حوكمی حەج و عومرە كردن چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی حەج و عومرە كردن چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى
حەج و عومرە هەردووكیان واجبن یەك جار لە ژیاندا لەسەر هەموو موسڵمانێكی باڵغ بووی عاقڵی ئازادی بەتوانا لە لاشەو ماڵ، كە ڕێگەشی پێ بدرێت و ئەمین بێت، خوای گەورە فەرموویەتی:

[ وَلِلّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً] (سورة آل عمران: 102).

واتە: حەجی ماڵی خوا واجبەو حەقێكی خوایی یە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی توانایان هەبێت.

وە پێغەمبەر فەرموویەتی: (( إِنَّ الْعُمْرَةَ قَدْ دَخَلَتْ فِي الْحَجِّ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ)) صحيح مسلم.
واتە: عومرەش هاتۆتە ناو حەج كردنەوە تا رَۆژی قیامەت، كەواتە عومرەش واجب بووەو پێویستە هەردوكیان بكرێن.
وە عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) پرسیاری كرد لە پێغەمبەری خوا : (هَلْ عَلَى النِّسَاءِ جِهَادٌ ؟).
واتە: ئایا ئافرەتان جیهاد كردنیان لە سەرە؟ فەرمووی : (نَعَمْ ، عَلَيْهِنَّ جِهَادٌ لا قِتَالَ فِيهِ ، الْحَجُّ وَالْعُمْرَةُ) رواه أحمد والنسائي صحيح على شرط مسلم.
واتە: بەڵێ جیهادێكیان لەسەر واجبە جەنگی تێدا نیە كە ئەو جیهادەش حەج و عومرەیە.
كەواتە ئافرەتیش وەكو پیاو حەجی لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەو مەرجانەی پێشودا پێویستە مەرجێكی تریشی تێدا بێت كە ئەویش بریتیە لە : ( لەگەڵ بوونی مێردەكەی یان پیاوێكی مەحرەم بۆی ) بۆ ئەوەی بتوانێت سەفەر بكات بۆ حەج.
عبدالله ی كوڕی عەباس (رەزای خوای لێ بێت) ووتی : گوێم لێ بوو پێغەمبەری خوا دەیفەرموو (لا يخلو رجلٌ بامرأة إلاّ ومعها ذو محرم، ولا تسافر المرأة إلاّ مع ذي محرم ) رواه مسلم/ 1341.
واتە: با هیچ پیاوێك لە گەڵ ئافرەتێكی بێگانەدا تەنها نەبێت، ئیللا مەگەر ئافرەتەكە مەحرەمێكی خۆی لەگەڵ بێت، وە باهیچ ئافرەتێكیش سەفەر نەكات ئیللا بە مەحرەمەوە نەبێت.
پیاوێكیش كە ئەو فەرمودەیەی بیست هەستاو ووتی: ئەی پێغەمبەری خوا خێزانم خۆی دەرچووە بەرەو حەج، وە منیش بەنیازی فڵانە غەزوەم كە بۆ جیهاد بچم، پێغەمبەریش فەرمووی: بڕۆ دەرچۆو بگە بە خێزانت و لەگەڵ ئەودا حەج بكە.

-------------------------------

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سود وەرگیراوە لە كتێبی : (حـــەج و عــومـره فەزڵ و چۆنیەتى و حوكمەكانى بە گوێرەی بەڵگەكانی قورئان و سوننەت ) له نوسینى بەڕێز (دکتۆ عبداللطیف أحمد)

سەردان: ٥,٦٣٠ بەش: حوکمى حەج و عومرە