چۆن واز لە جگەرە کێشان بێنم؟ ڕێگاكانی وازهێنان لە جگەرەكێشان چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن واز لە جگەرە کێشان بێنم؟ ڕێگاكانی وازهێنان لە جگەرەكێشان چین؟

ڕێگاكانی وازهێنان لە جگەرەكێشان
خوێنەرانى بەڕێز و خۆشەویست: وەكو شاراوە نیە لای بەڕێزتان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا جگەرەكێشان بووەتە دیاردەیەكی نەویستراوو مەترسیدار لە هەمان كاتدا, بۆیە بەئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە ڕۆڵەكانی نەتەوە موسڵمانەكەمانی لێ‌ وریاو ئاگاداربكەینەوەو هاریكاریان بكەین لە پێناو هەرچی زووترە واز لە جگەرەكێشان بهێنن و لێی دووربكەونەوە.
بنچینەی ووشەی تووتن (التبغ) لەو زاراوانەیە كە هاتوونەتە نێو زمانی عەرەبیەوە, لە مەوسوعەی فقهی كوەیتدا هاتووە كە ووشەی تووتن (تبغ) زاراوەیەكی بیانیە بێ گۆڕانكاری هاتۆتە نێو زمانی عەرەبیەوە, وە لە (المنجد في اللغة والأعلام) دا هاتووە كە (التبغ) : ئەوەیە كە بە (تتن) یان دووكەڵ ناسراوە, كەیەكێكە لەو جۆری ڕووەكە ئەمریكیانەی كە ماددەیەكی ژەهراوی تێدایە, وەرگیراوە لە ووشەی (تاباغو) یان تەماكۆ, كە ناوی كەنداوێكە لە كەناری مەكسیك, كە ئەو تووتنەی لێ‌ گوێزراوەتەوە بۆ دەرەوەی خۆی لە جیهان.
وە ڕوون و بەڵگە نەویستە كە ئەم دیاردەیە زیانبەخشە لە ڕووی: كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئاینی و ئابووریەوە, بۆیە لێرەدا پێویست ناكات زیانەكانی باس بكرێت ئەوەش لەبەر ئاشكراییان كە لای هیچ كەس شاراوە نیە. بۆیە ڕاستەوخۆ دەچینە سەر هەنگاوەكانی وازلێ هێنانی بەیارمەتی خوا دەست پێ دەكەین و دەڵێین:
• پێش هەموو شت پیشت بە خوا ببەستە, و داوای هاوكاری تەنها لەو بكە و زۆر داوای یارمەتی لێ بكەو دوعاو پاڕانەوەت زۆر بێت لەو بارەیەوە.
• نیەتت ڕاست وپاك بێت و بڕیارت یەكلاكەرەوە بێت لەو بارەیەوە.
• باوەڕت وابێت كە دەتوانیت واز لەجگەرە بهێنیت و لە تواناتدا هەیە سەركەوتووبیت بەسەریدا.
• حوكمی شەرع لەو بارەوە بزانە كە حەرامە, وە هەمیشە بیری ئەوەت بێت كە بە جگەرەكێشان بەردەوام لە ناو سەرپێچی خوای گەورەدایت و تاوان دەكەیت, جا ئەو كەسەی كە دڵی پڕە لە گەورەیی و ترسی خوا ئەوا زوتر واز لەو دیاردەیە دەهێنێت, وە ئەوەش بزانە كە هەركەسێك واز لەشتێك بهێنێت لەبەر خوا ئەوا خوا بە لەوە باشتر بۆی قەرەبوو دەكاتەوە.
• با هەمیشە زیانەكانی لەپێش چاوت بێت, چونكە مرۆڤی دەروون و فیترەت پاك هەردەم لە شتی خراپ و زیانبەخش دووردەكەوێتەوە بۆ شتی پاك و سوودبەخش.
• ئەو وازلێ هێنانەت بە عیبادەت و خواپەرستی بۆت لەقەڵەم دەدرێت, چونكە وازهێنان لە حەرامێك لەبەر خوا عیبادەتە.
• هەمیشە تێكۆشان لەگەڵ دەروون و ناخی خۆتدا بكە و ئارامی و خۆڕاگریت هەبێت لەو بارەیەوە.
• بزانە كە دوژمنی سەرسەختی تۆ بریتیە لە شەیتان و هەواوئارەزووت, وە ئەوانیش بەبەردەوامی شتی پیس و چەپەڵ و زیانبەخشت بۆ دەڕازێننەوە, و تۆش لەو نێوەندەدا لە ژێرتاقیكردنەوەدای بەوەی ئایا گوێڕایەڵیان دەكەیت یاخود سەرپێچیان دەكەیت.
• با جگەرە لێتەوە نزیك نەبێت, و پاكەتەكەی لەناوبەرە, بۆ ئەوەی هەركات نەفست ئارەزوی كرد بەئاسانی دەستت نەكەوێت, وە لە كۆڕ و كۆمەڵی جگەرە كێش دامەنیشە چونكە كاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەرت.
• كاتەكانت پڕبكەرەوەو خۆت سەرقاڵ بكە بە خوێندنەوەو وەرزشی سوودبەخشەوە وەكو مەلەوانی و ڕاكردن و شتی تر.
• هەوڵ بدە ڕۆژووی سوننەت بگریت كە ئەوەش بەناچاری دوورت دەخاتەوە لە جگەرەكێشان.
• چاكەكانی وازهێنان لە جگەرەكێشان بخەرەوە بیری خۆت وەكو: ڕەزامەندی خوای گەورە, ژیانێكی درێژتربەویستی خوا, تەندروستیەكی باش, هەستێكی خۆش, دڵخۆشی خانەوادەكەت, بوونە پێشەنگ بۆ منداڵەكانت, پاكێتی و بۆنخۆشی ....
• خۆت ڕابهێنە لەسەر هەناسە هەڵكێشان بۆ ماوەیەكی درێژ ڕۆژانە, 5 بۆ 7 خولەك, ئەوەش بە هەڵكێشانی هەناسەیەكی قووڵ و لەیەك تا حەوت بژمێرە و پاشان بە هێواشی هەناسەكە لە دەمتەوە بكە دەرەوە.
• بەراوردی خۆت بكە لەگەڵ پیاوچاكانی پێشوو (سەلەفی صالح) كە چۆن ئەوان هەندێك جار وازیانی لەشتی حەلاڵیش دەهێنا لەترسی ئەوەی نەكەونە شتی حەرام و قەدەغەكراوەوە.
هەندێك لە پێشینان ووتویانە: ئێمە حەفتا دەرگای حەڵاڵمان وازلێ‌ دەهێنا لە ترسی كەوتنە نێو یەك حەرامەوە.
حەسەنی بەصری دەڵێت: بەردەوام خۆپارێزان لە نێو تەقوادان هەتا واز لە هەندێك حەڵاڵ دەهێنن لەترسی ئەوەی نەكەونە نێو حەرامێكەوە.
ئەوبودەرداْ دەڵێت: تەواوی تەقوا ئەوەیە كە بەندە خۆی بپارێزێت تەنانەت لە گەردیلەیەكیش بێت, وە هەتا واز لەهەندێك شتی حەڵاڵیش دەهێنێت لەترسی تووش بوون بە حەرام.
جا ئەی برای بەڕێزم ئەی حاڵی تۆ چۆن بێت كە ناتوانیت واز لەشتێم بهێنیت كە دەزانیت بەدڵنیایەوە حەرامەو سەرپێچی خوایە؟؟!!!
• هیچی تێدا نیە ئەگەر بتەوێت سوود لە لایەنە پسپۆرەكان وەربگریت كە كارو چالاكیان تایبەتە بە نەهێشتن و قەڵاچۆكردنی ئەم دیاردەیەوە, بە وەرگرتنی دەرمانی سوودبەخش بێت یان پێدانی زانیاری وئامۆژگاری بەسوود بێت یاخود هەر هاوكاریەكی تر.
لە كۆتاییدا دەبێت ئەوەش یادد بخەمەوە كە ئەو كەسەی وازدەهێنێت لە جگەرەكێشان پاش چەند هەفتەیەكی كەم هەست بە ئاسوودەییەكی خۆش و تەندروستیەكی باش دەكات, ئەوەش لەبەر ئەوەی غازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن دوای نۆ هەفتە لە وازهێنان دەگەڕێتەوە بۆ نیوە لە خوێندا, لەكاتێكدا ئەم غازە لە خوێندا دەبێتەهۆی ڕێگری كردن لە ئۆكسجین بەوەی بە باشی بگاتە هەموو ئەندامەكانی لەش.
وە هەروەها لە لێكۆڵینەوەیەكیشدا ئەوە دەركەوتووە كە دوای نۆ هەفتە لە وازهێنان لە جگەرە, ڕێژەی كۆلسترۆل لە خوێندا بە ڕێژەی 50% دادەبەزێت.

ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٧,٩٢٣ بەش: هەمەجۆر