كەسێك خواپەرستى دەكات بەڵام لەگەڵ خەڵك باش نیە وەكەسێك خواپەرستى ناكات بەڵام لەگەڵ خەڵك باشە ئەمە چۆن دەبینن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كەسێك خواپەرستى دەكات بەڵام لەگەڵ خەڵك باش نیە وەكەسێك خواپەرستى ناكات بەڵام لەگەڵ خەڵك باشە ئەمە چۆن دەبینن؟

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان

پێویستە موسڵمانى خواپەرست لەگەڵ خودى خۆى و خەڵكیشدا باش بێت چونكە ئایینى پیرۆزى ئیسلام تەنها بریتى نییە لە پەرستن بەڵكو چۆن فەرمانى كردووە بەپەرستن ئاواش فەرمانى كردووە بە ڕەوشت جواتى و چاكبوون لەگەڵ خەڵكدا بەڵكو بەدادوەرى لەسەر زەوى دا بەرامبەر زەوى و دارو درەخت و ئاژەڵ و تەواوى دروستكراوەكانى خوا، خواى گەورە دەفەرموێ: {وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاقَ بَنِي إِسْرَائِيلَ لاَ تَعْبُدُونَ إِلاَّ اللّهَ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَاناً وَذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَقُولُواْ لِلنَّاسِ حُسْناً.....} سورة البقرة(83).
دەبینى چۆن فەرمان بەپەرستنى خۆى دەكات ئاواش فەرمان بە چاكبوون و ڕەوشت جوان دەكات بەرامبەر دایك و باوك و خزم و هەتیو و هەژاران و تەواوى خەڵك.
پێغەمبەرى خوا ()دەفەرموێ: (إتق الله حيثما كنت واتبع السيئة الحسنة تمحها وخالق الناس بخلق حسن) رواه الترمذي وهو حسن.
واتە: لەخوا بترسە لە هەر كات و شوێنێكدا بویت وە لە دواى خراپە چاكە بكە دەیسڕێتەوە وە بەڕەوشتى جوان مامەڵە لەگەڵ خەڵك بكە.
هەروەها پێغەمبەرى خوا () دەفەرموێ: (إنما بعثت لِأتمم مكارم الأخلاق) واتە: من تەنها بۆ ئەوە هاتووم ڕەوشتە جوانەكان تەواو بكەم واتە ئیسلام یەعنى ڕەوشت وە پەرستنى خواى گەورە بە مانایەكى تر بریتى یە لە ئەدەب بوون لەگەڵ خوا.
ئەنجا ئەو بەڕێزە كە دەڵێ هەندێ كەس پەرستن ناكەن بەڵام لەگەڵ خەڵك باشن ئەوە ئەو ڕەوشتە جوانانە كە دەكرێن لەلایەن ئەوكەسانەوە ئەوە جێ ماوى ئاینەكەى خوایە لەسەرووى هەموشیانەوە ئیسلام چونكە هەموو ئایینە ئاسمانییەكان كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە گرۆى ئادەمیزاد خوڕەوشتى چاك هەڵگرن بۆ نموونە پێغەمبەرى خوا () دەفەرموێ: (إن مما أدرك الناس من كلام النبوة الأُولى إذا لم تستح فاصنع ما شئت) رواه البخاري. واتە: ئەوەى هەموو خەڵك پشت بە پشت زانیویانە لە قسەى پێغەمبەرانە و ئەوەیە كە فەرموویانە (ئەگەر شەرمت لەخواو لە خۆ و خەڵك نەكرد هەر چیت ویست بیكە) مەبەستمان ئەوەیە تەواوى پێغەمبەران هانى خەڵكیان داوە بۆ ڕەوشت جوانى و تەمەنى خۆشیان لەوەدا خەرج كردووە وە ئەو خراپانەى لە ڕەوشتى موسڵماناندا بەدى دەكرێت جێماوى ئەوانەیە كەگوێ ڕایەڵى پێغەمبەرانیان نەكردووە بەڵام نەزانى و نەفامى و ئیمان لاوازى هەندێ لە موسڵمانان ئەوەى دروست كردووە بۆیە چاك بە خراپ دەبینرێ و خراپیش بە چاك هیوادارم موسڵمانان بچنە ئاستى ئاینەكەیان و چیتر نەبینە بار بەسەر ئیسلامەوە.
لە لایەن مامۆستا (خلیل أحمد)ە وە وەڵام دراوەتەوە.

سەردان: ٣,١٣٧ بەش: هەمەجۆر