ئایا لە ڕووى پزیشکیەوە ترسناكی خۆراكی پرۆتینی و هۆرمۆنی لەسەر گەنجانی هۆڵەكانی یاری ئاسن و لەش جوانی چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە ڕووى پزیشکیەوە ترسناكی خۆراكی پرۆتینی و هۆرمۆنی لەسەر گەنجانی هۆڵەكانی یاری ئاسن و لەش جوانی چیە؟

ترسناكی خۆراكی پرۆتینی و هۆرمۆنی لەسەر گەنجانی هۆڵەكانی یاری ئاسن و لەش جوانی
گەنجانی ئەم سەردەمە سەرقاڵن بە ئەنجامدانی یاری ئاسن بۆ لەش جوانی و زیادكردنی قەبارەی ماسولكەكانی لەشیان بۆ لەش جوانی و بەهێزكردن و زیاكردنی كێش و قەبارەی ماسولكەیی لەشیان بە گشتی. بۆ ئەم مەبەستە، جۆرەها پرۆتینی كیمیایی ئامادەكراو لەلایەن كۆمپانیایەكی بیانی جۆراوجۆر بەكاردەهێنرێن بۆ ئەم مەبەستە.
وەكو بەشی پزیشكی سایتی بەهەشتەوە بە پێویستمان زانی چەند ڕاستیەكی پزیشكیانە ڕوون بكەین بۆ ئاگاداركردنی گەنجانی كوردستان لە مەترسیەكانی بەكارهێنانی ئەم پرۆتینانە لە هۆڵەكانی یاری ئاسن و لەش جوانی لە هەموو شارەكانی كوردستان.
پرۆتینی بەكارهێنراو بۆ یاری لەش جوانی دەبێتە هۆی زیاد كردنی كێشی لەشی گەنجەكە بە شێوەیەكی ناسروشتی چونكە پێكهاتووە لە ڕێژەیەكی زۆر بەرز لە ووزە (Carbohydrate) و جۆرەكانی شەكر (Sugars). هەروەها جۆرێكی تری پرۆتین پێكهاتووە لە ڕێژەیەكی ناوەند لە ووزە و پرۆتین وەكو جۆری (Pro Complex). هەروەها جۆرێكی تر لە پرۆتین بە ڕێژەیەكی زۆر بەرزتر هەیە وەكو (Whey Protein) پێكهاتووە لە پرۆتین و كاربۆهیدرات وڤیتامین.جۆرێكی تر هەیە تایبەتە بە پاراستنی ماسولكەكان وەكو كریاتین و گلوتامین. هەروەها جۆریچكی تر هەیە ناسراوە بە ئەمینۆ ئەسید بە شێوەی كەبسول بەكاردەهێنریت كە پێكهاتووە لە 32 جۆری ترشی ئەمینی بۆ زیاد كردنی قەبارەی ماسولكەكان.
هەروەها بەكارهێنانی هۆرمۆن بۆ خێراكردنی زیادبوونی قەبارەی ماسولكەكان لە ماوەیەكی زۆر كورت.
ئەم جۆرە برۆتین و هۆرمۆنانە دەبنە هۆكارێك بۆ تووشبوون بەم نەخۆشیانەی لای خوارەوە:
1- بەرزبوونی پەستانی خوێن.
2- تێكچوون لە ڕێژەی ئاسایی شەكر لە ناو لەش.
3- زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە هەوكردنی میكرۆبی بە هۆی لاواز بوونی بەرگری ناو لەش.
4- لاواز بوون و زوو شكاندنی ئێسقانەكانی ناو لەش.
5- تێكچوون لە دەروونی كەسەكە لەگەل هەست كردن بە عدوانیەت و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی شەڕ لەگەڵ كەسێكی بەرامبەر وەكو چەندەها حاڵەت بینراوە لە ناو و لە دەرەوەی هۆڵەكانی یاری.
6- زیادبوون لە قەبارەی مەمكی پیاو بە شێوەیەكی نا ئاسایی لەگەڵ لاواز بوون لە ڕژێنی پرۆستات.
7- بۆ ئافرەت دەبێتە هۆی تێكچوون لە خووی مانگانە (عادە) و دەركەوتنی موویەكی زۆر لە بەشەكانی لەشیوە بە شێوەیەكی نا ئاسایی.
8- هەڵاوسانی ماسولكەی دڵ لەگەڵ لاواز بوون لە لێدانی دڵ.
9- تێكچوون لە ئاڵوگۆڕی بەشەكانی چەوری لە ناو لەش لەگەڵ گرژبوونی نا ئاسایی دەمارەكانی خوێن.
10- كۆبوون و دەركەوتنی بەشە چەوریەكی زۆر لەسەر جگەر.
11- بینینی بەڵەی ڕەش لە بەشی بینینی ناو چاو.
12- زیادبوون لە ئەگەری تووشبوون بە درزێكی نا ئاسایی لە نێوان ماسولكەكان و شانەكان.
13- بەكارهێنانی هۆرمۆنی تیستۆستیرۆنی نێرینە یاخود دیكادیورایونین بۆ گەورەكردنی قەبارەی ماسولكەكان بەڵام لە كۆتایی دەبێتە هۆی تووشبوون بە لاوازی لە توانای جووتبوون و لاواز بوونی قەبارە و توانای بەشی گون لە پیاو و كەمبوونی ڕێژەی دروستبوونی ئاوی پیاو (حیامن) و تووشبوون بە نەزۆكی. زۆر جار ئەم حاڵەتە لە تەمەنەكانی 15 بۆ 25 ساڵان زۆر دەردەكەوێت بە هۆی زۆر بەكارهێنانی هۆرمۆنەكان لەم تەمەنە.
14- جۆرەكانی ماددەی تایبەت بە پاراستنی خۆراكی پرۆتین بۆ لەش جوانی دەبێتە هۆی تووشبوون بە حەساسیەتێكی تایبەت لە ئەندامەكانی ناو لەش و تووشبوون بە سەرئێشە و دەركەوتنی پەڵەی سەر پێست و ئاڵۆزی لە هەناسەدان لەگەڵ سكچوون.
15- تووشبوون بە شێرپەنجە بە هۆی چەند جۆرێك لە جۆرەكانی پێكهاتەی كیمیایی گەردیلەیی لە ناو خۆراكی پرۆتینی.
16- زۆر جار گەنجان لەم حاڵەتە تووش دەبن بە كەم خەوی (ارق) و ماتبوون (قلق) و هەستكردن بە بێتاقەتی دەروونی و زوو هەڵچوون و عەصەبیەتی نا ئاسایی.
17- تووشبوون بە جۆرەها كێشەی ناو گورچیلە بە هۆی بەكارهێنانی كریاتین یاخود ئەمینۆ ئەسید.
18- پێكهاتەكانی ناو خۆراكی پرۆتینی وەكو ئەسپارتام و ساكارین و فرەكتۆز و جۆرەكانی ڕەنگی دروست كراو لەم خۆراكانە دەبێتە هۆی دەرخستنی ترشی فۆرمیك و فۆرماڵدیهاید وەكو دەرئەنجامێكی كیمیایی لە پێكهاتەی ئەسپارتام و لە كۆتایی دەبێتە هۆی لەناو دانی خانەی عەصەبی.
19- تووشبوون بە تێكچوون لە ئەندامی هەرسكردن و دەركەوتنی جۆرەها نیشانەی نەخۆشین وەكو سەرئێشە و ڕشانەوە و ئازاری ناو سگ و سگچوون یاخود قەبزی وەكو نیشانەی بەردەوامی زۆربەی ئەو كەسانە كە خۆراكی پرۆتینی بەكاردەهێنن لە یاری ئاسنی لەش جوانی.
بە هۆی خۆراكی پرۆتینی و هۆرمۆنی، حاڵەتی زۆر هاتووە بۆ نەخۆشخانەكان تووشی كون بوون و درزبوونی نا ئاسایی ئێسقانەكانیان و توانای جموجۆڵیان كەم بۆتەوە لەگەڵ زیانێكی زۆر لە ماسولكەكان. هەروەها حاڵەتی وا هەیە كۆرتیزۆن بەكارهێناوە وەكو ماددەیەكی بەهێزكەر بەڵام وەفاتی كردووە.
پاش وازهێنان لە بەكارهێنانی خۆراكی پرۆتینی وهۆرمۆنی، پێویستە پاش 3 مانگ شیكردنەوە ئەنجام بدرێت بۆ كەسێكی تووشبوو بەم حاڵەتە بۆ زانینی ئاستی هۆكاری ئەم خۆراكانە لەسەر ئەندامی زاوزێ‌ و چارەسەركردنی بە خێرا.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین.
گۆشەی پزیشكی ماڵپەڕى وەڵامەکان

 

سەردان: ٧,٥١٥ بەش: پزیشکى