ئێستا سواڵکەر زۆر بووە لە بازاڕ و مزگەوتەکان ئایا دروستە پارەیان پێ بدرێ یاخود نا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئێستا سواڵکەر زۆر بووە لە بازاڕ و مزگەوتەکان ئایا دروستە پارەیان پێ بدرێ یاخود نا؟
پرسیار:

سواڵکردن زۆربووە بەتایبەت منداڵان کە زۆرینەیان پەنادەبەنەبەر هەندێ فرتوفێڵ بۆ ئەوەی پارەیان بدرێتێ بۆ نمونە هەندێکیان بانگەشەی ئەو دەکەن کە کوێر و نابینان لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانیان ساغ و سەلامەتە ـ یاخود بە فێڵی تر ـ ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵیان بکەین ؟
ئایا پارەیان پێ بدەین یاخود چی بکەین؟
هەرچەندە من نازانم ئایا ڕاست دەکەن یان نا؟
وە ناشتوانم دڵنیا ببمەوە لەوەی کە ئایا نەدارن پێویستیان بە پارەیە یاخود درۆ دەکەن و پەنایان بردوەتە بەر فێڵ بۆ کۆکردنەوەی پارە و گەر یارمەتی بدەم لەوانەیە لە فێڵکەران بێ ـ کە من نایزانم ـ ئایا تاوانبار دەبم؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم:
سەرەتا دەبێ بزانین بۆ هیچ کەس دروست نیە داوا لەخەڵکی بکات گەر نەدار نەبێ و پێویستی پێی نەبێ یاخود کەسێک بێ توانای کاسبی و ئیشوکاری هەبێ.
لیژنەی هەمیشەی فەتوا لە فەتوایەکدا دەڵێن:
ڕێپێدراو و جائیزە بۆ کەسێ کە هێندەی بژێوی ژیانی خۆی پارەو ماڵی نەبێ و توانای کارکردنی نەبێ داوا لە خەڵکی بکات و داواکردنەکەش تەنها بەپێی پڕکردنەوەی پێویستیەکەی بێ ـ بەڵام ئەگەر نەدار نەبێ یاخود نەداربێ و توانای کارکردنی هەبێ جائیز و رێپێدراو نیە داوا لەخەڵکی بکات و ئەوەی کە لەخەڵکی داوا دەکات و دەستی دەکەوێ حەرامە لەسەری.
دووەم:
زۆربەی ئەوانەی دەبینین لە سەر شەقامەکان یان مزگەوتەکان کە سواڵ دەکەن و داوای پارە لە خەڵکی دەکەن هەمویان نەدار و خاوەن پێویستی نین لە ڕاستیدا بەڵکو زۆرێکیان ئاشکرابووە کە دەوڵەمەندن و هەروەها ئاشکرا بوە کە کۆمەڵێ پیاوخراپ هەڵدەستن بە ئیسغلالکردنی ئەو منداڵانە بە هەڵسان بەداواکردنی پارە لەخەڵکی ـ
ئەم وتانەش مەبەستمان نیە بڵێین کە نەدار و خاوەن پێویستی بوونی نیە بەڵکو وا بەباشتر دەزانین کە هەتا بتوانرێ ووردبین و هەوڵبدەین کە ئایا ڕاستگۆن یاخود نا و لەهەمووی باشتر ئەوەیە ئەو کەسانە بنێررێن بۆ لای لیژنەو کەسانەى کە زەکات و خەیر کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش هەڵسن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخیان و چاودێری کردنی کاروباریان تەنانەت دوای پێدانی یارمەتیش پێیان ـ هەر کەس زانرا کە نەدار نیە یاخود گومانت زیاتر بەلای ئەوەدابوو کە نەدار نیە نابێ هیچی پێ بدرێ و ئەگەریش زانیت پێویستی پێیەتی و نەدارە یاخود گومانت زیاتر بەلای ئەوەدابوو کە نەدارە یارمەتی بدە گەر ویستت .
ئیمامی ابن عثيمين (ڕەحمەتی خوای لێبێت) دەفەرموێت :
ئەگەر گومانی وا زاڵ بوو بەسەر کەسێکدا کە ئەو کەسەی زەکاتی پێدەدات شایستەی وەرگرتنی زەکاتە ، لەسەری پاداشت دەدرێتەوە ، ئەگەریش هاتوو ئەو کەسە دەرۆزەکەر (سواڵکەر)بوو ، یان شێوازەکەی شێوازی کەسی فەقیرو نەداربوو ، تەنانەت ئەگەر لەپاش پێدانی زەکاتەکەش بۆی ڕوون بویەوە ئەو کەسە دەوڵەمەندەو نەدار نیە ، بەڵام هەر پاداشتی بۆ دەنوسرێ ، لەو ڕووەشەوە پیاوێک شەوێکیان زەکاتی بەخشیە ماڵێکی دەوڵەمەند ، لەبەیانیەکەی خەڵکی دەیانگوت ئەمشەو زەکاتیان داوە بەکەسێکی دەوڵەمەند ، بۆیە بەو کەسە وترا کە پارەکەی بەخشیوە ئەوە صەدەقەو خەیرەکەت قەبوڵ کرا، پەروەردگار ئەوەی لەتوانای کەسێکدا نەبێت لەسەری دانانێ ، بۆیە پێویست ناکات بەدوای کەسێکدا بگەڕێین سەد دەر سەد دڵنیابین لەوەی پێی دەشێ ، ئەوە عوزرت لەسەری هەیە ، شتێکی مەحاڵەو گرانە ، کەواتە ئەگەر بەسەر گومانتا زاڵ بوو بەوەی ئەو کەسە شایەنی وەرگرتنی زەکاتە ئەوکاتە پارەکەی پێبدە ، ئەگەرچی دواتر بۆت دەرکەوت ئەوکەسە شایستە نەبوو بەپێدانی زەکات ، بەڵام زەکاتەکەت قەبوڵ و وەرگیراوە.
سەرچاوە : اللقاء الشهري (۷۱ / السؤال رقم ۹).

سەردان: ٥,٠٥٩ بەش: هەمەجۆر