مەرجەكانى تەوبەكردن چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەكانى تەوبەكردن چین؟

بسم الله الرحمن الرحيم
برای ئازیز و خوشكى بەڕێزم..
تەوبەكردن كۆمەڵێك مەرجی هەیە ئەبێت تێیدا بەدی بێت وەگەرنا ئەو تەوبەكردنە بە گەڕانەوەى هەقیقی هەژمار ناكرێت، جا بۆ ئەوەى تەوبەكەت لێ قبوڵ بكرێت سەرەتا ئەبێت ئەم مەرجانەى تێدا بێت:
یەكەم: یەكسەر وازبهێنی لەو گوناهەى تەوبەى لێدەكەى
هیچ كەسێك وا نەزانێ تەوبەی كردوە و تەوبەكردنەكەى عەیبی نیە لە هەمان كاتیشدا بەردەوامە لە تاوانكردن، بەدەم ئەڵێ: استغفر الله، دەستی ئەڵێ: نە وەڵڵا!
بەڵام ئەگەر هاتوو تەوبەی كرد و بەڕاستی وازیهێنا، سوریش بوو لەسەر ئەوەى جارێكی تر نەگەڕێتەوە، هۆكارەكانیشی گرتە بەر بۆ دوركەوتنەوە، بەڵام دوای ماوەیەك دیسانەوە گەڕایەوە بۆ ئەنجامدانەوەی، ئایا تەوبەكەی دروستە؟!
لێرەدا زانایان خیلافیان هەیە، ڕای پەسەندیش لە مەسەلەكەدا ئەوەیە: ئەگەر كەسێك تاوانێكی ئەنجامدا پاشان تەوبەیەكی ڕاستەقینەى لێكرد، سوریش بوو لەسەر ئەوەى جارێكی تر نەگەڕێتەوە، هۆكاریشی گرتە بەر بۆ دوركەوتنەوە..، بەڵام نەفس و شەیتان و هەوا و ئارەزو زاڵبوونە سەری و جارێكی تر تاوانەكەیان پێكردەوە؛ ئەوا تەوبە پێشوەكەى قبوڵە -إن شاء الله- و بەتاڵ نابێتەوە، بەڵام بۆ ئەم تاوانەى كە تازە ئەنجامی داوەتەوە ئەبێت تەوبەیەكی تازە بكاتەوە -وەك چۆن لەوەوپێش تەوبەى كرد-، ئیتر ئا بەو شێوەیە كە دوای تاوان گەڕایەوە، دیسانەوە تەوبە دەكاتەوە، ئەمەش خاڵێكى گرنگە و ئاگاداریبە و دەستی پێوە بگرە و لە فێڵی شەیتان بە دوربكەوە.
دووەم: پەشیمان بوونەوە لەو تاوانەى لێت وەشاوەتەوە و تەوبەت لێكردوە
بەڕاستی چاوەڕێی تەوبە ناكرێ مەگەر لە كەسێك پەشیمان بێت لەوەى ئەنجامی داوە، دڵتەنگ بێت بەوەى لێی وەشاوەتەوە، خەمباربێت بەوەى نەفسی خەڵەتاندی، شەیتان زەفەری پێ بردوە، شوێنی هەوا و ئارەزوی كەوتوە.
هەربۆیە كەسێك كە باسی تاوانە پێشوەكانی خۆی دەكات و فەخر و شانازی پێوە دەكات بە تۆبەكار و پەشیمان لە قەڵەم نادرێ، هەروەك پەیامبەر صلى الله علیه وآله وسلم ئەفەرموێ: ((النَّدَمُ تَوْبَةٌ‌ٌ))رواه حمد وابن ماجه والحاكم وصححه، وحسنه شعيب الأرناؤوط وصححه الألباني، من حديث عبدالله بن مسعود.
واتە: ((پەشیمان بوونەوە بریتیە لە تەوبەكردن)). هەروەها بە دایكە عائیشە فەرمویەتی: ((يَا عَائِشَةُ إِنْ كُنْتِ أَلْممْتِ بِذَنْبٍ فَاسْتَغْفِري الله وتُوبِي إِلَيْهِ، فَإِنَّ التَّوْبَةَ مِنْ الذَّنْبِ النَّدَمُ وَالِاسْتِغْفَارُ))رواه البخاري ومسلم، وهذا لفظ: أحمد والبيهقي.. یانی: ئەى عائیشە ئەگەر تاوانێكت توش هاتووە، داوای لێخۆشبون بكە لە خوا و تەوبە بكە و بگەڕێوە بۆلای، چونكە تەوبەكردن لە تاوان ئەوەیە: پەشیمان ببیتەوە و داوای لێخۆشبوون بكەى.
خوشك و برای سەنگینم
خوای مەزن پێی خۆشە پەشیمانی و زەلیلی لە بەندەكەیدا ببینێت، هەر بۆیە كە تەوبەیەك دەكەیت پەشیمان بەرەوە و دان بە هەڵەى خۆتدا بنێ و بڵێ:
پەروەردگارا ! ئەوەى لێم وەشایەوە لەبەر ئەوە نەبوو هەقی تۆ بەكەم بزانم، یان ئینكاری ئاگاداربوونی تۆ بكەم، یان بەڵێنەكانت بەكەم بزانم..
پەروەردگارا ! تۆش زاناتری، ئەوەم لێوەشایەوە نەفس و شەیتان و هەوا و ئارەزو زاڵبون بەسەرمدا، و بە تەمای لێخۆشبونی تۆ، بە هیوای بەخشینی تۆ، بە گومانی خێر بردن بە تۆ، بە ئومێدی فەزڵ و كەرەمی تۆ، بە تەمای فراوانی نەرمونیانی و ڕەحمەتی تۆ، نەفسم بە گەورەیی ڕەحمەتی تۆ فریوی دام، جوانی ستری تۆ بەسەرمدا، لەگەڵ ئەمانەشدا نەزانی خۆم یارمەتیدام بۆ ئەنجامدانی، بەڵام ئێستا دەزانم هەڵەم، هیچ ڕێگایەكیشم نیە پەنای بۆ ببەم جگە لە تۆ نەبێت..
ئەى خوایە! زوڵمم لە نەفسی خۆم كرد لێم خۆش بە..
سێیەم: سور بوون لەسەر نەگەرِانەوە بۆ ئەو تاوانە
تەوبەى كەسێك قبوڵ نیە كاتێك تەوبە بكات، نیەتی دووبارە گەڕانەوى هەبێت ئەگەر بۆی بلوێت، بەڵكو ئەگەر ئەیەوێت تەوبەكەى ڕاستەقینە بێت و خوا لێی وەری بگرێت: سەرەتا پێویستە یەكسەر دەستبەرداری تاوان كردن ببێ، پاشان پەشیمان بێتەوە لەوەى ئەنجامی داوە، هەروەها بڕیار بدات لە داهاتوودا نەگەڕێتەوە بۆ تاوانكردن و سوریش بێت لەسەر ئەم بڕیارەى.
چوارەم: گەرِاندنەوەى مافەكان ((الـمَظَالِم)) بۆ خاوەكانیان
ئەو سێ مەرجەی پێشو پێویستە لە هەموو تەوبەكردنێكدا هەبن، بەڵام ئەمیان لە كاتێكدا دەبێت ئەگەر هاتوو تاوانەكە پەیوەندی بە مافی ئادەمیزادەكانەوە هەبوو، -ئەگەر ئەیەوێت تەوبەكەى ڕاست و قبوڵ بێت- ئەوە پێویستە لەسەرى مافەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، لەبەر فەرمودەكەى ئەبو هورەیرە كە لە صەحیحی بوخاریدا هاتوە، ئەڵێ: پەیامبەری خوا صلى الله علیه وآله وسلم فەرمویەتی:((مَنْ كَانَتْ عِنْدَهُ مَظْلِمَةٌ لِأَخِيهِ فَلْيَتَحَلَّلْهُ مِنْهَا فَإِنَّهُ لَيْسَ ثَمَّ دِينَارٌ وَلَا دِرْهَمٌ مِنْ قَبْلِ أَنْ يُؤْخَذَ لِأَخِيهِ مِنْ حَسَنَاتِهِ بِقَدْر مَظْلَمَتِهِ فَإِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُ حَسَنَاتٌ أُخِذَ مِنْ سَيِّئَاتِ أَخِيهِ فَطُرحَتْ عَلَيْهِ)).
واتە: ((هەركەسێك زوڵمی لە كەسێك كردوە و مافی لەسەرە، گیانی بێت یان مادی..، با ئەمڕۆ گەردن ئازایی لێ بكات پێش ئەوەى ڕۆژێك بێت نە دینار و نە دیرهەم سوودی پێ ناگەیەنێت، جا ئەگەر لەو ڕۆژەدا كردەوەى چاكی هەبێت لێی دەبرێت بە ئەندازەى مافی خاوەن مافەكە، خۆ ئەگەریش چاكەى نەبێت لە كردەوە خراپەكانی كابرای خاوەن ماف هەڵدەگیرێت و دەدرێت بە كۆڵ ستەمكارەكەدا)).
جگە لەم مەرجانەش هەندێك مەرجی تر هەن كە ئەبێت لە تەوبەكردنەكەدا هەبێت، لەوانە:
أ- ساغ و بێخەوش بوون بۆ خوای پاك و بێ عەیب
بەو پێیەى كە هۆكاری تەوبەكردنەكە خۆشویستن و بە گەورەڕاگرتنی خوا و بەتاما بوونی پاداشت و ترسان لە سزای خوای گەورە بێت. هەربۆیە دەبینیت خوای پاك وبێ پەڵە دەفەرموێ [إِلاَّ الَّذِينَ تَابُوا وَأَصْلَحُوا وَاعْتَصَمُوا بِاللَّهِ وَأَخْلَصُوا دِينَهُمْ لِلَّهِ فَأُوْلَئِكَ مَعَ الْمُؤْمِنِينَ وَسَوْفَ يُؤْتِ اللَّهُ الْمُؤْمِنِينَ أَجْراً عَظِيماً ] [النساء:146] .
واتە: -شوێنی ئەو مونافیقانە خواری خوارەوەى دۆزەخە- تەنها ئەوانەیان نەبێت كە: تەوبەی ڕاستەقینەیان كرد و ڕیابازیان گۆڕی بە ئیخلاص و كار و كردەوەیان چاككرد و بۆ خوا سوڵحیان بە ڕوكەش و بە هەناو، دینداریان لە بۆ خوا ساغ و بێخەوش كردەوە، ئا ئەوانە لەگەڵ ئیمانداراندا دەبن.
بە كورتی: ئەبێت مەبەستت تەنها و تەنها خوای پایەبەرز بێت و هیچ مەبەستێكی ترت نەبێت لە تەوبەكردنەكە، بۆ نمونە:
وازهێنانەكەى لە تاوانكردن، لەبەر ئەوە نەبێت كە توانای ئەنجامدانی نەماوە، یان توانی ئەوەى نەماوە جارێكی دی بگەڕێتەوە، یان لەترسی قسەى خەڵك وزابهێنێت.
بەو كەسە ناوترێت تەوبەكار كە لەبەر سومعەتی وازی لە تاوانكردن هێناوە، یان ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەو تاوانە خاوەن كارەكە یان سەرۆك دائیرەكە لە كارەكەى دوری دەخاتەوە.
بەو كەسە ناوترێت تەوبەكار كە لەبەر ئەوەى بۆ تەندروستی خراپە، یان ئەگەر بەردەوام بێت لاوازی دەكات، هێزەكەى جارانی نامێنێت، بۆ نمونە: كەسێك واز لە زیناكردن بێنێت لەبەرئەوەى توشی نەخۆشیە كوشندەكان نەبێت، یان ئەگەر بەردەوام بێت لاشە و زاكیرەى لاواز دەكات.
هەروەها بەو كەسە ناوترێ تۆبەكار كە وازی لە عارەق خواردنەوە، یان قومار، یان كارە خراپەكانی تر هێنا بێت، لەبەرئەوەى ئیفلاس بووە و پارەى پێ نەماوە.
هەورەها بەو كەسە ناوترێت تۆبەكار كە توانای تاوانكردنی نەماوە لەبەر هۆكارێك كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمدا نیە، وەكو درۆزنێك لاڵ ببێت، یان زیناكارێك توانای جوتبونی نەمێنێت، یان دزێك بە هۆی ڕوداوێكەوە دەستەكانی لە دەست بدات و ئیتر نەتوانێت دزی بكات.
جا ئەوانەی لەبەر ئەم حاڵەتانە و هاوشێوەكانی واز لە تاوانكردن دێنن، هەمیشە حەزیان لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەیە، ئەگەریش بۆیان بلوێت ئەنجامی دەدەن، كە بۆشیان دەست نادات داخی بۆ دەخۆن، تەمەننای كردنی دەكەن.
ب- هەروەها داننان بە تاوانندا
چونكە مومكین نیە مرۆڤ تەوبە بكا لە شتێك و بە تاوانی نەزانێت، هەربۆیە ئەبێت دان بە هەڵەى خۆیدا بنێت.
هەروەك لە فەرمودەكەى عائیشەدا هاتوە لە صەحیحی بوخاری، پەیامبەری خوا صلى الله علیه وآله وسلم پێی فەرموە: ((يَا عَائِشَةُ إِنْ كُنْتِ أَلْمَمْتِ بِذَنْبٍ فَاسْتَغْفِري الله وَتُوبِي إِلَيْهِ فَإِنَّ الْعَبْدَ إِذَا اعْتَرَفَ بِذَنْبِهِ ثُمَّ تَابَ، تَابَ اللهُ عَلَيْهِ)). یانی: ئەى عائیشە ئەگەر تاوانێكت توش هاتووە، داوای لێخۆشبون بكە لە خوا و تەوبە بكە لای، چونكە ئەگەر بەندە دان بە تاوانەكەى خۆیدا بێنێت و پاشان تەوبە بكات و بگەڕێتەوە، خوای گەورە تەوبەكەى لێوەردەگرێت.
ج- ئەبێت تەوبەكە لە كاتێكدا بێت قبوڵ بكرێت
كە بریتیە لە پێش سەرە مەرگ و پێش هەڵهاتنی خۆر لە خۆرئاواوە.
ئەمەش لە حەدیسەكەى ئیبن عومەردا هاتوە، پەیامبەری خۆشەویستمان صلى الله علیه وآله وسلم دەفەرموێت: ((إِنَّ الله يَقْبَلُ تَوْبَةَ الْعَبْدِ مَا لَمْ يُغَرْغِرْ))رواه أحمد وابن حبان والترمذي وحسنه وصححه النووي وحسنه الالباني واتە: بەڕاستی خوا تەوبەى بەندەكانی قبوڵدەكات، هەتا پێش سەرەمەرگ.
هەروەها لە صەحیحی موسلیمدا هاتوە لە حەدیسەكەى ئەبو موسای ئەشعەری، پەیامبەری خوا صلى الله علیه وآله وسلم دەفەرموێت: ((إِنَّ الله عَزَّ وَجَلَّ يَبْسُطُ يَدَهُ بِاللَّيْلِ لِيَتُوبَ مُسِىءُ النَّهَار وَيَبْسُطُ يَدَهُ بِالنَّهَاڕ لِيَتُوبَ مُسِىءُ اللَّيْلِ حَتَّى تَطْلُعَ الشَّمْسُ مِنْ مَغْربِهَا)).. واتە: بەڕاستی پەروەردگاری پایەبەرز، بەشەو دەستی ڕادەخات بۆ ئەوەى تاوانكارانی ڕۆژ تەوبەی لا بكەن، و بە ڕۆژ دەستی ڕادەخات بۆ ئەوى تاوانكارانی شەو تەوبەی لا بكەن، هەتا ئەو كاتەى خۆر لە خۆر ئاواوە هەڵدێت.

وەرگیراوە لە کتێبی: چۆن تەوبە بکەم؟ مامۆستا على خان

سەردان: ٥,٤٠١ بەش: تەوبە کردن