بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
براى بەڕێزم
پرۆستات گلاندێكى ڕیشاڵەیی هۆرمۆنى یە شوێنەكەى لە دەوروبەرى بۆرى میزەوە لە ملى میزڵدانەوە لە پیاواندا. ئەم گلاندە گیراوەیەك دەڕژێنێت بۆ ئاسانكردنەوەى جموجۆڵى تۆماوى پیاو باشە لە كاتى ڕشانەوەى تۆماو لە كاتى جووتبووندا. ئەم گلاندە تووشى چەند نەخۆشى یەك دەبێت وەكو:
یەكەم / هەوكردنى پرۆستات بەهۆى چەند هۆكارێك ڕوودەدات:
1- تووشبوون بە میكرۆب لە كۆئەندامى میزەوە كە دەبێتە هۆى هەوكردنى برۆستات و دەركەوتنى ئەم نیشانانە:
أ- هەست كردن بە سەرما و تاى بەرز.
ب- ئازار لە خوارەوەى سك و ڕیخۆڵە.
ت- زۆر میزكردن و نارەحەتى لەكاتى میزكردندا.
پ- هەست بە سووتانەوە دەكرێت لە كاتى میزكردندا.
ج- زۆر جار تووشبوون بە هەوكردنى هەردوو گون و دەوروبەرى.
2- نەخۆشى ئەندامى زاوزێ ى گواستراو كە لە تەمەنى خوارەوەى 35 ساڵان
بڵاودەبێت وەكو سەیەلان و جۆرەكانى دیكەى نەخۆشى جنسى ئەم جۆرە نیشانانە دەردەكەوێت لەم حاڵەتە:
أ- هەست كردن بە سەرما و تاى بەرز.
ب- ئازار لە بەشى خوارەوەى پشت و سەرەوەى ئێسقانى ئەندامى جووتبوون و خوارەوەى حەوز.
ت- ئازار و سوتانەوە لە كاتى میزكردندا لەگەڵ نەتواناى خالى كردنى میزڵدان لە میزەوە.
پ- نەتواناى كۆنترۆڵكردنى نەهێشتنى میزكردن لە كاتى پڕبوونى میزڵداندا.
ج- ئازار لە كاتى دەرچوونى پیسایی لە ڕیخۆڵەدا.
3- نەشتەرگەرى بۆرى ئەندامى جووتبوونى نێڕینە و ناظورى میزڵدان و بەستنى دەرەوەى میزڵدان كە دەبێتە هۆى تووشبوون بە هەوكردنى میكرۆبى لە پرۆستات، هەروەها جۆر و ڕێژەى ئەو میزە كە لە میزڵدانەوە دەردەچێت دەبێتە هۆكارێك بۆ هەوكردنى پرۆستات.لە نیشانەكانى ئەم حاڵەتە:
أ- ئازار لە شوێنى دەرچوونى پیسایی و لە سەرەوەى ئەندامى جووتبوون و لە هەردوو گون و خوارەوەى پشت و بۆرى ئەندامى جووتبوون و دەوروبەرى.
ب- دووبارە بوون و سوتانەوە لە كاتى میزكردندا.
ت- كەم دەرچوونى میز لەگەڵ ئازار و خوێن و بۆنێكى نائاسایی.
ج- ئازار لە كاتى ڕشانەوەى تۆماو لەگەڵ خوێندا.
ح- ئازار لە كاتى دەرچوونى پیسایی.
هەوكردنى پرۆستات زۆر جار لە تەمەنى 20 تا 35 ساڵان ڕوودەدات لە نێوان ئەو گەنجانەن كە جووتبوون ئەنجام دەدەن بە شێوەیەكى ناسایی (شاذ) و ناشەرعى.
دووەم/ هەوكردنى پرۆستاتى درێژخایەن: ئەمەش بۆ ماوەیەكى زۆر دەمێنێت و هۆكارەكەى دووبارە تووشبوونە بە جۆرەكانى میكرۆباتەوە، ئەمەش بە هۆى خواردنەوەى مەى و بڕین لە شوێنى دەرچوونى پیسایی و جووتبوونى ناشەرعى و ناسایی (شاذ) زیاد دەكات. لە نیشانەكانى ئەم حاڵەتە:
أ- دووبارە تووشبوون بە هەوكردنى بۆریەكانى میزڵدان.
ب- ئازارى بەشى خوارەوەى پشت و دەوروبەرى حەوز و گون و شوێنى پیسایی كردن (كۆم).
ت- ئازار و سوتانەوە لە كاتى میزكردندا.
پ- ئازار لە كاتى ڕشانەوەى تۆماو یان لە كاتى پیسایی كردندا.
ج- تا و دووبارە میزكردنى خوێناوى و میزە چركێ و زۆرى كاتى ئەنجامدانى میزكردندا.
سێیەم/ هەڵاوسانى پرۆستات: ئەمەش لە تەمەنى دواى 50 ساڵانەوە دەردەكەوێت بەهۆى هەوكردنى پرۆستات یان هەڵاوسانێكى ئاسایی یان شێرپەنجەیی لە شانەكانى ڕوودەدات.
ئەگەر جووتبوون لەم تەمەنەدا زۆر بوو و كاتەكانى رێك نەبوو دەبێتە هۆكارێك بۆ هەڵاوسانى ئاسایی لە پرۆستاتەوە چونكە پێویستە لەم گلاندە ئیشى زیاتر بكات لەم تەمەنەدا بۆ هەڵكردن و ڕشانەوەى تۆماو لە كاتى جووتبووندا ئەگەر كاتەكانى زۆر بوون و ڕێك نەبوون كە دەبێتە هیلاكى یەك لەسەر ئەم گلاندە و هەڵاوسانى بە شێوەیەكى ئاسایی. هەروەها لە تەمەنى گەورە دەبینین ڕێژەى هۆرمۆنەكان تێكدەچن و دەبنە هۆكارێك بۆ هەڵاوسانى پرۆستات و دروست بوونى پارچەیەكى ڕیشاڵەیی لەم گلاندە و دەوروبەرى بۆرى میزەوە دەگرێت لەگەڵ هەڵاوسانى پرۆستات و تەسككردنەوەى بۆرى میزەوە لەسەرەوەى میزڵدان. ڕێژەى تووشبووان لە پیاواندا بە نەخۆشى پرۆستات 8% لە تەمەنى 31 تا 41 ساڵ، و 50% لە تەمەنى 51 تا 60 ساڵ، و زیاتر لە 80% لە تەمەنى 80 ساڵانە. لە دواى هەڵاوسانى پرۆستات دەبێتە هۆى بەستنى ملى میزڵدان Prostatism كە دەبێتە هۆى بەستنى بۆرى میزەوە و كەم دەرچوونى میز لەكاتى میزكردندا و ئەمەش جگە لە هۆكارى پرۆستات دەبێت بزانین هۆكارەكانى دیكەى ئەم حاڵەتە وەكو:
1- هەڵاوسانى پرۆستات.
2- بەردى میزڵدان.
3- دروست بوونى زیبكەى ناو بۆرى میزەوە.
4- هەڵاوسانى میزڵدان.
5- هەڵاوسانى منداڵدان و ملى منداڵدان (لە ئافرەتان) و هەڵاوسانى پرۆستات و ڕیخۆڵە (لە پیاوان).
6- نەخۆشى گورچیلە.
واتە نیشانەكانى بەستنى بۆرى میزەوە ئەمانەن:
1- كەم دەرچوونى میز لە كاتى میزكردندا.
2- دواكەوتنى كاتى میزكردن لە كاتى پێویست.
3- بڕین لە میز (میزە چركێ) لە كاتى میزكردندا.
4- ئازار لە سكەوە.
5- ئازار لە كاتى میزكردندا.
6- دووبارەبوونى میزكردن لە كاتێكى كورت.
7- هەست بە پێویستىیەكى بەردەوام بۆ میزكردن.
هەندێ جار دەبینین ئازارێك ڕوودەدات لە پرۆستات و هیچ هەڵاوسانێك یان هەوكردنێكى میكرۆبى نىیە، بەڵام هەوكردن لە كیسى تۆماو دەردەكەوێت بە بێ ئازار لەگەڵ دەرچوونى پارچەى خوێنى كەم.
چوارەم/ شێرپەنجەى پرۆستات: ئەمەش دووەم هۆكارێك بۆ مردنى پیاوان لە جۆرەكانى دیكەى شێرپەنجە، چونكە شێرپەنجەى سىیەكان لە یەكەم پلە دەژمێڕێت. هۆكارى شێرپەنجەى پرۆستات:
1- هۆكارێكى بۆماوەى یە (ئامادەبوونى جۆرێك لە جۆرەكانى جینات ناسراوە بە.(AMACR
2- زۆر خواردنى گۆشتى ئاژەڵ و چەورىیەكى زۆر.
3- ئەگەرى تووشبوونى پیاوان لە تەمەنى 70 ساڵان زیاترە لە تووشبووانى تەمەنى 20 ساڵان.
بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجەى پرۆستات و هەوكردنى و هەڵاوسانى و چارەسەركردنى بە شێوەیەكى سروشتى:
1- یەك كەوچكى چێشت خواردن لە تۆى وێنجە یان سێپەڕە لە ناو یەك پەرداخى ئاوى كوڵاو و لە دواى ساردبوونى دەخورێت (نیو كوپ ڕۆژى 3 جار).
2- یەك كەوچكى چێشت خواردن لە تۆى كەتان لەگەڵ یەك كەوچكى تۆى كولەكە و یەك كەوچكى ڕیشاڵەى گەنمە شامى لە ناو 3 پەرداخى ئاوى كوڵاو كە لە دواى ساردبوونى بە 90 خولەك (یەك سەعات و نیو) ئامادە دەبێت بۆ خواردنەوە (یەك كوپ ڕۆژى 3 جار).
3- یەك كەوچكى كوپ لە ڕیشاڵەى هەرێز لە ناو یەك پەرداخى ئاوى كوڵاو و لە دواى ساردبوونى و پاڵاوتنى 3 پەرداخى لێ دەخورێت ڕۆژى 3 جار.
4- دوو كەوچكى چێشت خۆرى گوڵى ئاڵو لە ناو یەك لیتر ئاوى كوڵاو و لە دواى ساردبوونى و پاڵاوتنى نیو كوپ لێ دەخورێت ڕۆژى 3 جار.
5- توێكڵى سێو و ئاڵو 250 گرام تێكەڵاو بكرێن لە ناو دوو لیتر ئاو و مانەوەى شەو تا بەیانى و خواردنەوەى نیو كوپ ڕۆژى 3 جار.
6- خواردنى یەك كەوچكى كوپ لە زەیتى كەتان و زەیتى سیر و زەیتی ماسى بە شێوەى ڕۆژانە.
7- زۆر خواردنى تۆى كولەكە.
8- خواردنەوەى یەك كەوچكى چێشت خواردنى زەیتى كونجى بە شێوەى ڕۆژانە.
9- خواردنەوەى یەك كەوچكى چێشت خواردنى گیراوەى پیاز لەگەڵ نیو پەرداخى ئاو بەیانى و ئێوارە.
10- زۆر خواردنى میوە و سەوزە و چەرەزات و قارچك و هەنگوینى ڕەش و دانەوێڵە و گێزەر و ماسى و مریشك و پەتاتەى شیرین و تۆى گڵۆبەڕۆژە و مۆز و پاقلە و فاسۆڵیا و برنج و تەماتە. هەموویان باشن بۆ ئەم حاڵەتە.
11- كەم خواردنى گۆشتى سوورى ئاژەڵ و چەورى و شیرەمەنى و ترشیات و بیبەرى توند و ئاڵەت و چا و قاوە.
12- خۆشۆردنەوە بە ئاوى شلەتێن.
13- زۆر خواردنەوەى ئاوى شلەتێن.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.
ئامادەكردنی: بەشی پزیشكی ماڵپەڕی وەڵامەکان