بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بە یارمەتى خواى گەورە بە کورتى و پوختى باسی بیدعە دەکەین :
یەکەم : بیدعە چیە ؟
البدعة : لەزمانی عەرەبیدا بە شتێك دەگوترێت بێتە بوونەوە، كە لەوەو پێش نەبوبێ، زیاتریش بۆ (ذم) – كەم كردنەوەی ڕێز - بەكار دەهێنرێت.
دووەم : بیدعە لە ڕووە شەرعیەكەیەوە:
بە هەموو ئەو ڕێگا و شێوازانەی عیبادەت دەگوترێت كە داهێنراوبن، و لە ئەصلی شەرعدا نەبن، و لە قورئان و سوننەتدا ئاماژەیان بۆ نەكرابێت، و هیچ بەڵگەیەكی ڕاست و دروستی شەرعی لەسەر نەبێت، و مەبەسـت پێی نزیــك بوونەوە لە پەروەردگار و دەست كەوتنی خێر بێت.
بەپێی ئەم پێناسەیە: هەر داهێنراوێك مەبەست پێی عیبادەت و نزیك بوونەوە لە پەروەردگار نەبێت، وەك داهێنراوە دوونیاییەكان، ناكەونە ژێر ئەم بەخراپ زانین و حەرامیەتەوە.
موسڵمانی بەڕێز، بزانە لە بنچینەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام كە ئیمان بەبێ ئەو دانامەزرێت باوەڕبوونی تەواوەتی یە بەوەی كە ئەم دینە پەروەردگارمان بەبێ كەم و كورتی دایڕشتوە و پێغەمبەرییش ﷺ هەربەو تەواوەتیە بە موسڵمانانی ڕاگەیاندووە، و هیچی لێ زیاد و كەم نەكردووە، و بە ئاشكرا بانگەوازی بۆ كردووە. ئەركی سەرشانی موسڵمانیش گوێڕایەڵی و پەیڕەوی كردنە – السمع و الطاعة – و هیچی تر نا!
خوای گەورە دەفەرموێت: [ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْأِسْلامَ دِيناً] .
واتە: ئەمڕۆ- لە حجة الوداع- دینەكەتانم بۆ كامڵ كرد بەڕوونكردنەوەی دین بۆتان بە تەواوی و سەرخستنتان بەسەر هاوەڵ بڕیاردەرەكاندا، هەروەها تەواو نیعمەتی خۆمم بەسەردا ڕشتن و ڕازی بووم بە ئیسلام كە ئاینتان بێ.
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: " إنــي قـدتركتـكم عـلى مثـل البيضـاء ليـلهـا كنهارها لا يزيغ عنها بعدى إلا هالك " أخرجه احمد وصححه الألباني
واتە: بەڕاستی و بێ گومان من لەسەر ڕۆشناییەك ئێوەم جێ هێشتووە، شەوی وەك ڕۆژی وەهایە، هەركەسێك دوای من لێی لابدات، بێگومان تیاچووە.
سێیەم : داهێنان و زیاد كردن لەدیندا ڕێگەی پێ نەدراوە
1/ شەرع دانان – التشریع – تەنها مافی پەروەردگارە، بەندەكان بۆیان نیە لە دین و شەرعی پەروەردگار زیاد بكەن.
2/ فەرمان و ئەركی سەرشانی خەڵكی تەنها گوێڕایەلێ و پەیڕەویكردنی شەرعە، و نابێت نە لێی زیا بكرێت نە كەم.
3/ پێغەمبەر ﷺ دەروازەی بیدعە و زیاد كردنی لە دیندا بە ڕووی هەموو كەسێكدا بۆ هەتا هەتایی داخستووە، وەكو فەرموویەتی: " من عمل عملاً ليس عليه امرنا فهو رد " أخرجه مسلم.
واتە: هەر كەسێك كردەوەیەك - عیبادەتێك - بكات و فەرمانی ئەم دینەی ئێمەی لەسەر نەبێت، ئەوا لێی وەرناگیرێت.
چوارەم : چۆن بیدعە بناسین ؟!
(ابن تیمیة - رحمه الله -) بنچینە و بنەمایەكی داڕشتووە، كە بەهۆیەوە بتوانین بیدعە بناسینەوە، و لە كتێبی (العبودیة) دا فەرموویەتی:
كاكڵە و كرۆكی دین لەسەر دوو بنچینەیە:
1/ هیچ كەس و هیچ شتێك نەپەرستین تەنها (الله) نەبێت.
2/ بەو شێوەیەش بیپەرستین كە خۆی بۆی داناوین.
وە لە كتێبی (اقتضاء الصراط المستقيم: ص269) دا فەرموویەتی:
بنچینە لە هەموو عیبادەتەكاندا ئەوەیە: هیچ عیبادەتێك نەكرێت بە شەرع تەنها ئەوە نەبێت كە پەروەردگار كردوویەتی بەشەرع.
وە لە عاداتیشدا ئەوەیە: هیچ عادەتێك نەكرێت، تەنها ئەوە نەبێت كە پەروەردگار ڕێگەی پێداوە و مخالەفەی شەرع نیە.
جا كردەوە بۆ ئەوەی چاك بێت و وەرگیراو بێت، پێویستە دوو مەرجی گەورەی تێدا بێت:
یەكەمیان: خاوەن كردەوەكە مەبەستی پێی ڕەزامەندی پەروەردگار بێت.
دووەمیان: دەبێت كردەوەكە بەپێی ئەو شەرعە بێت كە پەروەردگار لە قورئاندا دای ڕشتووە، یاخود پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەكانیدا ڕوونی كردووەتەوە.
هەر كردەوەیەك ئەو دوو مەرجەی تیادا نەبێت ئەوە بیدعە و گومڕاییە.
ئەو كەسەی دەڵێت كردەوەی چاك تەنها بە نیەتی چاكە، ئەوە ڕاست ناكات، چونكە نیەتی چاك بەتەنها بەس نیە بۆ چاكێتی كردەوە، بەڵكو پێویستە لەگەڵ نیەتە چاكەكەشدا، لایەنی شەرعیشی تێدا ڕەچاو كرابێت، چونكە كردەوەی خراپ ڕەوا نیە ئەگەر چی نیەتی بكەرەكەی چاكیش بێت.
پێنجەم : جۆرەكانی بیدعە
بیدعە لەدیندا دووجۆرە:
جۆری یەكەم: بیدعەی بیرو باوەڕ و گوفتار: وەك ووتەكانی (الجهمية والمعتزلة والرافضة) و هەموو فیرقە گومڕاكانی تر.
جۆری دووەم: بیدعە لە عیبادەتەكاندا: ئەویش پەرستنی پەروەردگارە بەعیبادەتێك كە خۆی بەشەرعی دا نەنابێت.
ئەمانەی خوارەوەش چەند جۆرێكن لەو بیدعانە:
1/ ئەو بیدعەیەی لە بنچینەی عیبادەتەكەدایە: وەكو ئەوەی عیبادەتێك بهێنێتە كایەوە، كە هیچ بنچینەیەكی نەبێ لەشەرعدا، وەك نوێژێك زیاد بكات، ڕۆژوویەك زیاد بكات،جەژنێك زیاد بكات، وەك جەژنی سەری ساڵ و جەژنی ئیسرا و میعراج و بەرات و… هتد.
2/ زیادكردنەكە لەسەر عیبادەتە شەرعیەكە بێت: وەك زیاد كردنی ڕكاتی پێنجەم لە نوێژە چواریەكاندا.
3/ بیدعەی شێوەی ئەنجامدانی عیبادەتێك: وەكو زیكر كردنی بە كۆمەڵ بە دەنگی بەرز، یاخود زۆر زیادەڕەوی لە عیبادەتدا، بە شێوەیەك لە سوننەتی پێغەمبەر ﷺ دەربچێت.
4/ دیاری كردنی كاتێك بۆ عیبادەتێك كە ئەو كاتە جێگەی ئەو عیبادەتە نەبێ و شەرع دیاری نەكردبێ، چونكە ئەصڵ لە عیبادەتی نوێژ و ڕۆژوو ئەوەیە كە شەرعیە و درووستە، بەڵام كاتەكانی پێویستی بە بەڵگەیەكی شەرعی هەیە، وەكو نوێژی سوننەتی پێش نوێژی جومعە كە (بیدعە)یە.
شەشەم : هۆكارەكانی درووست بوونی بیدعە
1/ نەزانینی سوننەت و زانستی زاراوەی فەرموودە - علم مصطلح الحديث -، كە بووەتە هۆی جیانەكردنەوەی فەرمودەی (صحیح) و (ضعیف) لە لایەن زۆربەی موسڵمانانەوە.
2/ كەسانێك بوونەتە موفتی، و پرس و ڕای شەرعیان پێ دەكرێت، و دەرس بە خەڵكی دەڵێنەوە كە عیلمی شەرعیان پێ نیە، و بە حەزوو ئارەزووی خۆیان فەتوا دەدەن.
3/ زۆر خوو و نەریت - عادات - كراون بەدین و شەرع، بەبێ هیچ بەڵگەیەكی ڕاست لە قورئان و سوننەتدا، وەكو كۆڕی تەعزیە دانان و بیدعەی ڕەش بینی بەرامبەر مانگی سەفەر و زۆر شتی تریش.
4/ شـوێن كـەوتنی كوێرانـەی زۆربـەی خەڵك بۆ كەسانێك كە بە مەعصوم و پیاو چاكیان دادەنێن و هەرچی ئەوان بیكەن ئەمان بە دین و شەرعی دەزانن، ئەگەر پێچەوانەی قورئان و فەرموودەی صەحیحی پێغەمبەریش بێت ﷺ.
5/ شوێن كەوتن هەندێك كەسی بەناو زانا بۆ ئەو ئایەت و فەرمودانەی كە لە ڕواڵەتدا شوبهەیان تێدایە، (متشابه)ن و چەند تەفسیرێك هەڵدەگرن، و خەڵكی پێدەخەنە گومانەوە و گومڕایان دەكەن.
حەوتەم : چۆن خۆمان لە بیدعە بپارێزین
بۆ خۆپاراستن لە بیدعەكان پێویستمان بەوەیە چەند ڕێو شوێنێك بگرینە بەر:
یەكەم: بزانین سوننەتی ڕاستی پێغەمبەر ﷺ چیە، پاشان شوێنی بكەوین.
دووەم: هەموو بیدعەكان بە گەورە و بچوكەوە بزانین، بۆ ئەوەی خۆمانی لێ بپارێزین و تێی نەكەین و گومڕا نەبین، چونكە هەركەسێك نەزانێت خراپە چیە و چۆنە، بێگومان تێی دەكەوێت .
هەشتەم : چۆنێتی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ بیدعەچییەكاندا
سەردان و دانیشتن لەگەڵ بیدعەچییەكان حەرامە مەگەر بە نیازی نەصیحەت و ئامۆژگاری و ئینكاری لەسەر كردنی نەبێت، چونكە تێكەڵاوی بیدعەچییەكان كاریگەری خراپی هەیە لەسەر دەوروبەرەكەی و دەردەكەی بڵاودەبێتەوە بۆ جگە لە خۆی، وە پێویستە خەڵكیان لێ ئاگادار بكرێتەوە لە خۆیان و لە خراپەكانیان ئەگەر نەتوانرا دەستیان بگیرێت و ڕێگریان لـێبكرێت لە بیدعە ئەنجامدان
نۆیەم : كاتی سەرهەڵدانی بیدعەكان
شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە ڕەحمەتی خوای لێبێت فەرمویەتی: (بزانە سەرجەم بیدعەكان لە بارەی زانستەكان و پەرستنەكانیشدا دەربارەی ـ قەدەر ـ و ئەوانەی جگەلەویش لە كۆتایی فەرمانڕەوایی خەلیفە ڕاشیدینەكانەوە دروست بوون، هەر وەكو چۆن پێغەمبەر ﷺ هەواڵی پێ داوین و فەرمویەتی: (مَنْ يَعِشْ مِنْكُمْ بَعْدِي، فَسَيَرَى اخْتِلافاً كَثِيراً فَعَلَيكُمْ بِسُنَّتيِ وَسُنَّةِ الخُلَفاءِ الرّاشِدِينَ مِنْ بَعْديِ) مجموع الفتاوى : (10/354) .
وە یەكەم بیدعە كە داهێنرا لە ئیسلامدا بیدعەی (قەدەر) بوو پاشان بیدعەی (ئیرجاء ) پاشان (شیعەگەرێتی) پاشان (خەوارج) ، ئەم بیدعانە لە سەدەی دووەمدا داهێنران، هەرچەند صەحابەكان هەندێكیان مابوون و بەرپەرچی ئەمانەیان دایەوە، پاشان بیدعەی (ئیعتزال) داهێنرا و ئاژاوە و فیتنە كەوتە نێوان موسوڵمانانەوە، وە جیاوازی بۆچونەكان پەیدا بوو ، هەندێكیان شوێنی ئارەزوو بیدعەكان كەوتن، پاشان بیدعەی (سۆفیگەرێتی) پەیدابوو ، وە دەست كرا بە دروست كردنی بیانایە لە سەر گۆڕەكان و هەڵبەستنیان، وە گرنگیدان بە ڕازاندنەوەی گۆڕستانەكان لە دوای سێ سەد ساڵە چاكەكە، ئا بەم شێوەیە لەگەڵ ڕۆیشتنی كاتدا بیدعە و داهێنراوەكان زۆر و هەمە چەشنە بوون.
دەیەم : زیانەکانى بیدعە
بەڕاستی بیدعە و شت داهێنان گەیەنەرە بە كوفر و بێ باوەڕی، ئەویش زیادكردنی شتێكی دینییە كە خوا و پێغەمبەرەكەی ﷺ دایان نەناوە، وە بیدعە زۆر خراپترە لە سەرپێچی و تاوانی گەورە، وە شەیتانیش بە بیدعە زیاتر دڵخۆش دەبێت تا تاوانە گەورەكان، چونكە تاوانكار كە تاوان ئەنجام دەدات خۆی دەزانێت تاوانی ئەنجام داوە و لەوانەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان پەشیمان بێتەوە و تەوبەی لێ بكات، بەڵام بیدعەچی كە بیدعە ئەنجام دەدات ئەو كارە داهێنراوە بە دین دەزانێت و باوەڕی وایە كە بەشێكە لە دین و پێی نزیك دەبێتەوە لە خوا بۆیە تەوبە لـێناكات.
وە بیدعەكان سوننەتەكان لە ناودەبەن ، وە بیدعە وا دەكات لە بیدعەچییەكان كەوا ڕقیان بێت لە ئەنجامدانی سوننەتەكان و ئەهلی سوننە، وە بیدعە مرۆڤـ لە خوای گەورە دوور دەخاتەوە، وە دەبێتە مایەی تووڕەیی و سزای خوای گەورە، وە دەبێتە هۆی لاڕێبوونی دڵەكان لەسەر ڕێگای ڕاست و گەندەڵ بوونیان.
تێبینى : سود لە کتێبی (بیدعە : پێناسەكەی و جۆرەكانی و ئەحكامەكانی شێخ صالح الفوازن حفظه الله) وەرگیراوە لەگەڵ نوسینێکى مامۆستا (عدنان بارام) کە لە گۆڤاری (ڕێگای ڕاست) دا بڵاوی كردووەتەوە .