ئایا پێناسەى جۆرەکانى تەوحید ( توحيد الربوبية ، توحيد الألوهية ، توحيد الأسماء والصفات) چیە؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم : توحيد الربوبية
بریتی یە لەبەتاك دانانی خوا بە كارەكانی ، بەوەی كە بەندە بڕوای وابێت بەتەنها الله بەدیهێنەری هەموو مەخلوقاتە، ڕۆزی دەریانە، خاوەنیانە، بەڕێوەبەری تەواوی كاروبارەكانیانە، شەو و رۆژ ئاڵوگۆڕ دەكات و بەسەر یەكتردا دەیانهێنێت، زیندوو دەكاتەوەو دەمرێنێت، بەتوانایە بەسەر هەموو شتێكدا.
دووەم: توحيد الألوهية
بریتی یە لە بەتاك دانانی خواى گەورە لە پەرستن و عیبادەتەکاندا وەكو دوعا و نەزر و سەربڕین و ئومێدخواستن و پشت پێ بەستن و هاوشێوەكانی كە زانایان باسیان كردووە.
وە ئەم جۆرەش لە جۆرەكانی تەوحید ، بریتیە لە كرۆكی بانگەوازی هەموو پێغەمبەران ، چونكە ئەوە بنچینەیەو كردەوەكانی تری لەسەر بونیاد دەنرێت ، وە بەبێ پەیڕەو وپیادەكردنی ئەم جۆرە تەوحیدە كردەوەكان ڕاست و ڕاساڵ نابن و بەڵكو دژەكەی دێتەكایەوە كە ئەویش شیرك و هاوبەش بڕیاردانە بۆ خوا.
سێیەم : توحيد الأسماء والصفات
بریتی یە لە باوەڕبوونێكی تەواو بەوەی كە خوای گەورە چەند ناوێكی باش و جوان و سیفاتگەلێكی بەرز و تەواوی هەیە ، كە لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەرەكەیدا ﷺ هاتوون، ئەو زاتەش هەموو صیفاتێكی تەواوی هەیە و پاك و بێگەردە لەهەموو صیفاتێكی ناتەواو و كەموكورت و تاك و جیاوازیشە بەوە لەهەموو دروستكراوەكان.