بە کورتى ڕەوشتى بانگخواز دەبێ چۆن بێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بە کورتى ڕەوشتى بانگخواز دەبێ چۆن بێ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەكەمینیان : ئیخلاص و نیەت و نیازپاكی : پێویستە لەسەر بانگخواز كەوا نیەت و نیازپاك بێت بۆ خوای گەورە ، ڕیا و پێشچاوی و سومعەت و ناوبانگ و ستایش و پیاهەڵدانی خەڵكی مەبەست نەبێت .
دووەم : دەبێت لەسەر بەرچاوڕۆشنی بێ لە دەعوە و بانگەوازكردنەكەیدا واتە دەبێت لەسەر علم و زانست بێت ، نابێت جاهیل و نەزان بێت بەوەی كە دەعوە و بانگەوازی بۆ لا دەكات.
سێ‌یەم : دەبێت پشوودرێژ و لەسەرخۆ بێت لە دەعوە و بانگەوازكردنەكەیدا ، وە نەرم و نیان و خۆڕاگر و زۆر بە صەبر و ئارام بێت تێیدا .
چوارەم : هەروەها لەو ڕەوشت و سیفاتانەی كە دەبێت بەڵكو واجب و پێویستە كەسی بانگخواز لەسەری بێت و تێیدا هەبێت : كردەوە كردنە بە دەعوە و بانگەوازەكەی ، وە پێویستە ببێتە سەرمەشق و پێشەنگێكی صاڵح و چاك لەوەدا كە دەعوە و بانگەوازی بۆلا دەكات ، نەك لەو كەسانە بێت كە بانگەشە دەكات بۆ شتێك و پاشان خۆی وازی لـێ‌دەهێنێت ، وە یان نەهی و ڕێگری لە شتێك دەكات و پاشان خۆی دەیكات و تێوەی دەگلێت ، ئەمە حاڵی خەسارۆمەندانە پەنا بە خوا لەوە .
مامۆستا محمد عبدالرحمن

 

سەردان: ٣,٠٦٢ بەش: مەرجەکانى بانگخواز