داواكارین لەبەڕێزتان كە ڕونكردنەوەیەكمان بۆ بكەن سەبارەت بە كردنی دوو جەماعەت لەمزگەوتدا : ماڵپەڕی وەڵامەکان
داواكارین لەبەڕێزتان كە ڕونكردنەوەیەكمان بۆ بكەن سەبارەت بە كردنی دوو جەماعەت لەمزگەوتدا
پرسیار:

بسم الله الرحمن الرحیم پرسیار: بەرێزان داواكارین لەبەڕێزتان كە ڕونكردنەوەیەكمان بۆ بكەن سەبارەت بە كردنی دوو جەماعەت لەمزگەوتدا، چونكە بەڕێزتان فەرمووتان بوو كە جائیز نی یە، بەڵام زانایان چەندین ڕەئی جیاوازیان هەیە، چونكە فەرموودەیەك هەیە كە پیاوێك دێت بۆ مزگەوت ئەوكاتە پێغەمبەر () نوێژی جەماعەتی لەگەڵ هاوەڵەكانی تەواو كردبوو، پێغەمبەر (): (من يتصدق على ذا فيصلي معه) كە ئەم فەرموودەیە ابو سعید ڕیوایەتی كردووە و وە (احمد ابن داود و ترمذي) گێڕاویانەتەوە.

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
وەڵام: ئاشكرایە كە دووبارەكردنەوەى نوێژى جەماعەت لەو مزگەوتانەى كە پێشنوێژى ڕاتبى (الإمام الراتب) ى هەبێت جێگەى جیاوازى زانایانە، بەڵام لەو بابەتانەى كە زانایان جیاوازن تیایدا دەبێت موسڵمانان بگەڕێنەوە بۆ لاى قورئانى پیرۆز و سوننەتە صه حيحەكانى پێغەمبەرى خوا () بۆ یەك لاى كردنەوەى ووتەى هەڵبژاردە لەو باسەدا، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِن شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّهِ ذَلِكُمُ اللَّهُ رَبِّي عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ ] (سورة الشورى 10).
وە فەرموویەتى: [فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلاً ] (سورة النساء59).
كەواتە ئەم باسەش وەكو هەموو باسەكانى ترى شەرع دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لاى قورئانى پیرۆز و سوننەتە صه حيحەكانى پێغەمبەر ().
بۆیە بە پشتیوانى خواى پەروەردگار دەڵێین: برام ئەوەى كە لە پرسیارێكى پێشووتر وەڵام دراوەتەوە كە دووبارە كردنەوەى نوێژى جەماعەت لە مزگەوتێك كە پێشنوێژ (ئیمام)ی دیاری كراو و تایبەتی هەبێت و بەردەوام بانگی تێدا بدرێت و هەر پێنج نوێژەفەرزەكەی بەجەماعەت تێدا ئەنجام بدرێت ئەوا نابێت لەپاش تەواو بوونی جەماعەتی یەكەم جارێكی تر یان چەند جارێكی تر هەمان نوێژ بەجەماعەت دوو بارە بكرێتەوەئەم ووتەیە ووتەى هەڵبژاردەیە لە ووتەى جیاوازى زانیان، ئەوەش بە پێى بەڵگەى فەرموودەى صحيحى پێغەمبەرى خوا ()، هەروەكو لە فەرموویەكیاندا هاتووە: عن عبد الرحمن بن أبي بكرة عن أبيه: ((أنَّ رسول الله () أقبل من نواحي المدينة يريد الصلاة، فوجد الناس قد صلوا، فمال إلى منـزله فجمع أهله فصلى بـهم)) [رواه الطبرانـي في الـمعجم الكبير والأوسط وحسنه الألبانـي في "تـمام الـمنَّة" ص: (155)] .
واتە:پێغەمبەرى خوا () لەدەوروبەری مەدینە گەڕاوه بۆ نوێژ، بینی كەوا خەڵك نوێژیان كردووە، ئەنجا گەڕایەوەبۆ ماڵەوەیان و كەسوكاری كۆكردەوەو نوێژی پێیان كرد.
جا برام: ئەگەر جەماعەتی دووەم لەمزگەوتدا دروست بوایەئەوا پێغەمبەرى خوا () وازی نەدەهێنا لەفەرزڵی نوێژ كرد لەمزگەوتەكەی خۆیدا كەهەر نوێژێكی خێری هەزار نوێژی هەیە.
ئەم ووتەیەش ووتەى هەڵبژاردەیە لە لاى پێشەوا (شافعي) لە (الأم: 1 / 136) و جگە لەویش، وەك: (سفیان)، و (مالك)، و (ابن المبارك)، و (أبو حنيفة) كە فەرموویانە ئەگەر كەسێك نەگەشت بە نوێژى جەماعەت، ئەوا بەتەنها ئەنجامى دەدات.
وە فەرموویانە: بۆ ئەوەى نەبێتە هۆى پەرتەوازەیى و جیاوازى، رق لێبوون، وە بۆ ئەوەى نەقۆزرێتەوە لە لاى كەسانى شوێن كەوتەى ئارەزووەكان لە تاقم و فیرقە گومڕاكان، و جەماعەتێكى تر درووست كەن لە دواى تەواو بوونى نوێژى پێش نوێژ.
بۆیە برام ووتەى هەڵبژاردە ئەو ووتەیەیە كە لە فەتوایەكى پێشتردا وەڵام دراوەتەوە، بەڵام سەبارەت بەو فەرموودەیەى كە لەم پرسیارەتدا هاتووە دەڵێین:
یەكەم: پێشەكى بزانە ئەم فەرموودەیە: "ألا رجل يتصدق على هذا فيصلي معه "، فەرموودەناسى سەردەم شێخ (محمد ناصرالدين الألباني) لە (الإرواء الغلیل) دا بە ژمارەى (535) بە (حسن) ى زانیوە، و فەرموودەى حەسەنیش وەردەگیرێت لە ئەحكامە شەرعیەكاندا.
دووەم: بەڵام ئەو ووتەیەى كە هەڵمان بژاردووە ووتەى ڕەواو درووستە لەم باسەدا، وهیچ پێچەوانەش نیە لە گەڵ ئەم فەرموودەیەدا، ئەوەش كە لەو فەرموودەیەوە وەربگیرێت ئەوەیە كە: تەنها ئەو شێوەیە جائیزە كە لە فەرمودەكەدا هاتووە، نەك ئەو شێوانەى كە ئیستا لە مزگەوتەكانى خۆماندا ڕوو دەدات، شوێن باس و لێكۆڵینەوەى خۆمانە ئەوەش لە بەر چەند هۆكارێك، هەروەكو شێخى پایە بەرز (محمد ناصرالدين الألباني) فەرموویەتى:
1 / أن الصورة الأولى المختلف فيها لم تنقل عنه لا إذنا ولا تقريرا مع وجود المقتضى في عهده كما أفادته رواية الحسن البصري
واتە: شێوازەى یەكەم كە زانایان جیاوازن لە بارەیەوە، پێمان نەگەشتوە كە پێغەمبەرى خوا () ئەنجامى دابێت (واتە جەماعەتى دووەم)، نە بە ڕێپێدان نەش بە بێدەنگ بووننى ئەگەر ڕووى دابێت لە سەردەمى ئەودا،لەگەڵ ئەوەى كە واى پێویست دەكرد كە لە سەردەمى ئەویشدا ڕووى بدایە، هەروەكو لە ڕیوایەتى (الحسن البصري) دا دەردەكەوێت.
2 /أن هذه الصورة تؤدي إلى تفريق الجماعة الأولى المشروعة لأن الناس إذا علموا أنهم تفوتهم الجماعة يستعجلون فتكثر الجماعة وإذا علموا أنها لا تفوتهم يتأخرون فتقل الجماعة وتقليل الجماعة مكروه وليس شئ من هذا المحذور في الصورة التي أقرها رسول الله فثبت الفرق فلا يجوز الاستدلال بالحديث على خلاف المتقرر من هديه " ". (تمام المنة - (ج 1 / ص 157 ـ 158).
واتە: ئەم شێوەیە دەبێتە هۆى پەرتەوازە بوونى جەماعەتى یەكەم كە لە شەرعدا هاتووە، چونكە ئەگەر خەڵك لەوە تێگەیشتن كە جەماعەتەكەیان دەفەوتێت ئەوا پەلە دەكەن بۆ گەشتن بە جەماعەتى یەكەم، و بەوەش ژمارەى جەماعەتى یەكەم زیاد دەكات، بەڵام ئەگەر بزانن كە جەماعەتەكەیان ناڕوات خۆیان دوا دەخەن و ژمارە جەماعەتى یەكەم كەم دەبێت، ئەمەش شتێكە خراپە و لەو شێوەیەش كە پێغەمبەرى خوا () ڕێى پێداوە هیچ لەو خراپەكاریانەى تێدا نیە، بەوەش جیاوازى نێوانیان دەردەكەوێت، بۆیە نابێت ئەم فەرموودەیە بكرێت بە بەڵگە بۆ پێچەوانە بوونەوەى ئەو بنەوایە.
3 / زانایان فەرموویانە: ئەو شێوەیەى كە پێغەمبەرى خوا () ڕێى پێداوە، بریتیە لە نوێژ كردن و ئیقتیدا كردنى فەرزكارێك بە سوننەت كارێكەوەیە، بەڵام ئەوەى كە دەتانەوێت بیپێون (واتە: قیاس) ى لە سەر بكەن، بریتیە لە نوێژ كردن و ئیقتیدا كردنى فەرزكارێك بە فەرز كارێكەوە، ئاشكراشە كە ئەم دوو شێوەیە دوو شێوەى جیاوازن.
بۆیە برام نابێت ئەم فەرموودەیە بكرێت بە بەڵگە بۆ ئەو بابەتەى كە خەریكى باس و لێكۆڵینەوەین سەبارەتى، خواش زاناترە.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٧٧٨ بەش: نوێژى جەماعەت