من وەک ئافرەتێک هەفتەى سێ ڕۆژ ئیش دەكەم فریاى ئیشى ماڵەوەش دەكەوم بۆ خزمەتى خێزانەكەم ئایا ئەوە حەرامە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من وەک ئافرەتێک هەفتەى سێ ڕۆژ ئیش دەكەم فریاى ئیشى ماڵەوەش دەكەوم بۆ خزمەتى خێزانەكەم ئایا ئەوە حەرامە؟

بسم الله الرحمن الرحيم

سەرەتا ئەوە بزانە كەوا لە ئیسلامدا پارە دەركردن و بژێوی پەیدا كردن ئەركی سەرشانی پیاو نەك ئافرەت، چونكە خوای گەورە فەرموویەتی: [الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء بِمَا فَضَّلَ اللّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُواْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ] [سورة النساء: (34)] .
واتە: پیاوان سەرپەرشتیارن بە سەر ئافرەتانەوە بەوەی كە خوا فەزڵی هەندێكیانی داوە بە سەر هەندێكی تریانەوە.. وە بەوەی كە خەرجی دەكەن بۆیان لە پارە و ماڵەكانیان.
وە پیاوان پرسیاریان كردووە لە پێغەمبەری خوا () ئایا مافی خێزانی یەكێك لە ئێمە چى یە بە سەریەوە ؟ پێغەمبەریش () فەرموویەتی: (أن تطعمها إذا طعمت، وتكسوها إذا اكتسيت …).
واتە: خواردنی بۆ دابین بكات ئەگەر پێویستی پێی بوو، وە جلوبەرگی بۆ دابین بكات ئەگەر داوای كرد.
هەروەها خوای گەورە فەرموویەتی: [أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنتُم مِّن وُجْدِكُمْ] [سورة الطلاق: 6] .
جێگای نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكەن بەو شێوەیەی كە خۆتان نیشتەجێبوون بە پێی تواناتان.
كەواتە: دابین كردنی خواردن و جلوبەرگ و خانوی نیشتەجێبوون ئەركی سەر شانی پیاوە نەك ئافرەت.
واتە: ئەگەر ئافرەت مێردی كردبوو ئەوا دەبێت مێردەكەی ئەو پێداویستى یەكانی ژیانی بۆ دابین بكات، وە ئەگەر كچ بوو ئەوا لە سەر باوكێتی … هتد.
بەڵام ئەگەر ئافرەێك كەسی نەبوو بژێوی بۆ خۆی و منداڵەكانی پەیدا بكات ئەوا ئەو كاتە پێویستە ئیش بكات بەم مەرجانە:
1 ـ دەبێت ئەو ئیشە نەبێتە ڕێگر لە ئاستی خزمەت كردنی ماڵ و پەروەردەكرنی منداڵەكانیدا.
2 ـ دەبێت ئیشەكە لە خودی خۆیدا حەڵاڵ بێت.
3 ـ دەبێت تێكڵاوی پیاوان نەكات لە شوێنی ئیشەكەیدا.
4 ـ دەبێت بە ئیزن و رەزامەندی سەرپەرستیارەكەی بچێتە دەرەوە.
5 ـ دەبێت بە داپۆشراوی و پۆشتەیەوە بچێتە دەرەوە.
بەڵام بۆ بە دەست خستنی پارەیەكی زیاتر لە پێویست یان بۆ دابین كردنی ژیانی رەفاهیەت و كەمالیات ئەوا نابێت ئافرەت بچێتە دەرەوە بۆ ئیش كردن چونكە ئەمە ئەركی سەر شانی ئافرەتان نى یە، بەڵكو خز‌مەت كردنی ماڵ و منداڵ لە ئەستۆی ئافرەت دایە و بژێوی پەیدا كردنیش لە ئەستۆی پیاواندایە.
لەلایەن مامۆستا (محمد عبد الرحمن) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٤,١٨٣ بەش: ئافرەتان