بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٧٠٩ کۆی سەردان: ٨٧٤١٠٠
پرسیار لەوێنەدا
ئەگەر ئافرەتێک پێش مه‌غریب پاک ببێتەوە لە سوڕى مانگانە ئایا نوێژى نیوەڕۆ وعەسر دەکاتەوە یان نا؟

ئافرەتێک کاتی نوێژ هاتوە وتۆزێ دوای دەخات پاشان دەکەوێتە عادەوە ئایا ئەو نوێژە دوای پاک بونەوە قەزا دەکاتەوە؟
 هه‌روه‌ها ئەگەر پێش مه‌غریب پاک ببێتەوە ئایا نوێژ نیوەڕۆ وعەسر دەکاتەوە یان نا؟

 

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله صلى الله عليه وسلم، أما بعد: وەڵامی پرسیارەكەتم بەم شێوە بەش بەش كردوە تا بە ئاسان تۆ وئافرەتانی تریش لێی بگەن وببێتە سەرچاوە بۆیان لەم باسەدا بە حەول وقوەتی خوا سبحانە:

یەكەم وسەرەتا: بزانە زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی كە ئافرەت لە كاتی سوڕی مانگانەدا نوێژ ناكات وكردنیشی حەرامە وبیشی كات دروست نیە. لەبەر فەرمایشتەكەی پەیامبەر بۆ فاتیمەی كچی ئەبو حوبەیش: «دعي الصلاة قدر الأيام التي كنت تحيضين فيها، ثم اغتسلي وصلِّي» أخرجه البخاري ومسلم. واتە: «بە ئەندازەی ئەو ڕۆژانەی دەكەویتە سوڕی مانگانەوە واز لە نوێژ بهێنە ومەیكە، پاشان خۆت بشۆ ونوێژ بكە»، هەروەها دەفەرموێت: «أليست إحداكنَّ إذا حاضت لا تصوم ولا تصلي» أخرجه البخاري. واتە: «مەگەر كەسێكتان توشی سوڕی مانگانە هات واز لە نوێژ وڕۆژو ناهێنێت؟!» هەروەها دەفەرموێت: «إذا أقبلت الحيضة فدعي الصلاة». واتە: «ئەگەر سوڕی مانگانە هات واز لە نوێژ بهێنە ومەیكە».

دووەم: هەروەها بزانە زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو نوێژانەی قەزا ناكاتەوە ونایداتەوە دوای پاك بوونەوەی لە سوڕی مانگانە، لەبەر فەرمودەكەی عائیشە كە لە بوخاری وموسلمدا هاتووە ئەڵێ: «توشی سوڕی مانگانە دەهاتین، فەرمانمان پێ دەكرا بە گێڕانەوەی ڕۆژوو بەڵام فەرمانمان پێ نەدەكرا بە گێڕانەوەی نوێژ».

 سێیەم: ئەگەر ئافرەت لە سوڕی مانگانە پاك بوویەوە لە كاتی نوێژێك لە نوێژەكاندا، ئەوا فەرز وواجبە لەسەری ئەو نوێژەی لە كاتەكەیدا پاك بۆتەوە ئەنجامی بدات، بۆ نمونە: ئافرەتێك لە دوای نوێژی بەیانی -بۆ نمونە- پێش خۆر دەرچون بە نیو سەعاتێك پاك دەبێتەوە، كە دەتوانێت بە ئاسانی خۆی بشوات وغوسل بكات ودەست نوێژیش بگرێت، بە بۆچونی زانایان هەموویان فەرزە لەسەری نوێژی بەیانی بكات هەروەها بۆ نوێژەكانی تریش بە هەمان شێوە. گومانیش نیە لە فەرزێتی ئەم نوێژە لەسەری.

چوارەم: ئەی ئەگەر -بۆ نمونە- كاتی نوێژ بەیانی پاك بوویەوە، بەڵام یەك تۆز پێش خۆر هەڵاتن، بە ڕادەیەك ناگاتە غوسل دەركردن ودەست نوێژ شوشتن ونوێژ كردن، هەتا ئەوانە بكات كاتەكە تەواو دەبێت وخۆر هەڵدێت، بە بێ ئەوەی كەمتەرخەیشی كردبێت:

زانایان لەمەدا ڕاجیاوازن:

- كۆمەڵێكیان ئەڵێن: ئەنجامدان وگێڕانەوەی ئەو نوێژەی لەسەر نیە، ئەمەش ڕای پێشەوا مالك وئەوزاعی وزاهریەكان وكۆمەڵێكی شافعیەكانە، ئەڵێن: نوێژ بە بێ دەست نوێژ دروست نیە وكاتی نوێژیش دیاری كراوە، كەواتە مادام وایە ئەو نوێژەی لەسەر نیە.

لە ڕاستیشدا ئەم وتەیە وتەیەكی بێ هێز ولاوازە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەگەر كەسێك بێتە خەبەرە بە لەشگرانی وتۆزێك مابێت بۆ تەواو بوونی كاتی نوێژەكە، كە هەتا غوسل بكات ودەست نوێژ بشوات كاتەكە تێ دەپەڕێت، ئایا هەر خۆیان نوێژی لەسەر دەخەن یان ئەڵێن: فەرزە لەسەری؟ بەڵكو ئەڵێن: فەرزە لەسەری.

- وتەی دووەمیش: كە وتە وبۆچونە ڕاست وتەواوەكەیە وئیحتیاتی زیاتر تێدایە وبەڵگەكانیش شایەتن لەسەری، ئەویش ئەوەیە: گرنگ بگاتە كاتی نوێژەكە جیاوازی نیە لە نێوان كەمتەرخەمی كردن لە خۆشۆردن تا كاتی نوێژەكە ئەڕوا یان نا، یان ئەگاتە خۆ شۆردن یان پێ ناگات، یان ئەگاتە دەست نوێژ یان ناگات، ئەمەش ڕای ئەحمەد وسەوری وقەتادە وكۆمەڵێكە لە شافعیەكان. چونكە:

• كە گەیشتۆتە كاتی نوێژەكە، نوێژی لەسەر فەرز دەبێت بەڵام غوسلكردنی لەسەر پێویستە.

• هەروەها پەیامبەر صلی الله علیە وسلم ئەفەرموێ: «من أدرك ركعة من العصر قبل أن تغرب الشمس فقد أدرك الصلاة» أخرجه البخاري ومسلم. واتە: «هەر كەس بگاتە ڕكاتێكی نوێژی عەسر پێش خۆر ئاوا بوون ئەوا گەیشتۆتە نوێژەكە». جا زاهیری ئەم حەدیسە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسێك بگاتە بەشێكی كەمی كاتی نوێژێكیش ئەوا گەیشتۆتە ئەو نوێژەیە.

بێگومان ئەم بۆچونەش بۆچونێكی ڕێك وتەواوە ولەگەڵ دەقەكاندا یەك دەگرێتەوە. والله أعلم. بۆیە فەرزە لەسەر ئافرەت ئەو نوێژە بكات.

پێنجەم: بەڵام ئەگەر هاتو ئافرەت لە سوڕی مانگانە پاك بوویەوە لە كاتی دووەمی ئەو نوێژانەی كە جەمع دەكرێن، ئایا لەگەڵ كردنی نوێژی دووەمدا، نوێژی یەكەمیش دەكاتەوە؟ ئەو نوێژانەشی جەمع دەكرێن لەگەڵ یەكدا بریتیە لە: نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ عەسر، هەروەها نوێژی مەغریب لەگەڵ عیشا، بۆ نمونە: ئافرەتێك پاك بوویەوە لە سوڕی مانگانە دوای نوێژی عیشا، ئێستا ئەم ئافرەتە بە كۆدەنگی زانایان نوێژی عیشای لەسەر فەرزە، بەڵام ئایا نوێژی مەغریبیشی لەسەرە بیكات؟ بە هۆی ئەوەی نوێژی مەغریب لە كاتی جەمعدا لەگەڵ عیشا دەكرێت؟ نمونەیەكی تر: ئافرەتێك پاك بوویەوە لە سوڕی مانگانە دوای نوێژی عەسر وپێش نوێژی مەغریب، ئێستا ئەم ئافرەتە بە كۆدەنگی زانایان نوێژی عەسری لەسەر فەرزە، بەڵام ئایا نوێژی نیوەڕۆیشی لەسەرە بیكات؟ بە هۆی ئەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە كاتی جەمعدا لەگەڵ عەسردا دەكرێت؟

ئەمە خیلافی لەسەرە:

- كۆمەڵێكیان ئەڵێن: نوێژی یەكەمیشی لەسەرە، ئەمەش مەزهەبی جمهور وزۆربەی زانایانە؛ دەگێڕدرێتەوە لە ئیبن عەبباس وعەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف وئەبو هورەیرەوە لە هاوەڵان، هەروەها بۆچونی تاووس ونەخەعی وموجاهید وزوهری وڕەبیعەی شێخی ئیمام مالك ولەیس وئەبو سەور وئیسحاقی كوڕی راهەوەیه وحەكەم وئەوزاعی ومالكیەكان وشافعیەكان وحەنبەلیەكان وجگە لەوانیشە. ئەڵێن: ئەگەر لە كاتی نوێژی بەیانی یان نیوەڕۆ یا مەغریب پاك ببێتەوە نوێژەكەی پێش ئەوەی لەسەر نیە بیكات، چونكە ئەوە كاتی نوێژەكەی پێش خۆی نیە، بەڵام ئەگەر لە كاتی عەسر پاك بوویەوە، ئەوا پێویستە لەسەری نوێژی نیوەڕۆش بكات، یا ئەگەر لە كاتی عیشا پاك بوویەوە ئەوا پێویستە لەسەری نوێژی مەغریبیش بكات.

ئەڵێن: ئەمەش ڕیوایەت كراوە لە چەندین هاوەڵ وشوێنكەوتەی چاك وشوێنكەوتوانیانەوە وەك ئیبن عەبباس وعەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف، كە ئیبن موفلیح لە:«المبدع في شرح المقنع» (1/312) ئەڵێ: «وَلَمْ يُعْرَفْ لَهُمَا فِي الصَّحَابَةِ مُخَالِفٌ» واتە: «لە ناو هاوەڵاندا نەزانراوە كەس پێچەوانەی ئەم دووانەی كردبێت». هەروەها لە ئەبو هورەیرەیشەوە دەگێڕدرێتەوە. وجگە لەوانیش كە ناویان ڕابورد.

تەنانەت ئیمامی ئەحمەد ئەڵێ: «عَامَّةُ التَّابِعِينَ يَقُولُونَ بِهِ إِلَّا الْحَسَنُ وَحْدَهُ قَالَ: لَا تَجِبُ إِلَّا الصَّلَاةُ الَّتِي طَهُرَتْ فِيهَا» بڕوانە: «المبدع» لابن المفلح فی شرحه لـ«المقنع» لابن قدامە (1/312). واتە: «كۆی تابعین لەسەر ئەم بۆچونەن جگە لە حەسەن خۆی بە تەنها نەبێت ئەڵێ: فەرز نیە لەسەری مەگەر ئەو نوێژەی تێیدا پاك بۆتەوە».

هەروەها عەبدولڕەحمانی كوڕی ئەبو ئەلزیناد لە باوكیەوە دەگێڕێتەوە وتویەتی: «كَانَ مَنْ أَدْرَكْتُ مِنْ فُقَهَائِنَا الَّذِينَ يُنْتَهَى إِلَى قَوْلِهِمْ يَعْنِي مِنْ تَابِعِي أَهْلِ الْمَدِينَةِ يَقُولُونَ فَذَكَرَ أَحْكَامًا وَفِيهَا : الْمُغْمَى عَلَيْهِ لَا يَقْضِي الصَّلَاةَ إِلَّا أَنْ يُفِيقَ وَهُوَ فِي وَقْتِ صَلَاةٍ فَلْيُصَلِّهَا ، وَهُوَ يَقْضِي الصَّوْمَ ، وَالَّذِي يُغْمَى عَلَيْهِ فَيُفِيقُ قَبْلَ غُرُوبِ الشَّمْسِ يُصَلِّي الظُّهْرَ وَالْعَصْرَ ، وَإِنْ أَفَاقَ قَبْلَ طُلُوعِ الْفَجْرِ صَلَّى الْمَغْرِبَ وَالْعِشَاءَ . قَالُوا : وَكَذَلِكَ تَفْعَلُ الْحَائِضُ إِذَا طَهُرَتْ قَبْلَ غُرُوبِ الشَّمْسِ أَوْ طُلُوعِ الْفَجْرِ». أخرجه البيهقي في «السنن الكبير» (3/92) (1840) (كتاب الصلاة، جماع أبواب المواقيت، باب المغمى عليه يفيق بعد ذهاب الوقتين فلا يكون عليه قضاؤهما).

واتە: «هه‌موو ئەوانەی ئێمە پێیان گەیشتین لە زانا وشارەزا وفەقیهەكانمان لە تابعیەكانی شاری مەدینە، بڕوایان وا بوو: ... ئەو كەسەی لە هۆش خۆی دەچێت (دەبورێتەوە) پێش خۆر ئاوا بوون بە هۆش دێتەوە نوێژی نیوەڕۆ وعەسر دەكات، ئەگەریش پێش نوێژ بەیانی بە هۆش هات نوێژی مەغریب وعیشا دەكات، هەروەها پێیان وا بوو: ئافرەتیش هەر وا دەكات ئەگەر لە سوڕی مانگانە پێش خۆر ئاوا بوون پاك بوویەوە، یا پێش سپێدە وفەجر پاك بوویەوە هەر وەك ئەوەی پێشو دەكات [واتە وەك ئەوە دەكات لە هۆش خۆی چوو بێت]».

هەروەها ئەڵێن: كاتی نوێژی دووەم كاتی نوێژی یەكەمیشە لە كاتی بوونی عوزردا، جا ئەگەر عوزردار بگاتە ئەو كاتە نوێژی ئەو كاتە ونوێژی پێشوشی لەسەر فەرز دەبێت.

شێخی ئیبن تەیمیە دەفەرموێ: «وَلِهَذَا كَانَ عِنْدَ جُمْهُورِ الْعُلَمَاءِ كَمَالِكِ وَالشَّافِعِيِّ وَأَحْمَد إذَا طَهُرَتْ الْحَائِضُ فِي آخِرِ النَّهَارِ صَلَّتْ الظُّهْرَ وَالْعَصْرَ جَمِيعًا، وَإِذَا طَهُرَتْ فِي آخِرِ اللَّيْلِ صَلَّتْ الْمَغْرِبَ وَالْعِشَاءَ جَمِيعًا، كَمَا نُقِلَ ذَلِكَ عَنْ عَبْدِ الرَّحْمَنِ بْنِ عَوْفٍ وَأَبِي هُرَيْرَةَ وَابْنِ عَبَّاسٍ؛ لِأَنَّ الْوَقْتَ مُشْتَرِكٌ بَيْنَ الصَّلَاتَيْنِ فِي حَالِ الْعُذْرِ، فَإِذَا طَهُرَتْ فِي آخِرِ النَّهَارِ فَوَقْتُ الظُّهْرِ بَاقٍ فَتُصَلِّيهَا قَبْلَ الْعَصْرِ . وَإِذَا طَهُرَتْ فِي آخِرِ اللَّيْلِ فَوَقْتُ الْمَغْرِبِ بَاقٍ فِي حَالِ الْعُذْرِ ؛ فَتُصَلِّيهَا قَبْلَ الْعِشَاءِ . وَلِهَذَا ذَكَرَ اللَّهُ الْمَوَاقِيتَ تَارَةً خَمْسًا وَيَذْكُرُهَا ثَلَاثًا تَارَةً ...» اهـ .

- كۆمەڵی دووەمیان: ئەڵێن: تەنها نوێژی ئەو كاتەی لەسەرە كە تێیدا پاك بۆتەوە نەك كاتەكەی تر. ئەمەش بۆچونی حەسەنی بەصری وقەتادە وحەمادی كوڕی ئەبو سولەیمان وسەوری وحەنەفی وزاهریەكانە.

- ئەمە هەر دوو بۆچونەكە، بۆچونێكی تریش هەیە كە دەكرێت بكرێتە بۆ چونێكی سەربەخۆ ومامناوەند ئەویش ئەوەیە: واجب نیە، بەڵام چاكتر وباشترە كە نوێژەكەی تریش بكات لەگەڵیدا لەبەر:

- ئەستۆ پاكی زیاتری تێدایە.

- لە شوبهەوە دوورترە.

- ئیحتیاتی تێدا زیاترە.

- هەروەها هیچ دەقێك نیە لە قورئان وسوونەتدا دژی ئەم كارە بێت بەڵكو ووەجهێكیشی هەیە.

- بە تایبەتیش لە زۆربەی تابعین وشوێنكەوتوانیان هاتووە هەروەها لە هاوەڵانیشەوە بە ڕادەیەك خیلافی ئەوەیان لێوە نەهاتوە وەك ئیبن موفلیح وتی، فەتوای سەردەمە زێڕینەكە بە گشتی لەسەر ئەمە بووە.

شێخ عوسەیمین ئەڵێ: «والأحوط هو العمل بقول جمهور العلماء، فتصلي الصلاتين معًا، ولا يلزمها أن تصلي صلوات اليوم كاملًا، وإن اقتصرت على الصلاة التي أدركت وقتها فقط، فنرجو ألا يكون عليها حرج». هەروەها شێخ عبدالكريم الخضير بۆچونی نزیكە لەمەوە.

لەم بۆچونەی سێیەمەشدا ڕاكان نزیكتر دەبن بە یەكترەوە، والله أعلم.

كەواتە: ئافرەتی موسڵمان باشترە هەردوو نوێژەكە بكات ئەستۆی پاكترە وبۆ دینی بێوەی ترە.

شەشەم : ئەگەر كاتی نوێژێك هات وئافرەتەكە پاك بوو پاشان كەوتە سوڕی مانگانەوە، ئایا ئەو نوێژەی لەسەرە قەزای بكاتەوە، یان نا؟

لەم بارەوە زانایان جیاوازیان هەیە:

وتەی یەكەم ئەوەیە: فەرزە لەسەری قەزای بكاتەوە، وئاوڕ نادرێتەوە بۆ عوزردار وبێ عوزر وكەمتەرخەم وناكەمتەرخەم، ئەمەش بۆچونی شەعبی ونەخەعی وقەتادە وئیسحاق وحەنبەلیەكانیشە. بەڵگەشیان ئەەویە: چۆن ئەگەر تۆزێكی كاتەكە بمێنێت فەرزە لەسەری بیكات، ئاوهاش مادام كاتی نوێژەكە هاتوە وپاك بووە فەرزە لەسەری ئەبێت بیداتەوە.

ئەم بۆچونەش تەواوە إن شا‌ء الله لە هەمو بۆچونەكان زیاتر لە مەبەست وزاهری دەقەكانەوە نزیكترە وڕاستترە والله أعلم. چونكە پەیامبەر صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێ: «من أدرك ركعة من العصر قبل أن تغرب الشمس فقد أدرك العصر». هەروەها كە داخلی كاتەكە بووە لەسەری فەرز بووە، ئیتر پێویستی بە بەڵگە هەیە لەسەری بخرێت وهیچ بەڵگەیەكیش نیە.

بۆچونی دووەم: ئەگەر ئەوەندە لە كاتەكە تێ پەڕی بە ئەندازەی ماوەی نوێژەكە كە بیكات وتوانای كردنی هەبێت ئەوە فەرزە بیداتەوە ئەگەرنا نەخێر، بە كەمتەرخەمی بێت یا نا، ئەمەش بۆچونی شافعیەكانە. وەكو كەسێك وایە زەكاتی لەسەر فەرز ببێت وپارەشی هەبێت وبشتوانێت بیدات بەڵام نایدات تا پارەكە دوای ئەوە لەناو دەچێت ودەفەوتێت. ئەوا فەرزە لەسەری زەكاتە بدات. ئەم بۆچونەش نزیكە لە یەكەمەوە.

بۆچونی سێیەم: ئەو نوێژەی لەسەر نیە، ئەمەش بۆچونی حەممادی كوڕی ئەبو سولەیمان وموحەممەدی كوڕی سیرین وئەوزاعی وئەبو حەنیفە وحەنفیەكان ومالكیەكان وزاهریەكان وئیبن تەیمیەیەیە.

بێگومان وتەی تەواو وپەسەند وڕاستیش –خواش زاناترە- بریتیە لە یەكەم كە فەرزە لەسەری بیكاتەوە.

مامۆستا على خان



سەردان: ٦٧٥ بەش: حەیز و نیفاس

ئەگەر کەسێک مرد و یەکێک لە ددانەکانی ئاڵتوون بوو دروستە دەرى بێنین ؟ئایا ناشتنى مردوو بەڕۆژ باشە یان بەشەو؟ دروستە لە دواى عیشا تا بەیانى مردوو دابنرێ؟