى کاتەکانى لە مزگەوت بەسەر ببات و خەریکى زیکر و دوعا و قوئان خوێندن بێت و زۆر دوعا بکات و بپاڕێتەوە بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆرئاوا بوونى ڕۆژى عەرەفە تاوانەکانیشى ئاوا ببن و بەر لێخۆشبونى خواى گەورە بکەوێت .
2- ئەم ڕۆژە ڕۆژى عیبادەت و دوعا و پاڕانەوە و ڕۆژوو گرتنە نەک ڕۆژى بازاڕ کردن و شت کڕین و ماڵ پاک کردنەوە بۆیە ئامۆژگارى موسڵمانان دەکەین بەتایبەت ئافرەتان کە ئاگایان لە کاتەکانیان بێت و لە شتى بێ سود سەرفى نەکەن  .
خواى گەورە هەموو لایەکمان مۆفەق بکات و لەو کەسانەمان بگێڕێ کە لەم ڕۆژەدا بەر عەفو و لێخۆشبونى خواى گەورە دەکەون
والسلام علیکم
ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١١,٠٠٤ بەش: نۆمینەى حاجیان