ئێمەی موسڵمان فەرمان پێكراوین بەوەی نزیكی زینا نەكەوینەوە، كە بێگومان نەزەركردن و سەیركردنی ئافرەتان لەلایەن پیاوانی نامەحرەمەوەو بەپێچەوانەشەوە یەكێكە لە نزیكترین هۆكارەكانی تووش بوون بەزینا وداوێن پیسی وتەنانەت ئەویش بەزینای چاو ناسراوە.
جا لێرەدا بەكورتی باسی سوود و چاكیەكانی چاوداخستن دەكەین بەرانبەر بەكەسی نامەحرەم كە پێشەوا (ابن قیم الجوزية) بەڕەحمەت بێت باسی فەرمووە لە كتێبی [رَوضَةُ الـمُحِبينْ وَنـُزهةُ الـمُشتَاقِيـنْ ] بۆ ئەوەی زیاتر هاندەرمان بێت بۆ ئەو جۆرە عیبادەتە:
یەکەم : پاڵفتەكردنی دڵ لە ئازارو ناڕەحەتی ئاه و حەسرەت كێشان: چونكە ئەو كەسەی چاوی بەرەڵا بكات ئەوا حەسرەتی بەردەوام دەبێت، زیانبەخشترین شت لەسەر دڵ بەرەڵاكردنی چاوە چونكە ئەوەی پیشان دەدات كە ئارەزووی دەكات، تاوا لە دڵ دەكات ناتوانێت ئارام بگرێت لەسەر ئەو شەهوەتەو ناشتوانێت پێی بگات بە ئاسانی بۆیە لەو ناڕەحەتیەدا دەمێنێتەوە ودەخولێتەوە.
دووەم : چاو بەرەڵاكردن تاریكی دەهێنێت بەسەر دڵ و دەم وچاوو ئەنداماندا وەكو چۆن چاوداخستن ڕووناكی ونورێك دەخاتە نێو دڵ و ناخ و دەم وچاوەوە.
سێەم : ئەگەر دڵ ڕووناك وپاڵفتە بوو ئەوا شارەزایی وچاوڕوونی لە ناسینی شتەكاندا بەدی دێت،چونكە دڵ وەكو ئاوێنەی پاك وایە هەرچی لەبەرانبەری بوەستێت وەكو خۆی پیشانی دەدات، و نەزەریش وەكو هەڵم وفووپیاكردن وایە بۆی هەتا نەزەركردن زۆرتر بێت ئاوێنەكە تەڵـخ دەبێت و لێڵیەك ڕووی ئاوێنەكە دادەگرێت!!
چوارەم : چاوداخستن دەبێتە هۆی ئاسان كردن و كردنەوەی دەرگاو دەروازەی زانست وزانیاری وهۆكارەكانی بۆ ئاسان دەبێت تا وای لێ دێت بەهەوڵێكی كەم زانستێكی زۆری چنگ دەكەوێت.
پێنجەم : ئەوەی پێچەوانەی هەوا و ئارەزووی بكات شەیتان لێی دەترسێت: چونكە بەو كارە دڵ ئازاو دامەزراو و بەهێز دەبێت، هەندێك لە پیاوچاكان وتوویانە: خەڵكی بەدوای عیززەت وسەربەرزیدا دەگەڕێن لای دەرگای دەسەڵاتداران، بەڵام نایدۆزنەوە تەنها لەگوێڕایەڵی كردنی خوادا نەبێت، چونكە ئەوەی گوێڕایەڵی خوا بكات ئەوا خوا پشتیوانی وپشتگیری لێ دەكات وسەری دەخات وبەپێچەوانەشەوە.
شەشەم : چێژی داوێنپاكی گەورەترە لەچێژی تاوان: چاوداخستن دەبێتەهۆی دڵخۆشی ودڵشادی و سنگفراوانیەك لەناخدا كە گەورەترو بەردەوامترە لە چێژو لەززەتی تاوان وسەرپێچی، چونكە لەفەرموودەدا هاتووە كە هەركەسێك واز لەشتێك بهێنێت لەبەر خوا ئەوا خوا قەرەبووی دەكاتەوە بۆی بەشتێك لەوە باشتر.
حەوتەم : نەزەر دەرگای شەهوەتە و دەیوروژێنێت: هەركەس ئەو دەرگایە بكاتەوە ئەگەری زۆری هەیە تووشی ئەو تاوانە بێت كە بەچاو سەیری دەكات و دڵ خوازیاری دەبێت و دەرگای شەیتان دەكاتەوەو زیاتر بەرەو هەڵدێر دەچێت، ئەوەش بزانە كە خۆشیەكەی كورتە وپەشیمان بوونەوەكەی ناخۆشتر ودرێژترە....
هەشتەم : چاو بەرەڵاكردن لە عەقڵ سووكیەوەیە: چونكە چاوداخستن دەبێـتە هۆی بەهێزبوون وزیادبوون و دامەرزاوبوونی عەقڵ وهۆش، هەمیشە بیركردنەوە لەچارەنووسی تاوان وسەركێشی.
نۆیەم : نەزەر وەكو مەی وایە: چونكە چاوداخستن هەمیشە دەبێتە هۆی بەئاگایی مرۆڤ لەدڵ وئەندامەكانی جەستەی و لە بێئاگایی وسەرخۆشی دەری دەكات، و چاو بەرەڵاكردن بێ ئاگایی دەهێنیت بەسەردڵ وعەقڵدا، كەوابوو نەزەر كوپێكە لەشەراب و عاشق بوونیش حاڵەتی سەرخۆشیە، وە سەرخۆشی عەشق زۆر سەختترو خراپترە لەسەر خۆش بوون بە مەی وشەراب، چونكە سەرخۆشی مەی بەخەبەردێتەوە بەڵام سەرخۆشی عەشق دەگمەنە بەئاگابێتەوە وەكو ئەوە وایە لە ڕیزی مردووان بێت.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.