حوكمى عیبادەتێك چییە كە ڕیا و پێش چاوى تێ بكەوێـت؟
حوكمى ئەو جۆرە عیبادەتە سێ شێوەى هەیە:
شێوەى یەكەم: سەرەتا ویست ونیەتى كەسەكە بۆ ئەنجامدانى عیبادەتەكە بریتی بووە لە ڕیاو پێشچاوى بۆ خەڵكى وەكو كەسێك كە هەڵدەستێت نوێژ دەكات بۆ ڕیا ولەپێناوى ئەوەى خەڵكى وەصف و ستایشی بكەن لەسەر جوانێتى نــوێـژەكەى ئەمەش بەتاڵ كەرەوەى عیبادەتە.
شێوەى دووەم: ئەوەیە ڕیا و پێشچاویەكە لە میانەى عیبادەتەكەدا بەشداربێت وتووشی كەسەكە بێت: بەو مانایەى كە كەسەكە سەرەتا ئیخلاصی هەبوەو بۆ خوا ئەو عیبادەتەى دەست پێكردووە، پاشان تووشی ڕیا هاتووە لە ناو عیبادەتەكە، جا ئەم عیبادەتەش لەدوو حاڵەت دەرناچێت:
حاڵەتى یەكەم: ئەوەیە سەرەتا و كۆتایی عیبادەتەكە بەیەكەوە نەبەستێت، چونكە سەرەتاكەى دروست وتەواوبووە بەڵام كۆتاییەكەى بەتاڵ ونادروست بووە.
بۆ نمونە: پیاوێك سەد ریالى هەیە و دەیەوێت بیبەخشێت وبیكات بە صەدەقە، جا پەنجاى بە ئیخلاصی دەبەخشێت، پاشان بۆ پەنجاكەى ترى تووشی ریا دەبێت، بۆیە پەنجاكەى یەكەمى صەدەقەیەكى وەرگیراو و دروستە و ئەوەى دواییش بەتاڵە لەبەر تێكەڵبوونى ئیخلاص بە ریا.
حاڵەتى دووەم: ئەوەیە سەرەتا وكۆتایی عیبادەتەكە ببەستێت بەیەكەوە و لەو كاتەشدا كەسەكە لە دوو بار وحاڵى بۆ هەیە:
حاڵى یەكەم: پاڵ بە ڕیاكەوە بنێت و دڵخۆش نەبێت پێى بەڵكو هەوڵى دەركردنى بدات و ڕقی لێى هەبێت، ئەوەش هیچ كاریگەریەكى نابێت لەبەر ئەوەى پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((إن الله تجاوز عن أمتي ما حدثت به أنفسها ما لم تعمل أو تتكلم)) (1) . واتە: خواى گەورە چاوپۆشی كردووە لەنووسینى تاوان لەسەر ئوممەتەكەم لەحاڵەتى قسەى ناخ ودڵدا مادام نەیكردووە بە كردەوە یان بە زمان نەیوتووە.
حاڵى دووەم: دڵخۆشە بە ڕیا كە و پاڵى پێوە نانێت بۆ دەركردنى، لەم حاڵەتەشدا هەموو عیبادتەكە بەتاڵ دەبێتەوە چونكە سەرەتاكەى پەیوەستە بە كۆتاییەكەیەوە.
بۆ نمونە: كەسێك لەسەرەتاوە بە ئیخلاص و نیەتێكى پاكەوە دەست دەكات بە نوێژ كردن پاشان تووشی ڕیا دەبێت لە ركاتى دووەمدا بەوەش هەموو نوێژەكە بەتاڵ دەبێتەوە لەبەر پەیوەستى سەرەتا و كۆتایی عیبادەتەكە پێكەوە.
شێوەى سێ یەم: ئەوەیە كە لە كۆتایی عیبادەتەكە تووشی ڕیا دەبێت، ئەوەش هیچ كاریگەرى نییە وبەتاڵى ناكاتەوە چونكە بە جوانى و تەواوەتى ئەنجامى داوە.
وە ئەوەش ڕیا نییە كە كەسێك حەز بكات و دڵخۆش بێت بەوەى خەڵكى بە عیبادەتى ئەم بزانن، چونكە ئەوە لەدواى كۆتایی هاتنى عیبادەتەكە تووشی بووە، وە ئەوەش لە ڕیا نییە كە كەسێك خۆشحاڵ بێت بە عیبادەتى خۆى، چونكە ئەوە بەڵگەى ئیمانەكەیەتى، وەكو پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: ((من سرته حسنته وساءته سيئته فذلك مؤمن)) (2) واتە: ئەوەى چاكەكەى دڵخۆشی بكات و خراپەكەى دڵتەنگ وبێتاقەتى بكات ئەوا باوەڕدارە.
وە پرسیاریش كراوە لە پێغەمبەرى خوا ﷺ سەبارەت بەوە، ئەویش فەرموویەتى: "تلك عاجل بشرى المؤمن" (3) . واتە: ئەوە مژدەى پێشوەختى باوەڕدارە.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام
زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
(1) أخرجه البخاري، كتاب الطلاق، باب: والطلاق في الإغلاق والمكره والسكران ... ومسلم، كتاب الإيمان، باب تجاوز الله عن حديث النفس (127) .
(2) أخرجه الترمذي، كتاب الفتن، باب ما جاء في لزوم الجماعة (2195) .
(3) أخرجه مسلم، كتاب البر والصلة، باب: إذا أثنى على الصالح (2034) .