جووتبوون لە كاتى سكپڕى دا لەڕووى پزیشکیەوە زیانى هەیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جووتبوون لە كاتى سكپڕى دا لەڕووى پزیشکیەوە زیانى هەیە؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
جووتبوونى مێرد لەگەڵ خێزانى سكپڕ دەگۆڕێت لەگەڵ كاتى سكپڕىدا، لە 3 مانگى یەكەمى سكپڕى دا خێزان تووشى هێڵنج و ڕشانەوە و هیلاكى و كەمى خواردن دەبێت كە حەزى لە جووتبوون لەگەڵ مێرد كەم دەكات و دەبێت مێردەكەى ئەم شتانە بزانێت و ڕێز لە خێزانەكەى بگرێت و یارمەتی بدات نەك هیلاكى بكات بە قسەو كردەوەى ناخۆش.
لە سەرەتاى مانگى چوارەمى سكپڕى دا ئەم نیشانانە نامێنن و زێی خێزان ڕژێنى زیاد دەكات و حەزى لە جووتبوون باشتر و ئاسان دەبێت لەگەڵ مێرد وەكو بەرلە كاتى سكپڕىدا، لەبەر ئەوەیە مانگى چوارەم تاوەكو مانگى شەشەمى سكپڕیدا باشترین كاتە بۆیان بۆ جووتبوون.
بەڵام لەبەر ئەوەیە كە سكى خێزانى سكپڕ بەرز دەبێتەوە و ناتوانێت وەكو جاران جووت ببێت لەگەڵ مێردەكەى بە شێوەى ڕوو بە ڕوو، لەم حاڵەتە دەبێت شێوەى جووتبوونەكە بگۆڕێت و مێردەكەى نەرموونیانى زیاتر بێت لەگەڵیا تاوەكو عەزیەتى نەدات بەتایبەتى لە شوێنى سك.
بەڵام لە دوو مانگى كۆتایى سكپڕیدا (یعنى دوو مانگ بەرلە منداڵبوون) لە هەندێ حاڵەت نابێت جووتبوون ئەنجام بدرێت لەبەر ئەم هۆكارانە:
1- ئەگەرى هەوكردنى میكرۆبى و نەخۆشیەكانى زێ.
2- زوو لە دایكبوونى منداڵ بەر لە كاتى ئاسایی خۆیدا.
3- گرژبوونى منداڵدان كە هۆكارەكەى لەسەر كۆرپەلە دەردەكەوێت.
4- ئەگەرى دروستبوونى پەستانێك لە لەشى مێردەوە لەسەر سكى خێزانەكەى لە كاتى جووتبوون كە مەترسی هەیە لەسەرى لەم كاتەدا.
5- ئەگەرى دڕانى پەردەى ئەمینۆسى (ئاوى سەرى كۆرپەلە).
6- ئەگەرى تووشبوون بە خوێن لەبەرچوون (نزیف) لە زێ.
7- جووتبوون لەم كاتەدا پەستانى منداڵدان زیاد دەكات كە دەبێتە هۆى زیادبوونى لێدانى دڵى كۆرپەلە.
هەروەها ئەگەر مێرد لە مانگەكانى دیكەى سكپڕى دا جووت بوو لەگەڵ خێزانەكەى دەبێت ڕەچاوى ئەم خاڵانە بكات:
1- ئەگەر پزیشك پێی ووت نابێت جووت ببیت لەگەڵ خێزانت بۆ چەند ڕۆژێك یان چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێك بەرلە منداڵبوون، ئەوا مێرد دەبێت ئارامگربێت و بە قسەى پزیشك بكات.
2- ئەگەر خێزانى سكپڕ ئازارى هەبوو لە كاتى جووتبووندا بەر لە منداڵبوون بە چەند ڕۆژێك یان چەند هەفتەیەك، دەبێت مێردەكەى جووت نەبێت لەگەڵیا یان زۆر كەمى بكات و ڕێز لە خێزانەكەى بگرێت لەم كاتەدا.
لەم حاڵەتانەدا نابێت بە هیچ شێوەیەك جووتبوون ئەنجام بدرێت لەگەڵ خێزانى سكپڕ:
1- ئەگەر خێزانى سكپڕ هەست بە ئازارێكى (مغص)ى زۆر توند بوو لە دواى جووتبووندا.
2- ئەگەر چەند دڵۆپەیەكى خوێناوى دابەزى لە دواى جووتبوونى خێزانى سكپڕ.
بەڵام لە هەندێ حاڵەتى سكپڕى دا جووتبوون دەبێتە زیان و مەترسى یەك لەسەر خێزان و كۆرپەلەكەى وەكو ئەم حاڵەتانە:
1- ئەگەر خێزانى سكپڕ تووشى چەند حاڵەتى لەبارچوونى منداڵ (إجهاض) بووە لە پێشوودا یان زوو لەدایكبوونى منداڵەكەى بەر لە كاتى ئاسایی خۆیدا.
2- ئەگەر وێڵداش (مشیمە) لە شوێنى ئاسایی خۆیدا نەبوو.
3- ڕووداوى خوێن لەبەرچوون (نزیف) لە كاتى سكپڕیدا.
4- دەرچوونى ئاوى منداڵبوون.
واتە دەبێت خێزانى سكپڕ بە ئاشكرا بە مێردەكەى بڵێت لە چ كاتێكە دەتوانێت جووت ببێت لەگەڵیا و بە چ شێوەیەكە و دەبێت مێردەكەى ڕێزى لێ بگرێت و بزانێت كە حاڵەتەكەى جیاوازە لەم كاتەدا و ئارامگربێت و بەردەوام بن لەسەر بەدواداچوونەوە لە لایەن پزیشكى ئافرەتان تا كاتى لەدایكبوونى منداڵەكەیان.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.‌‌

سەردان: ٩,٠١٨ بەش: ڕێنمایی ئافرەتى دووگیان