مەرجەکانی کەڵەشاخ کردنی ئافرەتان لەلایەن پیاوانەوە : ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەکانی کەڵەشاخ کردنی ئافرەتان لەلایەن پیاوانەوە

کەڵەشاخ بەئیزنی خودا سوود بەخشە و بۆ خۆپاراستن وچارەسەر بەکار دەهێندرێت ، وئەمە یەکێکە لەو شتانەی کەشەریعەت هانی پیاوان وئافرەتانی داوە بۆ ئەنجام دانی ، ولەفەرموودەی صەحیح دا هاتووە کە شیفایە ، وپارێزەریشە لەنەخۆشی ، وسابت بووە لە پێغەمبەرەوە کە کەڵەشاخى کردووە ، وە هەروەها سابت بووە لەئوم سەلەمەوە کە کەڵەشاخى کردووە ، جابر رضي الله عنه دەڵێت :  أَنَّ أُمَّ سَلَمَةَ اسْتَأْذَنَتْ رَسُولَ اللهِ فِي الْحِجَامَةِ ، فَأَمَرَ النَّبِيُّ أَبَا طَيْبَةَ أَنْ يَحْجُِمَهَا .
قَالَ : حَسِبْتُ أَنَّهُ قَالَ : كَانَ أَخَاهَا مِنَ الرَّضَاعَةِ ، أَوْ غُلاَمًا لَمْ يَحْتَلِمْ .
رواه مسلم ( 2206 ).
واتە : ئوم سەلەمە مۆڵەتی لەپێغەمبەری خوا وەرگرد بۆ کەڵەشاخ کردن ، پێغەمبەر فەرمانی کرد بەئەبو تەیبە کەڵەشاخى بۆ بکات .
جا دەڵێت : وا ئەزانم گوتی : ئەبو تەیبە برای شیری بوو ، یاخودمنداڵێک بوو هێشتا بالغ نەبوو بوو . 

وە ئەسڵ وایە پیاو کەڵەشاخ بۆ پیاو بکات ، و ئافرەتیش کەڵەشاخ بۆ ئافرەت بکات ، دواتر کەڵەشاخ ئەوەندە گران نی یە ئافرەتان نەتوانن پێی هەستن  .

وە ئەگەر وا ڕێک کەوت ئافڕەت نەبوو کەڵەشاخ بۆ ئافرەتان بکات ئەوا دروسته پیاوان کەڵەشاخ بۆ ئافرەتان بکەن بەڵام بەچەند مەرجێک ، کەئەمانەی لای خوارەوەیە :
1. پێویستی و زەڕووڕەتێک هەبێت لەخۆ چارەسەر کردندا بە کەڵەشاخ  .

2. خەڵوەت دروست نەبێت لەنێوان ئەو پیاو وئافرەتەدا کە کەڵەشاخى بۆ دەکات ، جا یان دەبێ کەسێکی مەحڕەمی ئامادە بێت یاخود ئافرەتێک لەمەحڕەمەکانی پیاوەکە یاخود هەر ئافرەتێکی تر بەمەرجێک ئەمین بن لە فیتنە .

3. تەنها ئەو جێگایانە ڕووت بکرێت کە کەڵەشاخى بۆ دەکەن ، چونکە ڕێگە دراوە بۆ زەڕووڕەت بۆیە زەڕووڕەتیش بەپێی پێویستی یە ونابێ زیادەڕەوی تێدا بکەن  .

4. نابێ دەست بدات لەلاشەی ئافرەتەکە ، بەڵکو پێویسته دەست کێش لەدەست کات مەگەر پێویستی بێت بەدەست لێدان .

5. تا پیاوی موسوڵمان هەبێت نابێت بچێتە لای غەیرە موسوڵمان ، وە کەسی کەباڵغ نەبوو بێت پێش دەخرێت بەسەر کەسی بالغ دا گەر هەبوو  .

6. پێویسته ئەو پیاوەی کە کەڵەشاخ دەکات پیاوێکی ئەمین بێت لەڕووی ڕەوشت وئەمانەتەوە ، خۆ ئەگەر ناسراو بێت بەفیسق وخراپە ئەوا دروست نی یە کەڵەشاخى لا بکرێت .

7. ئەو پیاوەی کە کەڵەشاخ دەکات ئەمین بێت لەفیتنەی ئافرەتان ، وترسی ئەوەی نەبێت ئافرەتان توشی فیتنە نەبن بەهۆی ئەوەوە ، خۆ ئەگەر هەستی بەشتێک لەوانە کرد ئەوا واجبە لەسەری واز لە کەڵەشاخ کردن بێنێت بۆ ئافرەتان  .

وە پرسیار کراوە لە شيخ محمد بن صالح العثيمين رحمه الله :
لەبارەی کەشف کردنی عەورەتی ئافرەتان لەلای پیاواندا بەمەبەستی کەڵەشاخ کردن و لەکاتی پێویستی دا ، وە بەهەمان شێوە عەورەتی پیاوان بۆ ئافرەتان ؟
و لەحاڵەتێکدا گەر دکتۆرەی ئافرەتی موسوڵمان نەبوو بەڵکو تەنها  دکتۆرەی ئافرەتی نەسڕانی ودکتۆری پیاوی موسوڵمان هەبوو ؟ .
لەوەڵامدا گوتوویەتی :
کەشف کردنی عەوڕەتی پیاو لای ئافڕەتدا ، وەهەروەها کەشف کردنی عەوڕەتی ئافرەت لای پیاودا لەکاتی چارەسەردا : دروسته بەڵام بەدوو مەرج :
مەرجی یەکەم : ئەمین بێت لەفیتنە .
مەرجی دووەم : خەڵوەت دروست نەبێت .
دواتر چوونە لای دکتۆرەی ئافرەتی نەسڕانی باشترە تاوەکو چوونە لای دکتۆری پیاوی موسوڵمان ؛ چونکە ئافرەتەکە لەجنسی خۆیەتی بەپێچەوانەی پیاوەوە .

" مجموع فتاوى ابن عثيمين " ( 12 / السؤال رقم 175 ) .

تێبینى : سوپاس بۆ خودا ئێستا لە زۆربەش شارەکاندا ئافرەتانى شارەزا هەن کە کەڵەشاخ بۆ ئافرەتان دەکەن ، بۆیە هەر ئافرەتێک پێویستى بە کەڵەشاخ کردن هەبوو با پرسیار بکات بۆ دۆزینەوەى ئەو ئافرەتانە و نابێ کەمتەرخەم بێ و بێ پرسیار کردن یەکسەر بڕوات بۆ لاى پیاوێک کەڵەشاخى بۆ بکات.

سەردان: ٣,٢٦٠ بەش: پزیشکى