من حالەتێكى ناخۆشم بەسەردا هاتووە ئەویش توشى وەسوەسە هاتووم لە ڕاستى دا ئەو وەسوەسەى من توشى بومە لە كوفرەوە نزیكە ئایا چى بكەم تاكو لەم حاڵەتە خۆم بپارێزم؟
بسم الله الرحمن الرحيم
یەكێك لە سیلاحەكانى شەیتان بۆ دژایەتى كردنى ئادەمیزاد بریتیە لە دروست كردنى (وسوسە) لە دڵى ئادەمیزاد دا ئەمەش جەنگێكى كۆن و بەردەوامى شەیتانە لەو كاتەوەى خواى گەورە ئادەمى دروستكردووە دواى ئەوەى خواى گەورە بە ئادەمى فەرموو لەبەهەشتدا بن خۆت و خێزانت وە لەبەروبوومى بەهەشت بخۆن تەنها ئەو دارە نەبێت بەڵام شەیتان ختورەى بۆ ئادەم كرد وەك خواى گەورە دەفەرموێ: {فَوَسْوَسَ إِلَيْهِ الشَّيْطَانُ قَالَ يَا آدَمُ هَلْ أَدُلُّكَ عَلَى شَجَرَةِ الْخُلْدِ وَمُلْكٍ لَّا يَبْلَى} (120) سورة طـه
تا ئادەم لە دارەكەى خوارد و ئەو كارەش بووەهۆى دەركردنى لەبەهەشت و لەدەستدانى ئەو بەخششەى خوا و ناردنى بۆ سەر زەوى جا خاوى گەورە دەفەرموێ: { وَلاَ تَتَّبِعُواْ خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ }سورة البقرة (168) واتە: شوێنى هەنگاوەكانى شەیتان مەكەون .
لێرەوە ئەوەمان دەست دەكەوێت شەیتان بۆ لەخشتە بردنى ئادەمیزاد بەیەكجار داواى شت ناكات بەڵكو هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ تاوەكو ئامانجەكانى بەدى دەهێنێ (وسوسە)ى شەیتان بوارەكانى زۆرن یەكێك لە بوارەكانى ئەوەیە كە خاوەنى ئەم پرسیارە ئاماژەى بۆ دەكات كە بریتى یە لە وسوسە بۆ كردن لە بابەتى بیروباوەڕ و كوفر پێ كردن لێرەدا ئەمەوێت ئەوە بەخاوەنى پرسیارو ئەوانەى ئەم جۆرەیان هەیە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئێوە ئیمانتان لە دڵدا هەیە و لەگەڵ كوفرو بێ باوەڕى دا دژایەتى دەكات وەك پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێ: (ذلك صريح الإيمان) .
بۆ چارەسەركردنى (وسوسە)زانایان دوو شتیان داناوە:
یەكەم: بەدەستهێنانى زانستى شەرعى بەتایبەت لەوەى كە شەیتان وەسوەسەى تیادا دەكات.
دووەم: وازهێنان و بەقسەنەكردن و بەدوادا نەچوونى ئەو ختورانەى شەیتان دەیانكات.
لەدواى ئەوانەش پەناگرتن بەخواى گەورە ونیاز پاكى بۆ خوا چونكە هەبوونى نیاز پاكى پاراستن و سەركەوتنى خوا مسۆگەر دەكات.
لەلایەن مامۆستا (خلیل أحمد)ەوە وەڵام دراوەتەوە