حوكمى سوێند خواردن چى یە بە جگە لە خواى گەورە؟ وەكو كەسێك كە بڵێت: بە پێغەمبەر، بەژیانت، بەشەرەفم، بەم رزقە، وهاوشێوەى ئەمانە، وەكاتێك بەرهەڵستى لێ بكەین لەوەڵامدا دەڵێت: ئەمە شتێكە زۆر بە ئاسانى وەرمان گرتووەو لەسەرى ڕاهاتوین.
ئەگەر سوێند خۆرەكە باوەڕى وا بێت كە سوێند پێ خوراوەكە لەپلەو پایەدا وەكو خواى گەورەیە، ئەوا هاوبەش بڕیاردانى گەورەیەو پێی دەبێت بە هاوبەش بڕیاردەرى گەورە، وەئەگەر باوەڕى وانەبێت وبەگەورە زانینى سوێند پێ خوراوەكە لە دڵیدا واى لێ كردبێت كە سوێندى پێ بخوات بەبێ ئەوەى باوەڕى وا بێت كە لە پلەو پایەدا وەكو خواى گەورەیە ئەمایان هاوبەش بڕیاردانى بچوكەو پێی دەبێت بە هاوبەش بڕیاردەرى بچوك، چونكە پێغەمبەر(ﷺ) دەفەرمێت: [ مَنْ حَلَفَ بِغَيرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أو أشْرَكَ ] ((رواه الترمذي، وصححه الشيخ الألباني في إرواء الغليل، رقم: 2561).)
واتە: هەركەسێك سوێند بخوات بە جگە لە خواى گەورە ئەوا بەجەخت لەسەر كراوى یەوە كوفرى كردووە، یاخود هاوبەشى بۆ خواى گەورە بڕیارداوە.
وە پێویستە بەرهەڵستى بكرێت لەهەر كەسێك كە تەبەڕوك دەكات بە گۆڕ، یاخود سوێند دەخوات بە جگە لەخواى گەورە، وە دەبێت بۆیان ڕوون بكرێتەوە كە ئەم كارانەى لەسزاى خواى گەورە رزگارى ناكەن.
وەكە دەڵێت: ئەمە شتێكە زۆر بە ئاسانى وەرمان گرتووە ولەسەرى ڕاهاتوین، ئەم گومانە گومانى ئەو هاوبەش بڕیاردەرانەیە كە پێغەمبەرانیان بەدرۆ دەخستەوەو دەیان ووت:
[ إِنَّا وَجَدْنَا آَبَاءَنَا عَلَى أُمَّةٍ وَإِنَّا عَلَى آَثَارِهِمْ مُقْتَدُونَ ] [ الزخرف: 23 ] . واتە: ئێمە باوك و باپیرانى خۆمان لەسەر جۆرە پەرستنێك بینیوە، وە ئێمە شوێنى شوێنەوارى ئەوان دەكەوین، پێغەمبەریش(ﷺ) پێیانى فەرموو:
[ قَالَ أَوَلَوْ جِئْتُكُمْ بِأَهْدَى مِمَّا وَجَدْتُمْ عَلَيْهِ آَبَاءَكُمْ قَالُوا إِنَّا بِمَا أُرْسِلْتُمْ بِهِ كَافِرُونَ ] [ الزخرف: 24 ] .
واتە: ئایا ئەو دینەى كەمن بۆتانم هێناوە لەلایەن خواى گەورەوە هیدایەت دەرترو ڕێنمونى كەر تر نى یە لەوەى كە لە باوك وباپیرانتانەوە بۆتان بەجێ ماوە؟ ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان: ئەوەى كە تۆ هێناوتەو تۆى پێ نێردراوى ئێمە پێی كافرو بێ باوەڕین وبەرهەڵستى دەكەین. خواى گەورەیش دەفەرمێت:
[ فَانْتَقَمْنَا مِنْهُمْ فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُكَذِّبِينَ ] [ الزخرف: 25 ] . واتە: ئێمە تۆڵەى بەدرۆخستنەوەى پێغەمبەر(ﷺ) وشوێن نەكەوتنى ولاسایى كردنەوەى كوێرانەى باوك و باپیرانیانمان لێ سەندن، دەى تەماشا بكەو بزانە سەرەنجامى بەدرۆخەرەوانى پێغەمبەر(ﷺ) چۆن بوو. وەحەڵاڵ نى یە بۆ هیچ كەسێك بەڵگە بۆ بەتاڵەكەى بهێنێتەوە بەوەى كە باوك وباپیرانى لەسەرى دیوە ولەوانەوە بۆى ماوەتەوە، یاخود داب ونەریتى ئەو وایە، وهاوشێوەى ئەمانە، وە ئەگەر ئەم شتانە بكات بەبەڵگە ئەوا بەڵگەكانى لاى خواى گەورە پوچەڵ وبێ بنەمایە وهیچ سودى پێ ناگەیەنێت، وە ئەو كەسانەى كە توشى ئەم شتە بوونە پێویستە تۆبە بكەن وبگەڕێنەوە بۆ لاى خواى گەورە وشوێنى حەق بكەون لە هەر كوێ یەك بوو، وە لەهەر كەسێكەوە بوو، وەلەهەر كاتێكدا بوو، وەداب و نەریتى نەتەوە وگەلەكەیان یاخود لۆمەى كەسە نەزانەكانیان وایان لێ نەكات كە حەق وەرنەگرن، چونكە مرۆڤى باوەڕدارى ڕاستەقینە ئەوەیە كە لۆمەى لۆمەكەران وبەربەستەكان نایگەڕێنێتەوە لە دینى خوا.
خواى گەورە هەموو لایەك سەركەوتوو بكات بۆ هەموو شتێك كە ڕەزامەندى خۆى تێدا بێت، وەبمانپارێزێت لە هەموو شتێك كە توڕەبوون وسزاى خۆى تێدا بێت((فتاوى وأذكار لإتحاف الأخيار، ص10-11).).
پرسیارى دووەم : حوكمى سوێند خواردن چى یە بە جگە لە خواى گەورە؟ لەگەڵ ئەوەى كە لێوەى گێڕدراوەتەوە كە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى: [ أفلح وأبيه إن صدق ] (سنن أبي داود: 1/107، 3/223، قال الشيخ الألباني شاذ بزيادة وأبيه).. واتە: سوێند بێت بە باوكى سەرفراز بوو ئەگەر ڕاست بكات.
وەڵام / سوێند خواردن بە جگە لەخواى گەورە، وەكو كەسێك بڵێت: بەژیانت، یاخود بە ژیانم، یاخود سوێند بێت بەسەرۆك، یاخود بەگەل، هەموو ئەمانە حەرامە، بەڵكو لە هاوبەش بڕیاردانن، چونكە ئەم جۆرە بەگەورە زانینە دروست نى یە بۆ جگە لە خواى گەورە، وەهەركەسێك جگە لە خواى گەورە بە گەورە بزانێت كە تەنها بۆ خواى گەورە بگونجێت ئەوە هاوبەش بڕیاردانە.
بەڵام لەبەر ئەوەى سوێند خۆر باوەڕى وانى یە كە گەورەیى سوێند پێ خوراو وەكو گەورەیى خواى گەورە وایە، ئەمە نابێت بە هاوبەش بڕیاردانى گەورە، بەڵكو هاوبەش بڕیادانى بچوكە، بۆیە هەر كەسێك سوێندى خوارد بە جگە لە خواى گەورە ئەوا هاوبەشى بۆ خواى گەور داناوە هاوبەش دانانێكى بچوك.
پێغەمبەر ﷺ دەفەرمێت: [ لا تَحْلِفُوا بِآبائِكُمْ، مَنْ كَانَ حَالِفاً فَلْيَحْلِفْ بِاللهِ أو لِيَصْمُتْ ] (متفق عليه، وانظر: صحيح الترغيب والترهيب: 3/ 2951).. واتە: سوێند بەباوك وباپیرانتان مەخۆن، وەهەركەسێك ویستى سوێند بخوات ئەوا با بە خواى گەورە سوێند بخوات، یاخود بێ دەنگ بێت وسوێند نەخوات. وەدەفەرمێت: [ مَنْ حَلَفَ بِغَيرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أو أشْرَكَ ] (رواه الترمذي، وصححه الشيخ الألباني في إرواء الغليل، رقم: 2561).
واتە: هەركەسێك سوێند بخوات بە جگە لە خواى گەورە ئەوا بەجەخت لەسەر كراوى یەوە كوفرى كردووە، یاخود هاوبەشى بۆ خواى گەورە بڕیارداوە.
بۆیە سوێند مەخۆ بە جگە لە خواى گەورە ئەگەر سوێند پێ خوراوەكە هەر كەسێك بوو، تەنانەت ئەگەر پێغەمبەریش بوو یاخود جبریل بوو یاخود لەوان پلەو پایەى نزمتر بوو، لە پێغەمبەران یاخود فریشتەكان یاخود لە مرۆڤەكان، یاخود لە خوار پێغەمبەرانەوە، سوێند مەخۆ بە هیچ كەس و شتێك جگە لە خواى گەورە.
بەڵام فەرموودەكەى پێغەمبەر (ﷺ) كە دەفەرمێت: [ أفلح وأبيه إن صدق ]
دەربارەى ئەم وشەیە(وأبیه) واتە: سوێند بە باوكى، فەرمودەناسان بۆچونیان جیاوازە، هەیانە بەرهەڵستى لێ كردووەو ووتویەتى بە صەحیحى لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) نەهاتووە، بە گوێرەى ئەم بۆچونە هیچ ئاڵۆزى یەك لەم بابەتەدا نى یە، چونكە تۆ كاتێك باسى شتێك دەكەیت و وەڵامى دەدەیتەوە دەبێت ئەو شتە بوونى هەبێت، وەئەگەر بوونى نەبوو ئەوا بەرگرى پێ ناكرێت وئاوڕى لێ نادرێتەوە.
وەئەگەر بڵێن ئەم وشەیە(وأبیه) جێگیرە، ئەوا وەڵامەكەى بەم شێوەیەیە:
ئەم وشەیە ئاڵۆزو نادیارە(مشكل)ە، وسوێند خواردن بە جگە لە خواى گەورە ئاشكرایە(محكم)، واتە: (محكم) و(متشابه) مان هەیە، وە ڕێگاى زانا دامەزراوەكان لە زانیاریدا وایە كە واز لە(متشابه) بهێنن و (محكم) وەربگرن وكارى پێ بكەن، خواى گەورە دەفەرمێت: [ هُوَ الَّذِي أَنْزَلَ عَلَيْكَ الْكِتَابَ مِنْهُ آَيَاتٌ مُحْكَمَاتٌ هُنَّ أُمُّ الْكِتَابِ وَأُخَرُ مُتَشَابِهَاتٌ فَأَمَّا الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِمْ زَيْغٌ فَيَتَّبِعُونَ مَا تَشَابَهَ مِنْهُ ابْتِغَاءَ الْفِتْنَةِ وَابْتِغَاءَ تَأْوِيلِهِ وَمَا يَعْلَمُ تَأْوِيلَهُ إِلَّا اللَّهُ وَالرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ يَقُولُونَ آَمَنَّا بِهِ كُلٌّ مِنْ عِنْدِ رَبِّنَا ] [ آل عمران: 7 ] .
واتە: خواى گەورە ئەو خوایەیە كە ئەو قورئانەى دابەزاندۆتە سەرت ئەى محمد(ﷺ) لە قورئاندا هەندێك لە ئایەتەكانى (محكم)ن، واتە: (یەك ڕاڤە كردنیان هەیە، وە ماناكەیان دیارەو ئاشكرایە، وە بوارى گۆڕینى ماناو لادان و شاردنەوەو دوو دڵى تێدا نى یە)، كە ئەم ئایەتانە بنچینەى قورئانن و پشتیان پێ دەبەسترێت، وئەو ئایەتانەى پێچەوانەیان بێت دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەم ئایەتانە، وە هەندێك ئایەتى ترى قورئان (متشابه)ن، واتە: (زیاتر لە یەك ڕاڤەكردنیان هەیە، وە بوارى گۆڕینى ماناو لادانء شاردنەوەیان هەیە)، فەرمانمان پێ كراوە بە باوەڕهێنان بە ئایەتى (متشابە)و ئیش كردن بە ئایاتى (محكم) بەڵام ئەوانەى لادان لە حەق لەدڵیاندایە شوێنى ئایەتى متشابە دەكەون، وە گومان بۆ باوەڕداران دروست دەكەن و دەیكەن بە بەڵگە بۆ ئەو بیدعەیەى كە خۆیان لە سەرین كە مەبەستیان ئەوەیە خەڵكى تووشى فیتنە بكەن لە دینەكەیانداو دڵیان تێك بدەن، وە مەبەستیان ڕاڤە كردنێتى بەو شێوەیەى كە خۆیان دەیانەوێت و بگونجێت لەگەڵ ڕێگە خراپەكەیاندا لە كاتێكدا هیچ كەسێك لە ڕاڤەكردنەكەى نازانێت تەنها خواى گەورە نەبێت، وە ئەوانەى كە دامەزراون لە زانستدا دەڵێن باوەڕمان پێی هەیە هەمووى لە لایەنى پەروەردگارمانەوەیە.
وەكە دەڵێین (متشابه)ە، ماناى وایە ئەگەرێكى زۆرى هەیە، لەوانەیە ئەمە پێش قەدەغە كردنى بێت، وەلەوانەیە تایبەت بێت بە پێغەمبەرەوە(ﷺ) لەبەر دوورى هاوبەش بڕیاردان لە حەقى ئەودا، وەلەوانەیە ئەمە لەو شتانە بێت كەبەسەر زماندا هاتبێت بەبێ مەبەست، وە لەبەر ئەوەى ئەم ئەگەرانە هەموو هەن لەسەر ئەم وشەیە(وأبیه) ئەگەر صحيح بێت لە پێغەمبەرەوە(ﷺ) ئەوا پێویستە لەسەرمان(محكم) ەكە وەربگرین وكارى پێ بكەین كە بریتى یە لە قەدەغە كردنى سوێند خواردن بە جگە لە خواى گەورە. بەڵام لەوانەیە هەندێك لە خەڵكى بڵێن: سوێند خواردن بە جگە لە خواى گەورە دێتە سەر زمانى و قورسە لەسەرى كە وازى لێ بێنێت، وەڵامى ئەمە چى یە؟
دەڵێین: ئەمە ناكرێتە بەڵگە بەڵكو كۆششى نەفسى خۆت بكە لەسەر واز هێنان و دەرچون لێى.
وەلە یادمە جارێكیان بەرهەڵستیم لە پیاوێك كرد كە بڵێت: بە پێغەمبەر(ﷺ)، ئەویش دەربارەى شتێك قسەى لەگەڵمدا دەكرد ووتى: بە پێغەمبەر (ﷺ) ناگەڕێمەوە سەرى.
ئەم ووتنەى لەسەر ئەو بنچینەیە بوو كە دووپاتى بكاتەوە كە ناگەڕێتەوە سەر سوێند خواردن بە پێغەمبەر(ﷺ)، بەڵام هاتە سەر زمانى، دەڵێین هەوڵ بدە ئەوەندەى لە تواناتدا هەیە ئەم ووشەیە لەسەر زمانت بسڕەرەوە، چونكە هاوبەش بڕیاردانە، وە هاوبەش بڕیاردانیش ترسناكى یەكەى زۆر گەورەیە هەرچەندە ئەگەر بچوكیش بێت، تا شێخ الإسلام إبن تيمية (رەحمەتى خواى لێ بێت) دەفەرمێت: (هاوبەش بڕیاردان خواى گەورە لێى خۆش نابێت ئەگەر بچوكیش بێت).
وە إبن مسعود(خواى لێ ڕازى بێت) دەفەرمێت: [ لانْ أَحْلِفَ باللهِ كاذِباً أَحَبُّ إليَّ مِنْ أَنْ أَحْلِفَ بِغَيرِهِ صَادِقاً ] (صححه الشيخ الألباني في: إرواء الغليل: 8/ 2562).. واتە: ئەگەر سوێند بخۆم بەخواى گەورە بە درۆ لام خۆش ترە لەوەى كە سوێند بخۆم بە جگە لە خواى گەورە بەڕاستى.
شێخ الإسلام إبن تيمية (رەحمەتى خواى لێ بێت) دەفەرمێت: (چونكە تاوانى هاوبەش بڕیاردان گەورەترە لە تاوانى گەورە)((فتاوى مهمة لعموم الأمة: ص68-71).).
زاناى پایەبەرز الشیخ محمد بن صالح العثيمين(رحمه الله)
كۆكردنەوەو وەرگێڕانى م/ صلاح الدین عبدالكریم