هەندێك گەنج لەم سەردەمەدا كەمتەرخەمى و بایەخ و گوێنەدانیان بەفێرنەبوونى بیروباوەڕ لێ دەبینرێت: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هەندێك گەنج لەم سەردەمەدا كەمتەرخەمى و بایەخ و گوێنەدانیان بەفێرنەبوونى بیروباوەڕ لێ دەبینرێت
پرسیار:

هەندێك گەنج لەم سەردەمەدا كەمتەرخەمى و بایەخ و گوێنەدانیان بەفێرنەبوونى بیروباوەڕ لێ دەبینرێت، وەخۆیان بەشتانێكى لاوەكییەوە خەریكردوە، كەوابوو ئامۆژگاری بەڕێزتان چییە بۆ ئەو جۆرە كەسانە ؟

بسم الله الرحمن الرحيم 

ئامۆژگارى گەنجان و جگە ئەوانیش لەموسوڵمانان دەكەم لەپێش هەموو شتێك بایەخ و گرنگى بەبیروباوەڕ بدەن چونكە بیروباوەڕ ئەو بنەمایەیە كە وەرگرتن و رەتكردنەوەى هەموو كردەوەكانى لەسەر بنیات دەنرێت گەر هاتوو بیروباوەڕ ڕاستەقینە و دروست بوو، گونجاو بوو بەوەى پێغەمبەران سەلامى خوایان لەسەر بێت هێناویانە، بەتایبەت كۆتاى پێغەمبەران محمد () هەموو كردەوەكان قەبووڵ دەكرێن گەر هات و تەنها بەدڵسۆزى و بەپێی شەرعى خوابێت، بەڵام گەر هات و بیر باوەڕى مرۆڤی پوچەڵ یان گومڕا كە بنیات نرابێت لەسەر داب و نەریتى باب و باپیران یان شەخس پەرستى، ئەوە قەبوڵ ناكرێت و رەتدەكرێتەوە هەرچەندە دڵسۆزبێ ومەبەستى تەنها خوا بێت، چونكە خواى گەورە تەنها كردەوەیەك وەردەگرێت بەدڵسۆزى بۆ خوا كرابێ و پوخت بێت (لەسەر سوننەت بێت)، هەركەس ئەیەوێت ڕزگار بێ و موسڵمانێكى ڕاستەقینە و كردەوەكانى قەبوڵ بێ، پێویستە بایەخ بە بیرو باوەڕى ڕاستەقینەو دژەكان و نەساز و كەمكەرەوەكانى بدات بۆ ئەوەى كردەوەكانى لەسەر بنیات بنێت ئەمەش تەنها بەفێربونى ئەو بیرو باوەڕە دەبێت لاى زانایانى چاوڕۆشن و خاوەن زانستى كامڵ دەبێت ئەو زانایانەى ئەم بیرو باوەڕەیان لەسەلەفى ئەم ئوممەتەوە وەرگرتوە خواى گەورە بە پێغەمبەر () دەفەرموێت: [فَاعْلَمْ أَنَّهُ لا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَاسْتَغْفِرْ لِذَنْبِكَ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ] (محمد:19).
ئیمامى بوخارى ڕەحمەتى خواى لێ بێ سەرباسێكى داناوە بەناوى (العلم قبل القول والعمل) لێرە ئەم ئایەتە پیرۆزەى هێناوه [فَاعْلَمْ أَنَّهُ لا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ ] (محمد:19)
ئەبینیت خواى گەورە یەكەمجار فەرمان بەزانستى شەرعى دەكات پێش وتەو كردەوە، خواى گەورە دەفەرموێت: [وَالْعَصْرِ (1) إِنَّ الأِنْسَانَ لَفِي خُسْرٍ (2) إِلا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ] خواى گەورە سەلامەت بوونى لەو زیانە بەستوەتەوە بەچوار مەسەلەوە:
یەكەم: ئیمان، واتە: بیر و باوەڕى ڕاستەقینە.
دووەم: كردەوەى چاك و وتەى چاك، كردەوەو وتەى چاكى (عطف) كردووە بەسەر ئیماندا ئەمەش لەجۆرى (عطف الخاص على العام) چونكە كردەوە لەئیمانە كەوابوو (عطف) كردنى بۆ بایەخدانە بەكردەوە.
سێیەم: (وتواصوا بالحق) واتە: بانگەواز دەكەن بۆ خوا و فەرمان بەچاكە دەكەن و قەدەغەى خراپە دەكەن دواى ئەوەى كەبایەخیان بەخۆیاندا و ڕێگاى ڕاستیان ناسى، بانگى خەڵكیشیان كرد بۆ ئەو مەبەستە چونكو موسڵمان فەرمانى پێكراوە بانگەوازى خەڵك بكات بۆلاى خواى گەورە و فەرمان بەچاكەو نەهى لەخراپە بكات.
چوارەم: (وتواصوا بالصبر)، واتە: ئارامگرتن لەسەر ئەوماندووبوون و ناڕەحەتییانەى لەوڕێگایەدا توشیان دەبێت، موسڵمان خۆشبەخت و كامەران نابێت تائەو چوار مەسەلەیە لەخۆیدا جێ بەجێ نەكات، بەڵام گرنگى دان بە ڕۆشنبیرى گشتى و بابەتى ڕۆژنامەگەرى و وتەى خەڵك و ئەوەى لەجیهاندا ڕودەدات ئەمانە دواى جێ بە جێ كردنێ یەكخواپەرستى و جێ بەجێ كردنى عەقیدە دەیان نوَڕێتێ بەمەبەستى ناسینەوەى خێر لەشەڕ و وریابوون لەوەى ڕوودەدات لەخراپە وپڕوپاگەندە بەڵام ئەمە دواى ئەوە دەبێت كە خۆى بەئیمان بەخواى گەورە و ئیمان بەپێغەمبەرى خوا () و خۆ ڕازاندنەوە بەزانستى شەرعى، بەڵام ئەگەر بچێتە ناو بوارەكانى رۆشنبیرى و كارى ڕۆژنامەگەرى و سیاسەتەوە بەبێ زانستى شەرعى بە ئایین وعەقیدەكەى ئەم جۆرەكەسانە هیچ سودێك نابینن بەڵكو خەریك دەبن بەشتێكى بێ كەڵكەوە و ناتوانێت ڕاستیى و باتڵ لەیەك جیابكاتەوە، زۆر لەوانەى نەفامن بەم عەقیدەیە و بایەخیان بەم شتە لاوەكییانە داوە گومڕابوون و خەڵكیشیان گومڕا و سەرلێشێواو كردووە بەهۆى ئەوەى چاوڕۆشنى و زانستى شەرعییان نییەتا بتوانن چاك و خراپ لێك جیابكەنەوە و چۆن چارەسەرى كێشەكان دەكرێت، بۆیە كەلێن و ناتەواوى و نەزانین لاى زۆربەى خەڵك دروست دەبێت چونكە بەبێ ئەوەى شارەزاییان هەبێت بە عەقیدەكەیان و چاوڕۆشن بن دەستییان وەرداوەتە بوارەكانى ڕۆشنبیرى و بوارەكانى سیاسەت، بۆیە دوا ئەنجام ڕاستى بەباتڵ و ناڕەوا دەزانن و باتڵیش بەهەق و ڕاستى (وەڵامى شێخ صالح بن فوزان الفوزان).

تێبینى: ئەم پرسیار و وەڵامە‌ لە گۆڤارى ڕێگاى ڕاست لەگۆشەى (وەڵامى شەرعى بۆ پرسیارى خوێنەران بڵاوكراوەتەوە). لە ئامادەكردنى بەڕێز مامۆستا خلیل أحمد

سەردان: ٢,٨٩١ بەش: بیروباوه‌ڕ