بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا کۆمەڵە ئامۆژگاریەک پێشکەش بە خوشکان و ئافرەتانى بەڕێز دەکەین بۆ ئەوەى لەكاتی چوونە بازاڕدا جێ بە جێى بکەن، و داواكارین لەخوای گەورە كە ئەوەی دەیخوێنێتەوە سوودی پێ بگەیەنێت و كاریگەری هەبێت، و پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكەن وجێ بەجێی بكەن، چونكە لە سزای خوا دەتانپارێزێت، و هەم ڕەوشت وئاكارتان قورس وسەنگین دەبێت ودینتان سەلامەت دەبێت، هەمیش پاداشتت دەدرێتەوەو خێرتان بۆ دەنووسرێت.
1- خوشكم بزانە كە بازاڕەكان خراپترین شوێنی زەوین بەلای خوای گەورەوە لەبەر فەرموودەكەی پێغەمبەر (ﷺ) كە دەفەرموێت [ أحَبُّ الْبِلادِ إِلَى اللَّهِ عَزَّ وَجَلَّ مَسَاجِدُهَا، وَأَبْغَضُ الْبِلادِ إِلَى اللَّهِ عَزَّ وَجَلَّ أَسْوَاقُهَا] واتە: خۆشەویستترین شوێن وجێگا بەلای خواوە مزگەوتەكانەو بێزراوترین شوێنیش بازاڕەكانە.
2- بازاڕ شوێنێكە كە شەیتانەكان تێیدا كۆ دەبنەوە، چونكە سەلمانی فارسی (ڕەزای خوای لێبێت) دەڵێت " ئەگەر توانیت هەوڵ بدە یەكەم كەس مەبە كە دەڕۆیتە بازاڕەوەو دوایەمین كەسیش مەبە كە لێی دێیتە دەرەوە، چونكە بازاڕ شەڕگەی شەیتانەكانە وئاڵای تێیدا هەڵ دەدات".
3- ئەی خوشكی بەڕێزم ئەگەر لەبەر پێویستیەكی زۆر گرنگ نەبێت مەچۆ بۆ بازاڕ.
4- ئەو شت ومەكانەی كە دەتەوێت دیاری بكە پێش چوونە بازاڕت، وە ئەگەر تەواویش بوویت لە كڕینی ئەو شتانە بەبێ دواكەوتن بگەڕێوە ماڵەوە.
5- ووریابە لەگەڵ بەسەربردن وبەفیڕۆچوونی كاتەكانت لە بازاڕدا.
6- خۆت بەتەنها هەرگیز مەچۆ بۆ بازاڕ، چونكە خراپەكاران چاوت تێ دەبڕن.
7- هەرگیز لەگەڵ شۆفێرێكی نامەحرەم بەتەنها سواری ئۆتۆمبیل مەبە چونكە ئەوە بەتەنها كەوتنی حەرامە، وە لەبەر فەرموودەكەی پێغەمبەر(ﷺ) كە دەفەرموێت: [ لَا يَخْلُوَنَّ رَجُلٌ بِامْرَأَةٍ إِلَّا ومَعَهَا ذُو مَحْرَمٍ ] واتە: هەرگیز پیاوێك بەتەنها نەكەوێت لەگەڵ ئافرەتێكدا مەگەر لەگەڵ مەحرەمێكدا نەبێت.
8- پابەندبە بە حیجابی ئیسلامی (عابا) و بەڕێزو سەنگینیەوە بچۆرە ناو بازاڕەوە، چونكە بازاڕەكان شوێنانێكن كە زۆربەی خراپكارو خاوەن دڵە نەخۆشەكان تێیدا كۆدەبنەوە.
9- سووربە لەسەر خوێندنی دوعای بازاڕ، چونكە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: [مَنْ دَخَلَ السُّوقَ فَقَالَ: لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ، وَهُوَ حَيٌّ لَا يَمُوتُ، بِيَدِهِ الْخَيْرُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، كَتَبَ اللَّهُ لَهُ أَلْفَ أَلْفِ حَسَنَةٍ وَمَحَا عَنْهُ أَلْفَ أَلْفِ سَيِّئَةٍ وَرَفَعَ لَهُ أَلْفَ أَلْفِ دَرَجَةٍ ] واتە: ئەوەی بچێتە بازاڕو ئەم دوعایە بخوێێنێت: [لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، يُحْيِي وَيُمِيتُ، وَهُوَ حَيٌّ لَا يَمُوتُ، بِيَدِهِ الْخَيْرُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ] ، ئەوا خوای گەورە هەزار هەزار چاكەی بۆ دەنووسێت وهەزار هەزار خراپەی لێ دەسڕێتەوەو هەزار هەزار پلە بەرزی دەكاتەوە.
10- چاوت داخە لەئاست پیاوی نامەحرەم، چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: [وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ] واتە: بەژنانی باوەڕدار بڵێ: با چاویان دابخەن لە تەماشای نامەحرەم وعەورەتیشیان بپارێزن لە گوناه.
11- ووریابە لەوەی بۆنی خۆش بەكاربهێنی، چونكە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: [أَيُّمَا امْرَأَةٍ اسْتَعْطَرَتْ فَمَرَّتْ عَلَى قَوْمٍ لِيَجِدُوا مِنْ رِيحِهَا فَهِيَ زَانِيَةٌ ] واتە: هەر ئافرەتێك خۆی بۆن خۆش بكات وپاشان دەربچێت وبەلای كۆمەڵە پیاوێكدا تێپەڕبێت بۆ ئەوەى بۆنەكەی بێت بەسەریاندا ئەوا ئافرەتەكە زیناكارە.
12- پرسیار لە شتێك مەكە پەیوەندی پێتەوە نەبێت و جێی گرنگی تۆ نەبێت، چونكە لەچاكێتی موسڵمانێتی مرۆڤەوەیە كە واز لەشتێك بهێنێت پەیوەندی پێیەوە نەبێت.
13- زۆر ووریابە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ فرۆشیارانداو بەلەنـجەو نەرمیەوە قسە مەكە، وە زۆر بەلای چەپ وڕاستتدا لا مەكەرەوە، خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [فَلا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ فَيَطْمَعَ الَّذِي فِي قَلْبِهِ مَرَضٌ وَقُلْنَ قَوْلاً مَعْرُوفاً] واتە: لەگەڵ نامەحرەمدا قسە بەنەرمی وناسكی ونازەوە مەكەن، واتە لەكاتی گوفتارتاندا دەنگتان نەرم وناسك مەكەن لەگەڵیاندا نەوەكو ئەو كەسەی كە دڵی نەخۆشە تەماح بیگرێ وبورووژێت ئەبێ ئێوە هەمیشە قسەی چاك و شیاو بكەن.
14- قسە درێژمەكەرەوەو بابەت مەكەرەوە لەگەڵ فرۆشیارەكاندا.
15- هەرگیز بەتەنها نەكەویت لەگەڵ دوكاندارو فرۆشیارەكاندا لە دووكان وجێگای مەخزەن وشوێنی تر، چونكە ئافرەتی بڕوادار خۆی دەپارێزێت لە شوێنی گوماناوی چ جای شوێنێكی حەرام، كەبە دڵنیاییەوە بەرەو حەرامیش دەتبات.
16- كاتی گونجاو هەڵبژێرە بۆ چوونە بازاڕت.
17- شتی زیاد لە پێویستیش مەكڕە، چونكە ئیسراف وزیادەڕۆییەو نیشانەی پشتگوێ خستنی نیعمەتی خوای گەورەیەو لەكاروكردەوەی شەیتانەكانە.
18- شوێنی داب ونەریت وشتی مۆدێرن وتازەباوی ناشیاوو نادروست مەكەوە، چونكە ئافرەتی موسڵمان تایبەتمەندی خۆی هەیە.
19- ببە بەسەرمەشق و مامۆستایەكی چاولێكار بۆ دەوروبەرت و خوشكانت لە قسەوگوفتارو ڕێكردن و دیمەن و هەڵسوكەوتت.
20- ئەگەر كەلو پەلێكی ماڵت پێویست بوو ئەوا دەتوانی بە مێردەكەت یا براكەت یان باوكت بڵێی و مەرج نیە بۆ هەموو شتێكی بچووك سەردانی بازاڕ بكەیت ئیللا مەگەر شتانێك نەبێت كە تایبەت بێت بە ئافرەتانەوەو ئەوان نەتوانن یان نەزانن بۆت بكڕن وەكو جلو بەرگ و....
خــــــــوای گــەورە بـــتپارێـــزێــــت
خـوای میهرەبان هەمووان سەركەوتووبكــات.
بەو خوایەتان دەسپێرم كە سپاردە زایە ناكات
ستافى وەڵامەکان