کەسانێک دەڵین ئێمە دەبێ خوامان خۆشبوێ نەک لێى بترسین وەڵامتان چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسانێک دەڵین ئێمە دەبێ خوامان خۆشبوێ نەک لێى بترسین وەڵامتان چیە؟
پرسیار:

ئایا چۆن خواى گەورە بپه‌رستین؟  له‌به‌ر خۆشویستنی؟ یان له‌به‌ر ترسان لێی؟ یاخود له‌به‌ر ئومێد پێبوونی ؟

وەڵامی زانای پایەبەرز صالح فوزان (خوا بیپارێزێت) .
ئەو پەرستشانەی کە فەرمان کراوە بەئەنجامدانیان سێ شت لەخۆ دەگرن ، ئەوانیش :
خۆشویستن و ترسان و ئومێد پێبوون.
وە پێویست دەکات هەر سێکیان پێکەوە هەبن لەپەرستشەکاندا ، چونکە ئەگەر کەسێک تەنها دەست بگرێت بەدانەیەکیانەوە و ئەوانی دیکە واز لێبهێنێ ئەوا بەتەواوی عیبادەت وپەرستشی خودای نەکردووە . چونکە : 
1-  عیبادەتکردن تەنها بەخۆشویستنی خودا کاری سۆفییەکانە .
2- وە عیبادەت کردن بەئومێدبوون ئەوە کاری مورجیئەکانە .
3- عیبادەتکردن تەنها بەلایەنی ترسان لەخودا ئەویش لەکاری خەواریجەکانە .
وە خۆشویستنی خودا ملکەچبوونی لەگەڵدا نەبێت بەعیبادەت کردن نایەتە ئەژمار ، هەر کەسێک شتێکی خۆشویست و ملکەچ نەبوو بۆی ئەوا عیبادەت نیە ،نمونەش خەڵکی منداڵ و ڕەفیقەکانی خۆش دەوێت ، و لەسوڵتان وبەرپرسەکانیش دەترسێت ، بەڵام ئەمانە یەکناگرێتەوە لەگەڵ عیبادەت ، بۆیە پێویستە خودامان لەهەموو کەسێک خۆشتربوێ ، وە لەهەموو کەسیش زیاتر بەگەورەی ڕابگرێ .
پێویستە ئەوە بزانین کە ترسان لەخودا پێویستی بەئومێد پێبوون و خۆشویستنیشە ، لەبەر ئەوە نابێ بەشێوەیەک لەخودا بترسیت کە ئومێدت پێی نەبێت و بێ هیوابیت ، کەواتە ترسان وئومێد پێبوون ئەگەر یەکیان گرت وا لەبەندە دەکەن هەڵبسێت بەئەنجامدانی کارو کردەوەی چاک ، چونکە ئومێدی بەوە هەیە خودا پاداشتی بداتەوە لەسەر گوێڕایەڵی کردنی ، وە بەهۆی ترسیشەوە واز لەتاوان و مەعصیەت دێنێ چونکە لەسزاکەی دەترسێ ، بەڵام ئەگەر کەسێک بێ ئومێدبوو ئەو کات کارو کردەوەی چاکە ئەنجام نادات ، وە ئەگەر ترسیشی نەبوو ئەو کاتە بێخەم ئەبێ لەسزای خوداو کارو کردەوەی خراپە ئەنجام دەدات .
خواى گەورە لە وەصفى پەیامبەرانیى دا دەفەرموێ :
‏{... ‏إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِينَ‏}‏ .
واته : ... چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ چالاک و گورجو گۆڵ بوون له‌ ئه‌نجامدانی هه‌موو خێرو چاکه‌یه‌کدا و نزای به‌کوڵیان ده‌کرد، به‌ ئومێدی ڕه‌حمه‌ت و به‌هه‌شتی ئێمه‌ و له‌ دۆزه‌خ و خه‌شمی ئێمه‌ ده‌ترسان و ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ گه‌ردن که‌چ بوون بۆ ئێمه‌.
بۆیە هەندێ لەزانایان فەرموویانە :
1- هەرکەسێک خوابپەرستێ تەنها لەبەر خۆشەویستی ، ئەوە سۆفیە .
2- وە هەرکەسێک خودا بپەرستێ تەنها لەبەر ترسان ئەوە حەروریە (خەواریجە).
3- وە هەر کەسێک خودا بپەرستێ بەهۆی ئومێدبوون بەتەنها ، ئەوە مورجیئەیە .
4- بەڵام هەر کەسێک خودا بپەرستێ بەهۆی خۆشویستن و ترسان و ئومێدپێبوون ، ئەوە ئیماندارە .
هەر وەکو چۆن خودای گەورە وەسفی بەندەکانی داوەتەوەو لەباسیاندا دەفەرموێت :
{‏أُولَئِكَ الَّذِينَ يَدْعُونَ يَبْتَغُونَ إِلَى رَبِّهِمُ الْوَسِيلَةَ أَيُّهُمْ أَقْرَبُ وَيَرْجُونَ رَحْمَتَهُ وَيَخَافُونَ عَذَابَهُ‏}‏ .

سەردان: ٤,٩٠٠ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان