حوكمى ووتنى وتەی : ( فڵانە كەس شەهیدە) یان شەهید بوو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى ووتنى وتەی : ( فڵانە كەس شەهیدە) یان شەهید بوو
پرسیار:

حوكمى ووتنى ئەوە چییە كە بووترێت : ( فڵانە كەس شەهیدە) یان شەهید بوو؟

شاهێدى دان بۆ كەسێك بەوەى كە شەهیدە دوو شێوەیە:  
یەكەمیان: ئەوەیە كە پەیوەست بكرێت بە وەصفێكەوە بۆ نمونە بووترێت: ئەوەى لە پێناوى خوادا بكوژرێت ئەوە شەهیدە، ئەوەى لەپێناو ماڵیدا بكوژرێت ئەوە شەهیدە، ئەوەى بە پەتا و دەرد بمرێت ئەوە شەهیدە و هاوشێوەكانى، ئەمەشیان دروستە وەكو دەقى فەرموودە لەسەرى هاتووە، چونكە تۆ شاهێدى لەسەر شتێك دەدەیت كە پێغەمبەرى خوا  هەواڵى لەبارەیەوە داوە، وە كە دەڵێین – دروستە یان جائیزە – واتە قەدەغە نییە، هەرچەندە شاهێدى دان بەوە واجبە وەكو ڕاستخەرەوەیەك بۆ هەواڵى پێغەمبەرى خوا  .  

دووەم: ئەوەیە كە شەهیدیەكە پەیوەست بكەیت بە كەسێكى دیارى كراوەوە وەكو ئەوەى بەكەسێكى دەستنیشان كراو بڵێیت ئەو شەهیدە، ئەمەشیان دروست نییە ئیلا بۆ كەسێك نەبێت كە پێغەمبەر  شاهێدى بۆ دابێت، یاخود ئوممەت یەكدەنگ و یەكڕابن لەسەر شاهێدى دان بۆ ئەو كەسە، وە پێشەوا بوخــارى – رحمەالله- بابێكى داناوە لە كتێبەكەیدا بەناوى " باب لا يقال فلا شهيد " كە لە كتێبی الفتح دا دەڵێت: واتە (ناوترێت فڵانە كەس شەهیدە بە لێبڕاوەیی و دڵنیاییەوە مەگەر بە وەحى نەبێت). وەكو بڵێى ئاماژە بۆ قسەیەكى پێشەوا عومەر رضي الله عنه دەكات كە جارێكیان لە وتاردا ووتى: ئێوە لە جەنگەكانتاندا دەڵێن فڵانە كەس شەهیدە، یان فڵان كەس بە شەهیدى مرد بەڵام دوور نییە ئەو كەسە لە ئاژەڵەكەى كەوتبێتە خوارەوە یان لەقەى لێ دابێت، نەخێر ئەو شتانە مەڵێن بەڵكو ئەوە بڵێن كە پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " ئەو كەسەى لە رێگا وپێناوى خوادا بمرێت یان بكوژرێت ئەوە شەهیدە" وهو حديث حسن أخرجه أحمد وسعيد بن منصور وغيرهما من طريق محمد بن سيرين عن أبي العجفاء عن عمر" أ.هـ. كلامه .

ئەوەش لەبەر ئەوەى شاهێدى دان بەشتێك نابێت ئیلا بە زانست و زانینەوە نەبێت بەو شتە، وە مەرجى ئەوەى كەسێك شەهید بێت ئەوەیە ناوبراو لەپێناو بەرز ڕاگرتنى وشەى خوا شەڕى كردبێت و كوژرابێت و ئەوەش نیەتێكى ناودڵ و ناخە و هیچ ڕێگەیەك نییە بۆ زانین و ئاشكراكردنى ئەوە مەبەستە، لەبەر ئەوەیە پێغەمبەرى خوا  وەكو ئاماژە كردنێك بۆ ئەوە دەفەرموێت: ((مثل المجاهد في سبيل الله والله أعلم بمن يجاهد في سبيله)) (١)  .واتە: وێنە و نمونەى كەسی موجاهید لە پێناوى خوادا كە خوا خۆى دەزانێت كێ لە پێناوى ئەودا جیهاد دەكات.

 هەروەها دەفەرموێت: ((والذي نفسي بيده لا يكلم أحد في سبيل الله، والله أعلم بمن يكلم في سبيله إلا جاء يوم القيامة وكلمه يثعب دماً، اللون لون الدم، والريح ريح المسك)) (٢) رواهما البخاري من حديث أبي هريرة . واتە: سوێند بەو كەسەى كە گیانى منى بەدەستە هیچ یەكێك نییە كە بریندار بكرێت لە پێناوى خوادا و هەر خوا خۆیشی دەزانێت كە كێ لەپێناوى ئەودا بریندار دەبێت ئیلا لە رۆژى دواییدا ئەو كەسە دێت و برینەكەى خوێنى لێ دێتەدەرەوە كە ڕەنگەكەى ڕەنگى خوێنە و بۆنەكەى بۆنى میسكە.

بەڵام ئەو كەسەى كە ڕووكەش و زاهیرى چاكە و بۆخوا صولحاوە ئەوا ئومێدى ئەوەى پێ دەخوازین و شاهێدى بۆ نادەین و گومانى خراپیشی پێ نابەین. وە ئومێدبوونیش واتە – رجاء  - پلەیەكە لەنێوان دوو پلەدا، و لەدونیادا مامەڵەى شەهیدى لەگەڵدا دەكەین و جا ئەگەر لە جیهاد لە پێناوى خوادا كوژرابێت ئەوا هەربە خوێن و جلوبەرگەكەى خۆیەوە بەبێ نوێژكردن لەسەرى بەخاك دەسپێررێت، و ئەگەریش لە جۆرى شەهیدەكانى تر بێت ئەوا دەشۆررێت و كفن دەكرێت و نوێژى لەسەر دەكرێت.

چونكە ئەگەر ئێمە شاهێدیمان دا بۆ كەسێك كە ئەو شەهیدە ئەوا ئەو شاهێدیە ئەوە دەخوازێت كە ئەوەش بڵێین بەوەى كەلە بەهەشتدایە و ئەمەش پێچەوانەى ئەوەیە كە ئەهلى سوننە لەسەرین ئەوەى كە شاهێدى بەهەشت نادەن بۆ كەس ئیلا كەسێك نەبێت كە پێغەمبەرى خوا  شاهێدى بۆ دابێت، بە وەصف یان خودى كەسەكە، بەڵام زانایانى تر دەڵێن دروستە شاهێدى بەهەشت بدرێت بۆ كەسێك كە ئوممەت یەكڕا بێت لە وەصف و بەچاكە باسكردنیدا و شێخى ئیسلام ابن تیمیە – رحمەالله – ئەم بۆچوونەى هەیە.
بەم شێوەیە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە دروست نییە شاهێدى بۆ كەسێكى دیارى كراو بدەین بەوە كە شەهیدە ئیلا بە دەق یان یەكڕایی ئوممەت لەسەرى، بەڵام ئەوەى زاهیى كەسێكى چاك وبۆخوا صولحاوبوو ئومێدى ئەوەى بۆ دەخوازین وەكو باسی كرا و ئەمەش بەسە بۆ پایە وپێگەى ئەو كەسە و زانینیش لاى خوایە – سبحانە وتعالى-.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب الجهاد والسير، باب أفضل الناس مؤمن يجاهد بنفسه وماله في سبيل الله ... (2787) .
(٢) أخرجه البخاري، كتاب الجهاد والسير، باب من يجرح في سبيل الله عز وجل (2803) .

سەردان: ٢,٥١٦ بەش: بیروباوه‌ڕ