بۆ ئەوەى ئیمانمان بەرز ببێتەوە تکایە کورتەیەک لە خۆشى و شادیەکانى بەهەشتمان بۆ باس بکەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ ئەوەى ئیمانمان بەرز ببێتەوە تکایە کورتەیەک لە خۆشى و شادیەکانى بەهەشتمان بۆ باس بکەن

 الحَمْدُللهِ وَحْدَهُ، وَالصلاةُ وَالسلامُ على مَنْ لا نبـي بَعْدَهُ: قەرەباڵغی و جەنجاڵی ژیان وای لە زۆرێك لە خەڵكی كردووە بەهەشت وەكو خەیاڵ یان وەكو بیركردنەوەی ‏خۆش بێتە بیریان نەك وەكو ئەوەی تامەزرۆی بن و بەڕاستی هەوڵی بۆ بدەن، ئەم كەمتەرخەمیەش بێگومان ‏كاریگەریەكی زۆری هەبووە لەسەر كردەوەكان لەوەی كە كەم بن و پوخت نەبن، جا وەكو هاندانێك بۆ ‏بەهەشت و پاشانیش كردەوەكردنی چاكتر و زیاتر كۆمەڵە فەرموودەیەك لە بارەی بەهەشتەوە دەخەینە ڕوو، ‏خوای گەورە هەموو لایەكمان سوودمەند بكات و وامان لێبكات (كردەوەكانمان ڕاستخەرەوەی وتەكانمان) ‏بێت.‏

‏1. باخەكانی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی:
" جنتان من فضة آنيتهما وحليتهما وما فيهما، وجنتان من ذهب وحليتهما وما فيهما "(مُسلِم: 180).
‏واتە: لە بەهەشتدا دوو باخ هەیە خۆی و ئەوەشی تێیدایە لە زیوە، وە دوو باخی تێدایە خۆی و ئەوەشی ‏تێیدایە لە ئاڵتونە.‏

‏2. خانووەكانی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) دەربارەی بینای بەهەشت فەرموویەتی: " لبنة من ذهب، ولبنة من فضة، وملاطها المسك الأذفر، وحصباؤها اللؤلؤ والياقوت، وترابها الزعفران " (صححه الأَلْباني في المِشكاة: 3 / 89)..واتە: خشتێكی لە ئاڵتونە و ‏خشتێكی لە زیوە و گیراوەكەشی لە میسكە و چەو و بەردەكەشی گەوهەر و مرواریە و خۆڵەكەشی زەعفەرانە.‏

‏3. خێمە و چادرگەی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی: " إن لِلمؤمن في الجنة لخَيمة من لؤلؤةٍ واحدةٍ مجوفة طولها سِتون ميلا (في كل زاوية منها أهلون) يَطوفُ عليهمُ المؤمنُ فلا يَرى بَعضُهُم بَعضاً " (مُسلِم: 2 / 534).
واتە: باوەڕدار لە بەهەشتدا چادرگەیەكی بۆ هەیە كە لە مرواری ناوبۆش دروستكراوە درێژیەكەی شەست ‏میلە (لە هەر سوچێكدا هاوسەری تێدایە) باوەڕدار بەسەریاندا دەگەڕێت و كەسیان یەكتر نابینن واتە: ‏خێزانەكانی یەكتر نابینن.‏

‏4. درەختەكانی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏)فەرموویەتی:" ما مِن شَجَرَةٍ في الجنةِ إلا وساقُها مِن ذَهَب " (صَحيحُ الجَامِع: 5647).
واتە: لە بەهەشتدا هیچ درەختێك نیە ئیللا قەدەكەی لە ئاڵتونە.‏

‏5. میوەكانی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی:" إِني رَأَيتُ الجَنةَ ـ أَو أُڕيتُ الجَنةَ ـ فَتَناوَلتُ منها عُنقودا، ولَو أَخذتُهُ لَأكَلتُم مِنهُ ما بَقيتِ الدنيا " (صَحيحُ سُنَنِ النسائي: 1405 ).
واتە: بەهەشتم بینی ـ یان بەهەشتم پیشان درا ـ دەستم برد بۆ هێشوویەك (بۆڵێك) ترێ‌، ئەگەر بمهێنایە ‏هەتا دونیا دەما لێتان دەخوارد.‏

‏6. خواردنەوەی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی: " إن الرجل مِن أَهلِ الجنةِ لَيَشتَهي الشرابَ مِن شَرابِ الجنةِ فَيجيء الأبريق فَيَقَعُ في يَدِهِ فَيَشرَبُ ثُم يَعودُ إِلى مَكانه "(صحيح الترغيب: 3738)
واتە: یەكێك لە بەهەشتیەكان ئارەزووی یەكێك لە خواردنەوەكانی بەهەشت دەكات پەرداخەكە دێتە ناو ‏دەستیەوە ئەویش دەیخواتەوە و پاشان پەرداخەكە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.‏

‏7. حۆریەكانی بەهەشت:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی: " على كُل زوجةٍ سبعون حلة يُرى مُخ سوقهما من وراء لحومِهما وحللهما، كما يُرى الشرابُ الأحمر في الزجاجة البيضاء"(صَحيحُ الترغيب: 3745)
واتە: هەریەكێك لەو حۆریانە حەفتا پۆشاكی لەبەردایە مۆخی ناو ئێسكی قاچیان دیارە لە پشتی گۆشت و ‏پۆشاكەكانیانەوە وەك چۆن شەرابی سوور دیارە لەناو شوشەی سپیدا.‏

‏8. بینینی خوا ـ سبحانە وتعالی ـ:‏
‏* پێغەمبەری خوا (‏‏) فەرموویەتی: " فَواللهِ ما أَعطاهُمُ اللهُ شيئا أحَب إليهم (ولا أقر لأعيُنِهِم من النظر إليهِ " (السلسِلَة الصحيحَة: 755).
واتە: سوێند بە خوا خوا هیچ شتێكی نەداوە بە بەهەشتیەكان خۆشەویستر بێت لە لایان و دڵخۆشتر بێت ‏بۆیان لە بینین و تەماشاكردنی خوای گەورە.‏

لە كۆتاییدا:‏
خۆشەویستم بزانە ئەو بەهەشتەی بۆت وەسفكرا ڕۆژێك دێت دەچیتە ناوی ـ إِنْ شَاْءَ الله ـ ئەگەر بێتوو ‏باوەڕدارێكی چاكەكار بیت، جا بۆیە هەوڵەكانت زیاتر بكە و بەهەشت لە دەست خۆت مەدە چونكە ‏لەدەستدانی بەهەشت ماڵوێرانی و ڕیسواییە – خوا بمانپارێزێت – جا ئەوە دونیا ئەوە كات بەڵام وریابە ‏دونیا و كاتیش تەواو دەبن.‏
وَصَلى اللهُ عَلَى مُحَمدٍ وَعَلَى آلِ مُحَمد

سەردان: ٥,٨٢٦ بەش: بەهەشت