من زۆر تاوانم ئەنجامداوە ئێستا تەوبەم کردوە چى بکەم تا زیاتر ئیمانم بە هێز بێ و لە دواى ڕەمەزانیش بەردەوام بم لەسەر عیبادەتەکان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
من زۆر تاوانم ئەنجامداوە ئێستا تەوبەم کردوە چى بکەم تا زیاتر ئیمانم بە هێز بێ و لە دواى ڕەمەزانیش بەردەوام بم لەسەر عیبادەتەکان؟
پرسیار:

من یەکێک بووم لەو گەنجانەى کە لە ناو شەهەوات و ئارەزووەکاندا نوقم بو بووم ، سوپاس بۆ خواى گەورە هیدایەتى دام و دەمەوێ لە دواى ڕەمەزانیش بەردەوام بم لەسەر عیبادەتەکان و دوور بم لە تاوان و خراپە ، بۆیە داواکارم ئامۆژگاریم بکەن کە چۆن بتوانم بەردەوام بم و ئەو کارانە چین کە پێویستە ئەنجامى بدەم تاوەکو ئیمانم زیاتر بەهێز بێ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەو كردەوانەی كە بەردەوامیمان پێ دەبەخشن لەسەر دینی خوا : 
یەكەم: ڕووكردنە قورئانی پیرۆزو تێڕامان و تێفكران لە ئایەتەكان.
دووەم: پەیوەست بوون بە شەرعی خوای گەورەوە .
سێ یەم:ووردبوونەوەوتێڕامان لەسەرگوزشتەی پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام)
چوارەم: زۆر یادكردنی خوای گەورە.
پێنجەم:پاڕانەوەو نزا تەنها بۆ لای خوای گەورەو بەس.
شەشەم: ئەنجامدانی نوێژەكان بە كۆمەڵ لە مزگەوت.
حەوتەم: سوور بوون لەسەر گرتنی ڕێگەی ڕاست و ئەملاو لانەكردن لەسەری .
هەشتەم: بەردەوام بوون لەسەر بانگەوازكردنی خەڵكی بۆ لای خوای گەورە.
نۆیەم: ڕاستگۆیی لە هەموو گفتووگۆو كردەوەكاندا:
دەیەم: هاوڕێیەتی كردنی كەسانی چاك وخاوەن ورە بەرزەكان.
یانزەیەم: ئارام گرتن لەسەر بەڵاونەهامەتیەمان.
دوانزەیەم: سووربوون لەسەر وەرگرتنی زانیاری.
سیانزەیەم: ئەنجام دانی نوێژە سوونەتەكان.
چواردەیەم: زۆر یادكردنەوەی(مردن) و دابڕان لەم ژیانی دونیایە.
پانزەیەم: زۆر داواكردنی بەهەشت و پەناگرتن بە ئاگری دۆزەخ.

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
گومانی تێدا نیە كە بەردەوامی و دامەزراوی لە سەر دینی خوا تاكو دوا هەناسەی ژیان پێویستیەكی داواكراوو جوانترین دیاری خوایە بۆبەندەكانی، وە سوور بوون لە سەر گوێڕایەڵی و پەرستنی خوای گەورە پلەو پایەیەكی خۆی هەیە،وە هەروەها سۆزو بەزەیی خوایە بۆ مرۆڤەكان كە ڕێنموێنی بۆداناوین لە قورئانی پیرۆزو فەرموودەكانی سەروەری مرۆڤایەتیەوە () تا تێ نەكەوین و هەمیشە لە ژێر ڕۆشنایی وتە جوانەكانیاندا هەڵسوكەوتی ڕۆژانەو شەوانەمان بەرینەسەر،بەتایبەتی بۆ موسوڵمانانی سەردەمی ئەمڕۆی پڕاوپڕلە ئاشوب وفیتنەو ناخۆشی و ئازارو مەینەتی كە زۆر پێویستە بۆ ڕزگاربوونمان لەو جۆرە ئێش و ئازارانە دەست بگرین بە قورئان و سووننەتەوە، هەر بۆیە دوژمنانی خواو بەرنامە پیرۆزەكەی هەمیشە لە بۆسەدان و بەردەوام خەریكی خزاندن و لادانی موسوڵمانانن و هۆكاری زۆر بەكاردەهێنن بۆ ترازاندن وسارد بوونەوە، هەر لە هۆكارە ماددیەكانەوە تا هۆكارە مەعنەویەكان وهەروەها ڕازاندنەوەو جوانكاریەكانی دونیا بە شتە پڕوپووچ و بەناوشتە سەرسوڕهێنەرەكان،وەهەروەها پەخش كردنی بابەتە ناشەرعی وپیس و گڵاوەكان و دوور لە ڕەوشت وتایبەتمەندی مرۆڤ بوون.
كەواتە بابزانین ئەو كردەوانەی كە بەردەوامیمان پێ دەبەخشن لەسەر دینی خوا كامانەن : 
یەكەم:ڕووكردنە قورئانی پیرۆزو تێڕامان و تێفكران لە ئایەتەكان.
قورئانی پیرۆز یەكێكە لە هەرە هۆكارە زۆر گرنگەكان بۆ دامەزراوبوون وبەردەوامی لەسەردینی خوا،وە پەتێكی بەهێزە بۆ گەیاندنی مرۆڤ بە دوا ڕۆژی ڕوون،وەڕووناكیەكی ئاشكراودیارە،بۆیە هەركەسێك گوێڕایەڵی بكات ودەستی پێوە بگرێت ڕووسووروسەربەرزی دونیاودواڕۆژ دەبێت .
خوای گەورە دەفەرموێت: [ يَا أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ جَاءَكُمْ بُرْهَانٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكُمْ نُورًا مُبِينًا (174) فَأَمَّا الَّذِينَ آَمَنُوا بِاللَّهِ وَاعْتَصَمُوا بِهِ فَسَيُدْخِلُهُمْ فِي رَحْمَةٍ مِنْهُ وَفَضْلٍ وَيَهْدِيهِمْ إِلَيْهِ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا (175)](النساء)
واتە:ئەی خەڵكینە لە پەروەردگارتانەوە بە ڵگەیەكی ئاشكراتان بۆ هاتووە،تاكو هیچ كەسێك بیانووی نەمێنێ ئەو بە ڵگەیەش نوورو ڕوناكی بە خشێكی ئاشكرایە،كە بریتیە لە (قورئان)جا ئەوانەی كە باوەڕیان پێیهێناو دەستیان پێوە گرت،ئەوە بە دڵنیاییەوە خوا دەیانخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و شارەزاو ڕێنموێنیان دەكات بۆ سەر ڕێگای ڕاست. 
دووەم: پەیوەست بوون بە شەرعی خوای گەورەوە .
بەرنامەی ئیسلام چاكترین و پاك ترین بەرنامەیە كە مرۆڤ بتوانێت شانازی پێوە بكات .
خوای گەورە دەفەرموێت:[إِنَّ الدِّينَ عِنْدَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ 19] (ال عمران) واتە:دینی ڕاست و دروست لە لای خوای گەورە تەنها دینی ئیسلامەو بەس،یان لە ئایەتێكی تردا دەفەرمویت: [ وَمَنْ يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَنْ يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآَخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ (85)](ال عمران) واتە:هەر كەسێك غەیری دینی ئیسلام هەڵبژێرێت و بیكاتە بەرنامەو یاسای خۆی ئەوە لێی وەرناگیرێت و بەسەریدا دەدرێتەوە،وە لە دواڕۆژیشدا یەكێك دەبێت لەوانەی كە خەسارەت مەند بوونەو مایە پوچ بۆی دەرچوون.
كەواتە پابەندبوون و دەست گرتن بەبەرنامەی خواوە یەكێكە لە هەرە ڕەوشتە بەرزەكانی باوەڕداری ڕاستەقینەو دەشبێتە هۆی بەردەوامی و دامەزراوی لە سەر دینی خوا .
سێ یەم:ووردبوونەوەوتێڕامان لەسەرگوزشتەی پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام)
خوای گەورەو میهرەبان بۆ هەر گەلێك نێردراوێكی ناردووە تا ئاگاداریان بكاتەوەو دوور بكەونەوە لە هاوەڵ بڕیاردان بۆ خوا،وە تەنها خوا بپەرستن هەروەها بەرنامەی ئیسلامیش جێ بەجێ بكەن وە هەر ئەمەش بانگەوازی ڕاستی ئەوان بووە.وە بێگومان ئەم نێردراوانە هەریەكەو لەشوێنێك و لەناو گەلێكدا نێردراون وجا هەیانە بە گوێی كراوەو سەركەوتوو بوونەوە هەشیانە بەگوێی پێغەمبەرەكەیان نەكردووەو دژی وەستاون تا خوای گەورە غەزەب و ڕق وتوڕەیی خۆی دابەزاندووە بۆسەریان و هەریەكەش بە سزایەك لە ناوی بردوون،وە ئەمانە بوونەتە هۆی ڕزگار كردنی چەندان كەسی تر.
چوارەم: زۆر یادكردنی خوای گەورە.
یادكردنی خوای گەورە هۆكارێكی ترە بۆ دامەزراو بوون لەسەر دینی خوا،هەروەك ئەو یادەكردنە خۆی بریتیە لە دەربڕینی چەند ووشەیەك بە زمان و تەواوبوونی لە كاتێكی كەمدا،هەروەها هەوڵدان بۆ بەردەوام بوون لەسەری و سووربوون لەسەر ئەنجام دانی ئەو یاد و ویردانەی كە چ لە قورئانی پیرۆزدا و چ لە فەرموودەكاندا ئاماژەی پێ كراوە،وە پێویستە هەمیشە ئەو سوننەتە بەرز ڕابگیرێت و ڕەنگدانەوە دروست بكات لە ناخی تاك بە تاكی مرۆڤە كاندا،
پێنجەم:پاڕانەوەو نزا تەنها بۆ لای خوای گەورەو بەس.
پاڕانەوەودەست بەرزكردنەوە بۆلای خواوداوا لێ كردنی بۆجێ بە جێكردنی كارەكان وبە خشینی ڕۆزی وپەناگرتن بە دۆزەخ و داواكردنی بە هەشت و پەناگرتن لە شەیتانی نەفرەت لێ كراو و ڕزگار بوون لە دەستی زۆردارو ستەم كاری ڕۆژگار و پاڕانەوەی تایبەتی بۆ داواكردنی دامەزراوی و بەردەوامی لە سەر دینی خوا........هتد هۆكارە بۆ بەختەوەری مرۆڤەكان،
شەشەم: ئەنجامدانی نوێژەكان بە كۆمەڵ لە مزگەوت.
ئەنجام دانی نوێژە فەرزەكان بە كۆمەڵ لە مزگەوت هۆكارێكی گەورەو بە هێزە بۆ بەردەوام بوون لەسەر دینی خوا،وە پاداشتێكی گەورەو بەر فراوانی هەیە بۆ ئەوانەی دەبنە هۆی ئەنجام دانی.
حەوتەم: سوور بوون لەسەر گرتنی ڕێگەی ڕاست و ئەملاو لانەكردن لەسەری . 
گومانی تێدا نیە تاكە ڕێگەی ڕاست و سەرفرازی تەنها ڕێگەی ئیسلامەو ڕاستترینیشیانە كە بریتیە لە ئەو ڕێگەیەی پێغەمبەران و هاوەڵان و پێشینە چاكەكانمان لەسەری بوونە رێگەی ئەهلی سوننەت و جەماعاتە،كەهەمیشە بەڵگەدارو چاونەترس و خاوەنی جیاكردنەوەی ڕاستی و ناڕاستی بوونە،كەواتە هەركەسێك لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە ڕۆیشت ئەوە زۆر بەدوورە لەدەستەوتاقمی گومڕای ئەهلی كەلام و شوێن كەوتوانی بیدعەو كارە ناپەسەندەكان .
هەشتەم: بەردەوام بوون لەسەر بانگەوازكردنی خەڵكی بۆ لای خوای گەورە.
كاری بانگەوازی كارێكی پیرۆزو گەورەیەو پاداشتێكی زۆری بۆ ئامادەكراوەوسەركەوتن و سەرفرازی دونیاو دواڕۆژی تێدایە،بێگومان بانگەواز كردنی خەڵكی بۆهاتنە ناو دینی ئیسلام و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی ئیسلام یەكێكە لە ڕەوشتە زۆر گەورەكانی باوەڕداری ڕاستەقینە،وەئەمەش بۆڕزگار كردنی بەندەكانە لە بەرنامە دەستكردو پڕلەهەڵەو كەم و كوڕیەكان بەرەو ڕۆشنایی و ڕوناكی بەرنامەی پڕلە پەندوئامۆژگاری وبێ هەڵەی خوا.
نۆیەم:ڕاستگۆیی لە هەموو گفتووگۆو كردەوەكاندا:
ڕاستگۆیی ڕەوشتێكی بەرزی جوان و پیرۆزە كە موسوڵمان دەتوانێت لە هەموو هەڵسوكەوتەكانی ژیانی دا خۆی پێ بڕازێنێتەوە 
دەیەم: هاوڕێیەتی كردنی كەسانی چاك وخاوەن ورە بەرزەكان. 
بەڕاستی بوونی هاوڕێی چاك وخواناس و ورەبەرزونەترس لە پێشهاتە چاوەڕوان كراوونەكراوەكان دەبێتە هۆی بەردەوام بوون لەسەر دینی خواوسەرفرازی بۆ دونیاو دواڕۆژ،جا پێویستە زیرەكانە هەڵبژێری هاوڕێی ژیانت،چونكە هاوڕێ ئەو كەسەیە كە دەبێتە جێی متمانەو ئاڵ و گۆڕكردنی بیرو بۆچوونەكان،بۆیە بەردەوام بوون لەسەر دین هاوڕێ و برادەری چاكی پێویستە خوای گەورەدەربارەی هاوڕێ و برادەردەفەرموێت:[الْأَخِلَّاءُ يَوْمَئِذٍ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ إِلَّا الْمُتَّقِينَ (67)](الزخروف)واتە:هاوڕێ و برادەران لە ڕۆژی دوایدا هەندێكیان دەبنە دوژمنی هەندێكیان تەنها كەسانێك نەبێت كە لەسەر لەخواترسان و پارێزەر لە تاوان 
یانزەیەم: ئارام گرتن لەسەر بەڵاونەهامەتیەمان.
بەڵاو نەهامەتیەكان لەسەردەمی ئەمڕۆی بەناو پێشكەوتن و زانیاریدا وەك ڕێژنەی باران دادەبارێتە سەر تاكی موسوڵمان و هەرجارەی بە ناوێكەوە یەخەیان پێ دەگرێت،جا هەر ئەم بەڵایانەشە كە دەبێتە هۆی ئەوەی فیتنەو هەڵگەڕانەوەی دڵەكان بەرەو ئاقارێكی ترببات، ،بێگومان بەڵاو نەهامەتی چەند جۆرێكی هەیە لەوانە:
دوانزەیەم:سووربوون لەسەر وەرگرتنی زانیاری.
بەڕاستی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاینی زانست و زانیاریەو تێگەیشتنە لە بنچینە شەرعیەكان و بە شێوازی جوان و چاو ڕۆشنی و ووردبوونەوە لێی،وەبەهەوڵدانی بێ وچان وكۆڵ نەدان لە ئاستیدا هەربۆیە قورئانی پیرۆز پێش هەموو شتەكان فەرمان دەكات بەخوێندن و خوێندنەوەو وەرگرتنی زانست و زانیاری بەووشەی[ اقرَأ]،هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت:[قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ]الزمر9 واتە:ئایا وەك یەك یەكسانن ئەوانەی كە شارەزاییان هەیەو دەزانن،لەگەڵ ئەوانەی كە شارەزاییان نیەو نازانن و ناشیانەوێت بزانن.   

سیانزەیەم: ئەنجام دانی نوێژە سوونەتەكان.
نوێژكردن لە ناو پەستنەكاندا پلەوپایەیەكی گرنگ و گەورەی هەیە،نوێژە سوننەتەكانیش هۆكارن بۆ نزیك بوونەوە لە خوای گەورە .
چواردەیەم:زۆر یادكردنەوەی(مردن) و دابڕان لەم ژیانی دونیایە.
بەڕاستی زۆر جار خوای گەورە لە ئایەتە پیرۆزەكانی قورئاندا بەڵگەو نمونەی جوانمان بۆ دەهێنێتەوە دەربارەی نەمان و كۆتایی هاتنی مرۆڤەكان و بوونەوەرو دروستكراوەكانی تری،وەباس و بەسەرهاتی لەناوچوونی گەلانی پێشوو و هەروەها ناڕەحەتیەكانی گیان كێشان وخۆئامادەكردن بۆ ئەو سات و كاتەی كە تەنهاو بەتەنیاو بەبێ پشت و پەنای خزمان و دۆستان و خۆشەویستانت ئەم ژیانە بە جێ دەهێڵی ودەكەویتە ڕێ بەرەو ئەو شوێنەی كە خوا پەنامان بدات لەسزاكەی و داواش دەكەین لەبە خششەكانی دامان پۆشێت،جا بێگومان ئەوسەفەرە هەردێت بەڵام كەی؟ئەوە نەزانراوەو كاتێك دەزانی كەلەناو گۆڕو لەبەردەم مەلائیكەكانی خوا خۆت دەبینیتەوە،كەواتە یادكردنەوەی مردن و ناڕەحەتیەكانی لە نیشانەكانی مرۆڤی چاك و ژیرەو یەكێكیشە لە هۆكارەكانی دامەزراوی و بەردەوام بوون لەسەر دینی خوا،
پانزەیەم:زۆر داواكردنی بەهەشت و پەناگرتن بە ئاگری دۆزەخ.
بەهەشت: بریتیە لەوپاداشتە گەورەو نەبڕاوەیەی كە خوای گەورە ئامادەی كردووە بۆباوەڕدارانی پیاوو ئافرەتان،وە بە خششێكی تەواوو بێ كەم و كوڕیەو هەموو شتێك لە ئاستیدا سەرسام و ڕاوەستاوە
دۆزەخ: بریتیە لە شوێنێك یان ماڵێكی ئاگرین كە بێ بڕوایان و سەرپێچی كەرانی تێ فڕێ دەدرێت،وە ناخۆشترین و پڕاوپڕترینە لە سزاو جیهانێكی زۆر فراوانەو هەمیشەو بەردەوام بەئازارەو ئامادەكراوە بۆ ئەوانەی كە بەردەوام لەبێ فەرمانی خوادا بوونە،وەهاوەڵیان بۆ خوا بڕیارداوە .

سود لە کتێبی (بەردەوام بوون لە سەر دینی خوا) کراوە لە نوسینى (مامۆستا فریدون محمد) پێداچونەوەى (مامۆستا صلاح الدین عبدالکریم)

سەردان: ٥,٠٥٤ بەش: تەوبە کردن