زیانەکانى جگەرە کێشان چین؟ وە باشترین چارەسەر بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان چى یە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زیانەکانى جگەرە کێشان چین؟ وە باشترین چارەسەر بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان چى یە؟

پێشەكى:
الحمد لله رب العالمين والصَّلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن تبعه بإحسان إلى يوم الدين، أما بعد:
خواى پەروەردگار دەفەرموێت [يَسْأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ ] (المائدة:4) لەم ئایەتە دا خواى گەورە هەموو جۆرە خواردنێكى باش و بەسوود بۆ لەش و چالاكى مرۆڤ حەڵال دەكات و قبوڵ ناكات ئیمانداران لاواز ببن لە لەش و تەندروستیان.
هەروەها خواى پەروەردگار دەفەرمێت: [وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ] [الأعراف: 157] .
واتە: خواى گەورە شتە پاك و بەسودەكانى بۆ حەڵاڵ كردوون و شتە پیس و زیان بەخشەكانى لێ قەدەغە و حەرام كردوون.
وە هەروەها دەفەرمێت: [وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ] [البقرة: 195] . واتە: بەدەستى خۆتان خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.
هەروەها پێغەمبەرى خوا دەفەرموێت: ((لا ضرر ولا ضرار)) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم: (250). واتە: نە زیان لەخۆت بدە و نەلە خەڵكیش.
ئاینى پیرۆزى ئیسلام هەموو جۆرەكانى خواردنى باش حەڵاڵ دەكات و قورئانى پیرۆز ئیمانداران هان دەدات لەسەر خواردنى هەموو جۆرەكانى خۆراك و خواردەمەنى یەكى پاك و باش وەكو گۆشتى باڵندە و وگۆشتى دەریایی و هەنگوین و ماست و هەنجیر و خورما و زەیتون و تەیرى سمان (سلوى) و جۆرەكانى دیكەى خۆراكى بەهێزكەر بۆ لەشى مرۆڤ.

بەڵام جۆرەكانى خۆراكى خراپ و زیانبەخش كە لە قورئانى پیرۆز بە (خبائث) هاتووە حەرام كراوە لە شەرعى ئیسلام چونكە دەبێتە هۆى تێكدان لە تەندروستى لەش و دەروون و مێشكى مرۆڤ. واتە ئەو جۆرە خۆراك و خواردەمەنى یانەى كە لە قورئانى پیرۆز و لە فەرموودەكانى پێغەمبەرى خوا هاتوون و حەرام كراون وەكو گۆشتى سەربراو بۆ غەیرى خوا و گۆشتى ئاژەڵى مردوو (لحم الميتة‌) و خوێن و گۆشتى بەراز و مەى (خمر) و هەموو جۆرەكانى باڵندەى خاوەن چنگ (مخلب) و ئاژەڵى گۆشت خۆر و ئاژەڵى خاوەن كەڵبە ددان (ناب) وەكو هاتووە لە فەرموودەیەك لە سونەنى أبی داود ( أن النبي نهى عن أكل كل ذى ناب من السبع وعن كل ذى مخلب من الطير) (صحيح الألباني- سنن أبي داود 3/355 فەرموودەى ژمارە 3803) تەنها ئەوە نى یە ئەم جۆرە خواردنە زیانبەخشانە حەرام كراون، بەڵكو هەموو جۆرە خواردن و خواردەمەنى یەك كە بەوتەى زانایانى پایەبەرزى ئەهلى سوننە هاتوون كە ئەم جۆرە خواردنە زیانبەخشە و حەرامە وەكو جگەرە. هەروەها جگەرە نەناسراوبوو لە كاتى پێغەمبەرى خوا ، بەڵام زانایانى پایەبەرزى ئەهلى سوننە فەتواى حەرامدانى جگەرەیان داوە چونكە زیان و مەترسى زۆرە لەسەر تەندروستى مرۆڤ و دەبێتە بەشێك لە جۆرەكانى خواردنى زیانبەخش و ترسناك (خبائث).
پێكهاتە زیانبەخشەكانى جگەرە چى یە؟
لە ڕاستى دا لە دواى شیكردنەوەیەكى پزیشكى وورد لە تاقیگەزانستیەكان دەركەوت كە دووكەڵى یەك جگەرە پێكهاتووە لە ژمارەیەكى زۆر لە ماددەى ترسناك و زیانبەخش لەسەر تەندروستى مرۆڤ وەكو:
1- یەكى ئۆكسیدى كاربۆن CO: گازێكى ژەهراویە بۆن و ڕەنگى نى یە.
2- دووەم ئۆكسیدى كاربۆن CO2: ئەم گازە لەگەڵ گازى یەك ئۆكسیدى كاربۆن CO بەپێكەوە دەبنە هۆى دەركردن و لە دەستدانى ئۆكسجین لە هەردوو سێنگ و لە خوێنەوە و دەبنە ژەهراو لە لەشدا.
3- گازى گۆگردى هایدرۆجین.
4- ئەمۆنیا.
5- ترشى كاربۆلیك.
6- جۆرەكانى ترشى ئازادكراو وەكو خلیك و نملیك و نایترۆیك كە تێكەڵاو دەكرێن بۆ نەرم كردنى دووكەڵى جگەرە.
7- نایترۆبیریدین (ماددەیەكى سەرەكى یە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە "سرطان").
8- تار (قەتران- قطران) (دەبێتە هۆى تووشبوون بە شێرپەنجەى سێنگ) كە ڕەنگێكى قاوەیی خەست دەدات بە جگەرە.
9- زەرنیخ (ئەمەش ماددەیەكى كیمیایە لە ناو دەرمانەكانى چارەسەركردنى ڕووەكى توتن بەكاردێت بۆ لەناوبردنى مێروو "حشرات").
10- خۆڵەمێش (رماد)ى گەڵاى جگەرە.
11- نیكۆتین كە زیانێكى زۆرى هەیە لەسەر دڵ و سووڕى خوێن لەناو لەشدا، ئەم ماددەیە زۆر ترسناكە و لە توێژینەوەیەكى زانستى دەركەوت كە بڕى ئەم ماددەیە لە 20 جگەرە ئەگەر بەشێوەى دەرزى بدرێت بە یەكجار لە سمتەوە دەبێتە هۆى مردنى كتوپڕى كەسەكە.
12- تێكەڵاوكردنى توتنى جگەرە لەگەڵ ماددەى ئەلكووڵ (كحول).
توێژینەوەى تاقیگە پزیشكیەكان سەبارەت بە مەترسى یەكانى جگەرەكێشان
بۆ دەرخستنى مەترسى و ترسناكى جگەرە لەسەر مرۆڤ بە توێژینەوەیەكى پزیشكى لەسەر كەسانێكى جگەرەكێشى تووشبوو دەركەوت كە:
یەكەم: هەڵمژینى دووكەڵى یەك جگەرە و چوونەوەى دووكەڵەكە لە ناو سێنگ و دەركردنى دووكەڵەكە لە دواى دەركەوت كە دووكەڵەكە خەست نەبوو چونكە ماددەى تار (قەتران) كە ڕەنگى قاوەیی دەدات بە دووكەڵى جگەرە دەمێنێتەوە لە ناو سێنگ بە شێوەى نیشتە.
دووەم: لە دواى یەك دانە جگەرەكێشان بۆ كەسى جگەرەكێشى تووشبوو دەركەوت ئەو كەسە تواناى نەبوو دەستى خۆى بە ووردى بجوڵێنێت بۆ ئەنجامدانى كارێكى وورد لەسەر ئامێرێكى كارەبایی و هەڵەى زۆرى دەكرد چونكە تووشى لەرزین بوو لە هەردوو دەستى بە هۆى جگەرەكێشان.
سێ یەم: لە بەشى تیشك (أشعة‌) لە نەخۆشخانە دەركەوت كە كەسى تووشبوو بە جگەرەكێشان سێنگى ڕەنگى ڕەش بوو و كێشى سێنگى زیاتر بوو لە پێش تووشبوون بە جگەرەكێشان بە هۆى هەڵگرتنى بەشێكى زۆر لە ماددەى نیكۆتین و تار (قەتران) و بەشەكانى دیكەى ماددە كیمیاییەكانى ناو جگەرە.

مەترسى یەكانى جگەرەكێشان لەسەر دەروون و ڕەفتارى كەسەكە
مرۆڤى تووشبوو بە جگەرەكێشان ڕاهاتوو دەبێت لەسەر ئەم كارە زیانبەخشە چونكە لەشى داواى دەكات، هەروەها جگەرەكێشان دەبێتە هۆى تێكدانى ڕەوشت و رەفتارى كەسى تووشبوو بەم كێشەیە و ژیانى ڕۆژانەى دەگۆڕێت بەرەو نائارامى و دەبێتە كەسێكى تووڕە (هەڵچوو) و تووشى دڵەڕاوكێ (قلق) دەبێت ئەگەر دوورخرا لە جگەرەكانى بۆ هەر هۆكارێك وەكو ڕۆژووگرتن یان بە فەرمانى پزیشك یان نەبوونى پارە بۆ كڕینى. هەروەها كەسى تووشبوو بە جگەرەكێشان ناتوانێت مێشكى خۆى بە ووردى بخاتە سەر كتێبێك بۆ خوێندنەوەى یان هەر كارێك لەو كارانە كە پەیوەندى بە مێشكەوە هەیە بە بێ جگەرەكێشان. هەروەها كەسى تووشبوو بەم كێشەیە ناتوانێت بە بێ جگەرەكێشان لە جێگاى نووستن هەڵبسێت.
كێشەكانى دیكەى جگەرەكێشان چى یە لە ڕووى پزیشكى یەوە؟
جگەرەكێشان دەبێتە هۆى كەم و كوڕى لە ویست و ڕەفتارى ڕۆژانەى مرۆڤى تووشبوو و تەندروستى گشتى لەشى تێكدەدات و ئەعسابى خاودەكات لە دواى هاندانى و ووریاكردنى و دەبێتە هۆكارێك بۆ تووشبوونى لاوان بە نەخۆشى سیل و نەخۆشىیەكانى دڵ وەكو نەخۆشى دڵەكوتێ (دڵ لێدان بە شێوەیەكى ناڕێك "دڵ دەشەكێتەوە"). هەروەها توتن سڕكەرێك (مخدر)ى ژەهراویە لەم سەردەمەدا زۆر بڵاوبووە و بوەتە هۆى تووشبوونى خەڵك بە جۆرەكانى نەخۆشى ترسناكى جۆراوجۆر لە كۆمەڵگاى خۆمان لە كوردستاندا وەكو نەخۆشى ترسناكى شێرپەنجە (سرطان)ى سى (وەكو لە نەخۆشخانەكان دەبینرێت بە شێوەى ڕۆژانە).
باشترین چارەسەر بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان چى یە؟
1- گرنگترین چارەسەر بۆ ئەم كێشە ترسناكە ئەوەیە كە دەبێت كەسى تووشبوو باوەڕ بكات بە زیانبەخشى جگەرە لەگەڵ پشت بەستن بە خواى پەروەردگار و دوعاكردن لە خواى گەورە بۆ یارمەتیدانى لەسەر وازهێنان لە جگەرەكێشان بە نیەتى تەوبەت كردن و پاراستنى تەندروستى خۆى چونكە لەشى مرۆڤى تووشبوو ئەمانەتە لەسەرى تا ئەو ڕۆژەى دەمرێت.
2- زۆر خواردنى خورما و ماستى مانگا لە دواى وازهێنان لە جگەرەكێشان كە دەبێتە هۆى پاككردنى لەش لە زیانەكانى نیكۆتین بە ویستى خواى گەورە و ڕێژەكەى كەم دەبێت لە خوێن و هەروەها لەش داواى ئەم ماددە ترسناكە ناكات لە دواییدا.
3- خواردنەوەى گیراوەى گێزەر و تەماتە لە دواى نان خواردنى نیوەڕوان بە شێوەى ڕۆژانە تا ماوەى یەك مانگ دەبێتە هۆى پاڵاوتن و پاككردنى خوێن لە ماددەى نیكۆتینى جگەرەى ترسناك، هەروەها خواردنەوەى گیراوەى عرقسوسى شلەتێن دەبێتە هۆى زیادكردنى بەرگرى لەش بەرامبەر بە ماددە ژەهراویەكان چونكە ماددەى كۆرتیزۆنى ئاسایی تیایە.
4- خۆپاراستن لە بیركردنەوە لە جگەرە بە بەكارهێنانى سیواك (سیواك كردن) بە ڕێژەیەكى زۆر وەكو لە سوننەتى پێغەمبەرى خۆشەویستمان s هاتووە، هەروەها بە مژینى مێخەك (قرنفل) و بە ئەنجامدانى هەناسەدانێكى قووڵ بۆ چەند جارێك (20 جار) بە بێ جگەرە لەگەڵ دەركردنى هەناسەكە لە سێنگەوە بە فراوانى وەكو چۆن بیركردنەوە لە جگەرە دەردەكرێت وایە (ئەمەش 2 سەعات جارێك دووبارەبكرێت و لە دواى ئەوە پێویستى بە جگەرە زۆر كەمتر دەبێت تا چاكبوونەوە).
دوایین ووتە
لە كۆتاییدا: دەبێت كەسى تووشبوو بە جگەرەكێشان ڕاستى یەكى پزیشكى بزانێت كە لە دواى ماوەیەكە هەست بە لاوازییەك و بێ هێزییەكى گشتى دەبێت و لە دواى سەردانى نەخۆشخانە و ئەنجامدانى پشكنینێكى پزیشكى بۆى دەردەكەوێت كە تووشى شێرپەنجەى هەردوو سى یەكانى بووە و لە دواى ماوەیەكى كەم لەشى زۆر لاواز و بێ توانا دەبێت و هەناسەدانى تێكدەچێت و هەست بە خنكاندن دەكات لەگەڵ ئازارێكى توندى نائاسایی بەردەوام تا مردنى بە شێوەیەكى كتوپڕ (ئەمەش لە نەخۆشخانەدا دەبینرێت بە شێوەى ڕۆژانە). خواى گەورە بمانپارێزێت. [وَذَكِّرْ فَإِنَّ الذِّكْرَى تَنفَعُ الْمُؤْمِنِينَ] سورة الذاريات (55). والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته

بەشی پزیشكی ماڵپەڕی وەڵامەکان

سەردان: ٦,١٣٥ بەش: پزیشکى