كەفارەتی غەیبەت کردن چیە؟ چۆن تەوبە بکەین لە غەیبەت کردنى کەسێک؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كەفارەتی غەیبەت کردن چیە؟ چۆن تەوبە بکەین لە غەیبەت کردنى کەسێک؟

كەفارەتی غەیبەت کردن
براى بەڕێزم پێویستە ئەوە بزانیت كە تەوبەو گەڕانەوە لە هەموو تاوانێك واجبە و غەیبەتیش یەكێكە لەو تاوانانە، كە پێویستە تەوبەی لێ بكەیت و بگەڕێیتەوە، بۆیە خێراكەو دەست پێشخەری خۆت بكە بۆ تەوبەو گەڕانەوە، چونكە بەڕاستی خوای گەورە لێخۆشبووە بۆ هەموو تاوانەكانت، تەنها خوای كارجوانیش دەتوانێت لێت خۆش بێت، بۆیە ئەو كەسەی كە لە پاشملە تاوانی غەیبەتی ئەنجام داوە، ئەوە دوو تاوانی ئەنجام داوە:
یەكەم: تاوانی شكاندنی فەرمانی پەروەردگار ئەو فەرمانەی كە دەفەرمووێت: [وَلَا يَغْتَب بَّعْضُكُم بَعْضًا] وە بۆ ئەوەی لە سزای ئەو تاوانە دەربچیت و ڕزگارت بێت پێویستە واز لە غەیبەت بهێنیت و پەشیمان ببیتەوە لەو ئاكارانە بەتایبەتیش ئەوانەی كە لە پێشوودا ئەنجامت داوە، وەناشبێت جارێكی تر بگەڕێیتەوە سەری.
دووەم: تاوانی دەرخستن و باس كردن و بڵاوكردنەوەی عەیب و كەم و كەسی غەیبەت كراو، بۆ ڕزگاربوون لەم تاوانەش پێویستە گەردنی خۆت بە كەسی غەیبەت كراو ئازاد بكەیت و داوای لێ بوردنی لێ بكەیت، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر پێی ناخۆش نەبوو پێت ووت، بەڵام ئەگەر زانیتت پێی ناخۆشەو پێی بڵێی ئاوها و ئاوهام پێت وتووە یان غەیبەتم كردووی، ئەو كاتە پێویستە داوای لێخۆشبوونی بۆ بكەیت لای پەروەردگار.
کەواتە بە کورتى پێویستە ئەم خاڵانە جێ بە جێ بکەى :
یەکەم : تەوبە کردن لە غەیبەت کردن و دوبارە نەکردنەوەى .
دووەم : گەردنى خۆت بەو کەسە ئازا بکەى ، بەڵام گەر زانیت پێى ناخۆشە پێى بڵێى کە غەیبەتم کردووەى ئەوا :
أ- داواى لێ خۆشبونى بۆ بکە لاى خواى گەورە .
ب - هەوڵبدە لە هەمان مەجلیس بە باشە باسى بکە .

ستافى وەڵامەکان

 

سەردان: ٧,٧٦١ بەش: تەوبە کردن