عەلمانیەکان دەڵێن ئیسلام زوڵمى لە ئافرەت کردووە ئایا وایە؟ وە ئافرەت پێش ئیسلام چۆن ڕەفتارى لەگەڵ دەکرا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
عەلمانیەکان دەڵێن ئیسلام زوڵمى لە ئافرەت کردووە ئایا وایە؟ وە ئافرەت پێش ئیسلام چۆن ڕەفتارى لەگەڵ دەکرا؟

الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده، أما بعد:
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە زۆرێك لە دەستەواژەكانی ڕاگەیاندنەوە ئەوەمان بە گوێدا دەدرێت كە ئیسلام ئاینێكە ستەمی لە ئافرەت كردووە و بێبەشی كردووە لەو مافانەی كە پێویستە پێ‌ی بدرێت، خاوەنی ئەم وتانەش یان موسڵمانێكی ساویلكەی تێنەگەیشتووی تەڵقین كراوە، یان دژە دینێكی ئارەزوو پەرستی بە پارە و پلە و پایە هەڵخەڵەتێنراوە، ئەوەندە ئەو قسانەیان وەكو تووتی دووبارە كردووەتەوە خەریكە ئافرەتانی موسڵمان تووشی گومان و دڵە ڕاوكێ‌ بكەن سەبارەت بە ئایینەكەیان، ئێمەش لەبەر مەترسی وشوێنەواری ئەو قسانە حەزمان كرد ئافرەتان بە بەشێكی زۆر كەم لەو مافانە ئاشنا بكەین كە ئایینەكەیان پێ‌ی بەخشیون و ئەوان لێی بێئاگان، بە هیوای ئەوەی ئافرەتان خۆشیان بەشێك لەو هەموو كاتانەی كە بەفیڕۆی دەدەن تەرخان بكەن بۆ تێگەیشتن لە ئایینەكەیان، چونكە بە ڕاستی شەرمەزاریە بۆ مرۆڤ لە سەردەمێكدا كە بە سەردەمی زانست ناسراوە خاوەنی بیروباوەڕێكی حەق بێت لەگەڵ ئەوەشدا شارەزاییەكی (ئەگەر چی كەمیش بێت) لە بارەی بیروباوەڕەكەیەوە نەیبێت، بۆیە داوامان لە خوشكانی موسڵمانمان ئەوەیە:هەوڵی شارەزابوون بدەن لە ئایینەكەیان، بۆ ئەوەی بە پیلانی نەیارانی ئەم دینە حەقە هەڵنەخەڵەتێن و لە ئایینەكەیان لا نەدەن.
بەراوردێك لە نێوان:
[مافەكانی ئافرەت لە سەردەمی نەفامی و سەردەمی ئیسلامدا]
1. لەسەردەمی نەفامی (جاهیلی)دا خەڵكی ڕقیان لە ئافرەت بوو، خوای گەورە دەفەرموێت: [وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُمْ بِالأُنثَى ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ ] (سورة النحل: 58).
واتە: خۆ ئەگەر مژدەی بوونی كچ بدرێت بە یەكێك لەو نەفامانە، ڕووی گرژ و تاڵا دەبێت و ڕەش دادەگیرسێت و سینەی پڕ دەبێت لە خەم و پەژارە.
ئافرەتیان بە سووك و بێ‌ ڕێز تەماشا دەكرد، و هەر بە زیندوویەتی دەیانكرد بە ژێر خۆڵەوە، بەڵام ئیسلام هات ئەو كارەی قەدەغە كرد، و بانگەشەی ئەوەی كرد و ئەوەی لەسەر موسڵمانان فەرز كرد كە پێویستە ڕێز لە ئافرەتان بگرن و لە گەڵیاندا چاك بن و مافەكانیان پێشێل نەكەن، خوای گەورە دەفەرموێت:
[وَإِذَا الْمَوْؤُودَةُ سُئِلَتْ * بِأَيِّ ذَنبٍ قُتِلَتْ] (سورة التكوير: 8-9).
واتە: كاتێك كچی زیندە بە چاڵا كراو پرسیاری لێدەكرێت. بە چ گوناهێك، بە چ تۆمەتێك كوژرا ؟!
وە پێغەمبەری خوایش فەرموویەتی: " من عال جاريتين – بنتين – حتى يبلغا جاء يوم القيامة أنا وهو كهاتين " (رواه مسلم).
واتە: هەركەسێك دوو كچ بە خێو بكات تاوەكو پێ‌ دەگەن و بالغ دەبن ڕۆژی قیامەت من و ئەو كەسە وەكو ئەم دوو پەنجەیە – نزیكین لە یەكەوە -.
هەروەها پێغەمبەری خوا فەرموویەتی:
" من ابتلى من هذه البنات بشيء فأحسن إليهن كنَّ له سترا من النار " (رواه البخاري ومسلم).
واتە: هەركەسێك خوای گەورە تاقی بكاتەوە بە پێ‌ بەخشینی كچ وە ئەویش باش بێت لەگەڵیاندا (بە جوانی بەخێویان بكات و پەروەردەیان بكات) ئەوا ستری دەكەن لە ئاگر.
2. لە سەردەمی نەفامی پێش ئیسلامدا خەڵكی میرات (ئەو پارە و ماڵەی مردوو دوای خۆی بە جێ‌ی دەهێڵێت) نەیان دەدا بە ئافرەت ئەگەر چی شیاوی وەرگرتنیشی بوایە، بەڵام كاتێك ئیسلام هات بە باشترین شێوە بەشە میراتی ئافرەتی دیاری كرد و مافی خۆی پێدا، خوای گەورە دەفەرموێت: [لِّلرِّجَالِ نَصيِبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالأَقْرَبُونَ وَلِلنِّسَاء نَصِيبٌ مِّمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالأَقْرَبُونَ مِمَّا قَلَّ مِنْهُ أَوْ كَثُرَ نَصِيبًا مَّفْرُوضًا] (سورة النساء: 7).
واتە: پیاوان بەشیان هەیە لەو شتانەدا كە باوك و دایك و خزمان بە میراتی لە دوایان بە جێ‌ دەمێنێت، هەروەها ژنانیش بەشیان هەیە لەو شتانەدا كە باوك و دایك و خزمان بە میراتی لە دوایان بە جێ‌ دەمێنێت، لە كەم و زۆری بەشی هەركەسێك دیاری كراوە و دەبێت بیدرێتی.
3. لە سەردەمی نەفامی پێش ئیسلامدا پیاوان وەكو چۆن ماڵ و موڵكی مردوویان بە میراتی وەردەگرت بە هەمان شێوەش خێزانی كابرای مردوویان وەكو میراتی بۆ خۆیان دەبرد، هەر كە پیاوەكە مرد پیاوێكی تر دەهات پۆشاكێكی دەدا بە سەر ئافرەتەكەدا و دەیوت: بوو بە بەشە میراتی من هەروەكو چۆن ماڵەكەیم بە میراتی برد، بەڵام ئیسلام ئەمەی حەرام كرد، خوای گەورە فەرموویەتی:
[يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ يَحِلُّ لَكُمْ أَن تَرِثُواْ النِّسَاء كَرْهًا] (سورة النساء: 9).
واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە دروست نیە بۆتان ژنان بە زۆر بكەنە میراتی خۆتان و دەستیان بەسەردا بگرن (وەكو كەلوپەلی تری ناو ماڵ).
4. لە سەردەمی نەفامیدا پیاو ڕێگر بوو لە شووكردنی ئەو خێزانەی خۆی كە تەڵاقی داوە هەتاوەكو هەموو ئەو شتانەی بۆ نەگێڕێتەوە كە لەسەر ژنەكە خەرجی كردووە، وە باوك كچەكەی و برا خوشكەكەی خۆی لە شووكردن قەدەغە دەكرد ئەگەر بیویستایە، وە پیاو خراپ مامەڵەی لەگەڵ خێزانەكەی دەكرد و تەڵاقی نەدەدا تاوەكو فیدیەی پێ‌ نەدایە.
خوای گەورە فەرموویەتی: [وَلاَ تَعْضُلُوهُنَّ لِتَذْهَبُواْ بِبَعْضِ مَا آتَيْتُمُوهُنَّ إِلاَّ أَن يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُّبَيِّنَةٍ] (سورة النساء: 19)
واتە: ناچاریان مەكەن تا هەندێك مارەییتان بۆ بگەڕێننەوە، مەگەر ئەوان گوناهێكی ئاشكراو دیار ئەنجام بدەن.
وە فەرموویەتی: [فَلاَ تَعْضُلُوهُنَّ أَن يَنكِحْنَ أَزْوَاجَهُنَّ إِذَا تَرَاضَوْاْ بَيْنَهُم بِالْمَعْرُوفِ] (سورة البقرة: 232).
واتە: ئێوە (ئەی كەس و كاری ژن) مەبنە كۆسپ لە ڕێگەیاندا ئەگەر ویستیان شوو بكەنەوە بە هاوسەرەكانیان (یاخود ویستیان شوویەكی تر بكەن)، كاتێك ئەوان لە نێوان خۆیاندا ڕەزامەندییان نواند بە شێوەیەكی جوان.
5. لە سەردەمی نەفامیدا ئافرەت بە دەست ستەمی مێرد و ڕەوشت خراپی و خراپ مامەڵەكردنیەوە دەیناڵاند، بەڵام كاتێك ئیسلام هات ئەمەی قەدەغە كرد، و فەرمانی بە پیاو كرد كە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و جوان مامەڵەی لەگەڵ ئافرەتدا هاوژینیان لەگەڵدا بە جوانی بەرنەسەر. بكات، خوای گەورە فەرموویەتی: [وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ] (سورة النساء: 19)..واتە: هاوژینییان لەگەڵدا بە جوانی بەرنەسەر.
وە فەرموویەتی: [وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ] (سورة البقرة: 228).
واتە: ژنان مافیان هەیە بەسەر پیاوانەوە بە وێنەی ئەو مافانەی كە بۆ پیاوانە لەسەر ژنان بە گوێرەی باو و نەریتێك كە پەسەندە لە ئیسلامدا.
6. لەسەردەمی نەفامیدا عیددەی ئافرەت لە دوای مردنی پیاوەكەی یەك ساڵ بوو، بەڵام كاتێك ئیسلام هات ئەم ماوەیەی كەم كردەوە و كردی بە چوار مانگ و دە ڕۆژ، خوای گەورە دەفەرموێت:
[وَالَّذِينَ يُتَوَفَّوْنَ مِنكُمْ وَيَذَرُونَ أَزْوَاجًا يَتَرَبَّصْنَ بِأَنفُسِهِنَّ أَرْبَعَةَ أَشْهُرٍ وَعَشْرًا] (سورة البقرة: 234).
7. ئیسلام وەصیەتی كردووە بە جوان ڕەفتاری و مامەڵەی باش لەگەڵ ئافرەتدا، پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: " واستوصوا بالنساء خيرا " (متفق عليه).
وە فەرموویەتی : " لا يفرك مؤمن مؤمنة إن كره منها خلقا رضي منها آخر " (رواه مسلم).
واتە: با پیاوی بڕوادار ڕق و كینە لە خێزانە بڕوادارەكەی هەڵنەگرێت، چونكە ئەگەر ڕقی لە ڕەوشتێكی بێت، لە ڕەوشتێكی تری ڕازیە.
وە فەرموویەتی : " خياركم: خياركم لنسائهم " (رواه الترمذي وقال حديث حسن صحيح).
واتە: چاكترینتان: چاكترینتانە بۆ خێزانەكانیان.
وە فەرموویەتی : " الدنيا متاع وخير متاعها المرأة الصالحة " (رواه مسلم).
وە پێغەمبەری خوا دیاری كردووە كە ئافرەتی چاك كامەیە و هەندێك لە سیفەتەكانی لەم فەرموودەیەدا دیاری كردووە:
" إذا نظر إليها سرَّته وإذا أمرها أطاعته وإذا غاب عنها حفظته في نفسها وماله " (رواه أحمد والنسائي).
واتە: ئەگەر پیاوەكەی تەماشای بكات دڵخۆش دەبێت، و ئەگەر فەرمانی پێ‌ بكات گوێڕایەڵی دەكات، و ئەگەر لێی دوور بكەوێتەوە (بۆ نموونە پیاوەكە بچێت بۆ سەفەر) ئابڕووی پیاوەكەی دەپارێزێت بە پاراستنی خۆی وە ماڵەكەشی دەپارێزێت.
والحمد لله الذي بنعمته تتم الصالحات

سەردان: ٦,١٣٩ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان