ئایا لە كڕین و فرۆشتندا ڕێژەیەكی دیاری كراو دانراوە بۆ قازانج: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە كڕین و فرۆشتندا ڕێژەیەكی دیاری كراو دانراوە بۆ قازانج
پرسیار:

ئایا لە كڕین و فرۆشتندا ڕێژەیەكی دیاری كراو دانراوە بۆ قازانج وەرگرتن یان بێ سنوورە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

كەسێ ماڵێكی بۆ بازرگانی یان بۆ خۆی كڕی دروستە بیفرۆشێتەوە زیاتر لە بەهاكەی خۆی كە پێی داوە بە حازر بێ یان بە قەرز، هیچ سنوورێك نازانین دیاری كرابێت لەوە بەدەر دروست نەبێت، ئەوەندە هەیە سوك و ئاسان كردن لە سەر موسڵمانان پێویستە لە بەر ئەو بەڵگانەی هاندەرن بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام ئەگەر شتێك نرخەكەی زانراو بوو نابێ موسڵمان بیفرۆشێت بە كەسێكی نەزان بە زیاتر لەو نرخە، مەگەر ڕاستی پێ بڵێ چونكە ئەوە جۆرە فێڵێكی تێدایە، موسڵمانیش برای موسڵمانە و نابێ ستەم و فێل و ناپاكی لەگەڵ بكات، بەڵكو دەبێ ئامۆژگاری بكات هەموو كات پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرموویەتی: ((الدين النصيحة)) الحديث (ئیمامی موسلیم ڕیوایەتی كردوە)، هەروەها لە بوخاری و موسلیم دا هاتووە لە جەریرى كوڕی عەبدوڵڵای یەمانیەوە كە فەرموویەتی: پەیمانم دا بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە سەر نوێژ كردن و زەكات دان و ئامۆژگاری كردنی هەموو موسڵمانێك.
هەر وەها لە فەتوایەكی تردا ئەڵێن: قازانج وەرگرتن لە كڕین و فرۆشتن دا سنووری دیاری كراوی بۆ دانەنراوە بەڵكو بە پێ ی زۆرو كەمی بوون و داوا لە سەر بوونە (العرض والطلب) بەڵام بۆ موسڵمان - بازرگان بێت یان كەسێكی ئاسایی - چاكتر ئەوەیە لە كڕین و فرۆشتن دا نەرم و نیان و بەخشندە بێت، وە بێ ئاگایی بەرامبەرەكەی نەقۆزێتەوە و فێڵى لێ بكات بەڵكو مافی برایەتی ڕەچاو بكات (وەلامی لیژنەی هەمیشەیی فەتوای ژ 4552 كتێبی (فتاوى اللجنة الدائمة): ب 13 / ل 89).

تێبینى: ئەم پرسیار و وەڵامە لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست لەگۆشەى (وەڵامى شەرعى بۆ پرسیارى خوێنەران بڵاوكراوەتەوە). لە ئامادەكردنى بەڕێز مامۆستا خلیل أحمد

سەردان: ٢,٥٩٦ بەش: کڕین و فرۆشتن