مافەکانى قورئان چیە لەسەر باوەڕداران؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مافەکانى قورئان چیە لەسەر باوەڕداران؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
بەڕاستی یەکێک لە گەورە ترین بەخششەکانی خوای پەوەردگار بەسەر ئەومەتی ئیسلامەوە بریتیە لە دابەزاندنی قورئان ، ئەو کتێبەی کە هیچ ناڕوونی و دژیەکیەکی تیانیە ، ئەو کتێبەی کە خوای پەروەدگار كردويەتی بە بەرنامەی ژیان و هۆکاری سەبەرزی بۆ هەر کەسێک کە دەستی پێوە بگرێت لە دونیا و دوا ڕۆژدا .
قورئان : بریتیە لە وتەی خوای پەروەردگار و دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەری خوا وە مرۆڤی دەستەوسان کردوە کە بتوانن هاوشێوەی بهێنن ، پەرەستنی خوا پەروەدگار دەکرێت بە خوێندنەوەی قورئان ، بە دەستمان گەیشتووە بە شێوازی تەواتور، پێک هاتووە لە (٦٠٤) لاپەڕە ، و ژمارەی سورەتەکانی ( ١١٤ ) سورەتە ، وە لە (٣٠) جزء پێکهاتووە و خوای پەوەردگار لە ماوەی (٢٣) ساڵدا دای بەزاند بۆ پێغەمبەری خوا .
ناوەکانی قورئان :
هەر لەبەر پایەداری قورئان خوای پەوەردگار بە چەندین ناو ناوی هێناوە ، لەوانە :
1- كلام الله : وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : (وَإِنْ أَحَدٌ مِّنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّىٰ يَسْمَعَ كَلَامَ اللَّهِ ) [سورة التوبة : 6]
2- الفرقان : وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : (تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَىٰ عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيرًا ) [ الفرقان :1]
3- الكتاب : وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : ( الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنْزَلَ عَلَىٰ عَبْدِهِ الْكِتَابَ وَلَمْ يَجْعَلْ لَهُ عِوَجًا ) [سورة الكهف: 1]
4- الذكر : وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : (وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ) [ النحل: 44 ]
5- حبل الله : وەکو خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : ( وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا) [آل عمران : 103 ]. وە بەچەندین شێوازی دیکە باسی کردووە .

مافەکانی قورئان :
وەکو ڕونیشە کتێبێک ئەوەندە گرنگ بێت بەلای خوای پەوەردگارەوە ، دەبێت چەندین مافی هەبێت بۆیە بەپشتیوانی خوای پەوەردگار باسی هەندێک لە مافەکانی قورئان دەکەین :
1- مافی باوەڕ هێنان بە قورئان : لە پێش ترین مافی قورئان بریتیە لە باوەڕهێنان پێی چونکە یەکێکە لە بنەماکانی باوەڕ وە ئەگەر کەسێک باوەڕی بە قورئان نەبێت ئەوا بە موسڵمان حساب ناکرێت ، چونکە خوای پەروەردگار لە قورئانە پیرۆزەکەیدا لەباسی باوەڕ دا دەفەرمووێت : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا آمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي نَزَّلَ عَلَى رَسُولِهِ وَالْكِتَابِ الَّذِي أَنْزَلَ مِنْ قَبْلُ وَمَنْ يَكْفُرْ بِاللَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا بَعِيدًا) [النساء: 136] واتا : ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە ، بەردەوام بن لەسەر باوەڕهێنانەکەتان بە خوای پەروەردگار و پێغەمبەرەکەی و وە بەو کتێبەی کە دایبەزاندووە بۆ سەر پێغەمبەرەکەی ، وە بەو کتێبانەش کە پێشتر دایبەزانووە بۆ سەر پێغەمبەران ، وە هەرکەسێک کوفر بکات بە خوای پەروەدگار و مەلائیکەکانی وە کتێبەکانی وە پێغەمبەرانی وە بەڕۆژی دوایی ئەوا گومڕا بووە گومڕابونێکی ئاشکراوە و لە ئاینی ئیسلام چوەتەوە دەرەوە. وە پێغەمبەری خواش دەفەرمووێت : (الإِيمَانِ : أَنْ تُؤْمِنَ بِاللَّهِ وَمَلائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وَتُؤْمِنُ بِالْقَدَرِ خَيْرِهِ وَشَرِّهِ ) [رواه مسلم : 8 ] واتا : باوەڕ بریتیە لەوەی کە باوەڕت هەبێت بەخوای پەوەردگار و بە مەلائیکەتەکانی و بە کتێبەکانی و بە پێغەمبەرانی و بە ڕۆژی دوایی وە باوەڕت بە قەدەر هەبێت بە خێر و شەڕیەوە .
2- مافی خوێندنەوەی قورئان : خوێندنەوەی قورئان بریتیە لە یەکێک لەو مافە ڕوون ودیارانەی کە خوای پەروەدگار فەرمانی پێکردووە ، ، وەکو دەفەمووێت : ﴿ اتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنَ الْكِتَابِ ﴾ [العنكبوت : 45] واتا : ئەو قورئانە بخوێنەرەوە کە بۆت دابەزێنراوە.
وە ئەم خوێندنەوەیەش پێویستی بە چەند بەمەرجێک هەیە لەوانە :
‌أ- خوێندنەوەی قورئان بە( تەجوید)ەوە : پێویستە لەسەر موسڵمان بەشێوازێکی جوان وڕێک قورئان بخوێنێتەوە و گرنگی بە خوێندنەوەی بدات نەوەک وەکو کتێبێکی دیکە سەیری بکات و وەکو ئەو بیخوێنێتەوە چونکە خوای پەوەردگار دەفەرمووێت : ﴿ وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا ﴾ [المزمل: 4 ] واتا :قورئان بخوێنەرەوە بە تەرتیل ، وەزانایانی لێکدەورەی قورئان دەفەرموون : واتا : بە لەسەر خۆیی و بەشێوازێک کە شوێن وەستان و شوێنی دەرچوونی پیتەکان دیار بێت .
‌ب- خوێندنەوەی قورئان بەدەنگی خۆش : پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کە قورئان دەخوێنێت هەوڵ بدات کە بەدەنگێکی خۆش بیخوێنێت چونکە پێغەمبەری خوا دەفەمووێت : (زینوا القرءان بأصواتكم فإن الصوت الحسن يزيد القرءان حسنا) [أخرجه الحاكم في المستدرك (1/768) و صححه الألباني في صحيح الجامع (3581)]. واتا : قورئان بڕازێینەوە بە دەنگە خۆشەکانتان ، چونکە دەنگی خۆش خۆشی زیاتر بە قورئان دەبەخشێت. وە لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرمووێت : (لیس منا من لم یتغن بالقرءان) [أخرجه البخاري (7089)] واتا : ئەو کەسە لە ئێمە نیە کە دەنگی خۆش ناکاتەوە لە کاتی قورئان خوێندندا.
‌ج- لەبەرکردنی قورئان : پێویستە لە سەر هەموو موسڵمانێک ئەوەندە قورئانی لەبەر بێت کە بتوانێت عیبادەتەکانی خۆی پێ ئەنجامبدات ، بەڵام پێویست نیە هەموو قورئانی لەبەر بێت ، وە ئەو کەسەی قورئان لەبەر دەکات زۆر قورئان دەخوێنێتەوە و ماندوو بونێکی زۆری لەسەر دەبینێت هەربۆیە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز پاداشتێکی زۆری تێدایە وەکو پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : (يقال لصاحب القرآن اقرأ وارتق ورتل كما كنت ترتل في الدنيا فإن منزلتك عند آخر آية تقرأ بها ) [رواه أبو داود (1464)] واتا : دەوترێت بە ئەو کەسەی کە هاورێی قورئانە : بخوێنە و بەرز ببەرەوە ، وە بخوێنەوە هەروەکو لەدونیادا دەت خوێندەوە شوێنی تۆ لە ئاستی کۆتا ئایەتدایە کە دەیخوێنیتەوە . وە زانایان فەرموویانە : مەبەست بە ( صاحب القرآن ) بريتيە لە ئەو کەسەی قورئانی لەبەرە.
3- مافی تێگەیشتن و وردبونەوە لە قورئان : ئەمە مەبەستێکی گرنگە لە دابەزاندنی قورئان وە کو خوای پەروەدگار لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت : ﴿ كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ مُبَارَكٌ لِيَدَّبَّرُوا آيَاتِهِ ﴾ [ ص: 29 ] واتا : ئەی پێغەمبەری خوا ئەوە وەحیەی کە بۆ تۆمان ناردووە : کتێبێکی پیرۆزە دامان بەزاندووە بۆ تۆ ، بۆ ئەوەی بیر بکەنەوە و ورد ببنەوە لە ئایەتەکانی و کار بکەن بە ڕێنمایەکانی و هیدایەتیەکانی .
هەر بۆیە خوای پەروەدگار لە وەصف و باسی بەندەچاکەکانی خۆیدا دەفەرمووێت : (وَالَّذِينَ إِذَا ذُكِّرُوا بِآيَاتِ رَبِّهِمْ لَمْ يَخِرُّوا عَلَيْهَا صُمًّا وَعُمْيَانًا) [ الفرقان: 73] واتا : بەندە چاکەکانی خوای پەروەدگار ئەوانەن کە ئەگەر ئایەتەکانی خوای پەروەدگاریان بیر بخرێتەوە ئەوا خۆیانی لێ بێئاگا ناکەن و بەسەریدا ناڕۆن وەکو کەڕ و کوێر ، کە هیچیان نەبینی و هیچیان نەبیستبێت ، بەڵکو لێێ تێدەگەن و بیری لێ دەکەنەوە.
وە هەروەها خوای پەروەدگار سەرزەنشتی ئەوکەسانەدەکات کە قورئان ناخوێننەوە بە تێگەیشتن و لێ وردبنەوەوە وەکو دەفەرمووێت : ﴿ أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَى قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا ﴾ [ محمد: 24 ] واتا : ئایا بۆ قورئان ناخوێننەوە بە لێ ورد بونەوە و تێگەیشتنەوە ، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە دڵەکانیان قوفڵی لێدراوە .

4- مافی بەگەورە دانانی قورئان : قورئان بریتیە لە وتەی خوای پەوەردگار و دای بەزاندووە بۆ سەر باشترینی پێغەمبەران وە کردویەتی بە بەرنامەی باشترینی ئەومەتەکان هەر بۆیە پێویستە بە بەڕیز و بە گەورە سەیر بکرێت ، وەکو خوای پەوەردگار لە وەصفی مەزنێتی و گەورەیی قورئاندا دەفەرمووێت : ﴿ لَوْ أَنْزَلْنَا هَذَا الْقُرْآنَ عَلَى جَبَلٍ لَرَأَيْتَهُ خَاشِعًا مُتَصَدِّعًا مِنْ خَشْيَةِ اللَّهِ ﴾ [ الحشر: 21 ] واتا : ئەگەر ئەم قورئانەمان دابەزاندایە بۆسەر کێوێک لە کێوەکان ئەوە دەتبینی چۆن ملکەچ و زەلیل و شەق شەق دەبوو لەترسی خوای پەروەردگار سەرەڕای ئەو بەهێزی و پتەویەی کە هەیەتی.
5- مافی کردەوە پێکردن : کردەوە کردن بەقورئان یەکێکە لە گرنگترین مەبەستەکانی دابەزاندنی قورئان ، وە گرنگترین مافی قورئان چونکە مافەکانی دیکەی قورئان وەکو پێشەکیەک وان بۆ ئەم مافە ، چونکە ئەگەر کەسێک قورئان نەخوێنێتەوە و لێ ورد نەبێتەوە و بەگەورەی نەزانێت ئەوا ناتوانێت کردەوەی پێ بکات ، هەر بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمان دەست گرتوو بێت بە قورئانەوە و کردەوەی پێ بکات و ڕەوشت و ئاکارەکانی بە گوێرەی قورئان بێت چونکە خوای پەوەردگار بۆ ئەو مەبەستە قورئانی دابەزاندووە وەکو دەفەرمووێت : (فَاسْتَمْسِكْ بِالَّذِي أُوحِيَ إِلَيْكَ إِنَّكَ عَلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ (43) وَإِنَّهُ لَذِكْرٌ لَكَ وَلِقَوْمِكَ وَسَوْفَ تُسْأَلُونَ (44) ) [الزخرف ] واتا : ئەی محمد دەست بگرە بەو قورئانەوە کە خوای پەوەردگار بۆی دابەزاندوویت ، تۆ لەسەر ڕێگای ڕاستیت ، وە ئەو قورئانە ڕێز و شکۆ مەندیە بۆ تۆ و قەومەکەت و وە لەڕۆژی دوایدا پرسیارتان لێ دەکرێت دەربارەی کردەوە کردن بەم قورئانە و شوکر کردنی خوای پەوەردگار لەسەری.
وە دایکە عائشە خوای لێ ڕازی بێت لە باسی پێغەمبەری خوادا دەفەرمووێت : (فإن خلق نبى الله -- كان القرآن) [ رواه مسلم : 1773] واتا : ڕەوشتی پێغەمبەری خوا وەکو قورئان بووە .

ئیمامی نەوەی بەڕەحمەت بێت لە ڕاڤەی ئەم فەرموودەدا دەفەرمووێت : ( معناه العمل به والوقوف عند حدوده والتأدب بآدابه وإِلاعتبار بأمثاله وقصصه) واتا : کردەوە کردن پێی و وەستان لە ئاست حدودەکانی دا ، جێ بەجێ کردنی ئاداب و ڕەوشتەکانی ، وە پەند وەرگرتن لە نمونە وچیرۆکەکانی .
6- مافی حوکم کردن بەقورئان : خوای پەوەردگار قورئانی دابەزاندووە کردویەتی بە بەرنامەی ژیان و پێویستی کردووە لەسەر موسڵمانان حوكمی پێبکەن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەکو دەفەرمووێت : (وَأَنِ احْكُمْ بَيْنَهُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ ) [المائدة : 49] واتا : پێغەمبەری خوا حوکم بکە لە نێوانیاندا بەوەی خوای پەوەروەدگار دای بەزاندووە . وە خوای پەوەردگار لە سەرزەنشت کردنی ئە کەسانەدا کە حوکم بە جگە لە قورئان دەکەن دەفەرمووێت : (أَفَحُكْمَ الْجَاهِلِيَّةِ يَبْغُونَ وَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّهِ حُكْمًا لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ ) [المائدة : 50] واتا : ئایا خەڵکی بە بە پشت کردن لە حوکمی قورئان حوکمی نەفامیان دەوێت ؟ بەراستی هیچ حوکمێک نیە باشتر بێت لە حوکمی خوای پەروەدگار بۆ کەسانێک کە زانا و ژیرن و جیاوزی دەکەن لە نێوان حوکمی دادپەوەری و حوکمی نەزانیدا .

 7- مافی گەیاندن وفێرکردنی قورئان : پێویستە لەسەر موسڵمان بانگخواز بێت با قورئانەکەی خوای پەوەردگار و خەڵکی فێری خوێندنەوەی قورئان بکات و حوکمەکانی قورئان بگەیەنێت بە موسڵمانان وەکو پێغەمبەری خوا دەفەرمووێت : (بلغوا عني ولو آية ) [رواه البخاري (3274) ] واتا : بيگەیەنن لەمنەوە ئەگەر تەنها ئایەتێکیش بێت .
وە هەروەها لە فەموودەیەکی تردا دەفەرووێت : (نضر الله امرأ سمع منا شيئا فبلغه كما سمع)[رواه البخاري (4739)] واتا: خوای پەوەردگار ڕووی ئەو کەسە درەوشاوە بکات کە شتێکمان لێوە دەبیستێت دەیگەیەنێت بەو شێوازەی کە بیستویەتی.
(خیرکم من تعلم القرآن وعلمه) [رواه البخاري (4739)] واتا : باشترينتان بريتيە لەوەی کە فێری قورئان دەبێت و خەڵکی فێری قورئان دەکات.
وەهەوەها دەبێت بزانین ئەو قورئانەی خوای پەوەردگار دای بەزاندووە بریتیە لە بازرگانیەکی نەبڕاوە و خێر و پاداشتێکی بەردەوام بۆیە ئەگەر موسڵمان ئەم مافە بەجێ بگەیەنن ئەوا چەندین پاداشتیان بۆهەیە ، لەوانە :
1- پلە بەرزی دونیا ودواڕۆژ .
2- دەست کەوتنی پاداشتێکی زۆر .
3- شەفەعاتکاری موسڵمانە لە داواڕۆژدا.
4- تاجی ڕێز وشکۆ دەکرێتە سەری.
5- جل و بەرگی ڕێز وشکۆی لەبەر دەکرێت .
6- دەبێتە ئەهلی خوای پەروەدگار و تایبەتمەندەکانی.
7- ئەو کەسەی قورئان دەخوێنێت باشترین کەسە.
8- هەرکەسێک شوێن قورئان بکەوێت لە دونیادا گومڕا نابێت و لە قیامەتیشدا خەسارەتمەند نابێت.
وە ئەگەر پشت بکەین بەجێگەیاندنی مافەکانی قورئان ئەوا چەندین خێر وپاداشتمان لەدەست دەچێت و توشی چەندین ناخۆشی دەبین ، لەوانە :
1- ناخۆشی ناوگۆڕی توش دەبێت .
2- لە قیامەتدا بەکوێری حەشر دەکرێت .
3- رەقبوونی دڵەکان چونکە دڵ بەیادی خوا نەرم دەبێتەوە.
چەندین ناخۆشی دیکەش .
ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٧,٦٦٣ بەش: مافەکان