كڕین وفرۆشتن وبەخێوكردنی ئەو گیاندارانەی بۆ جوانی بەكاردەهێنرێن دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كڕین وفرۆشتن وبەخێوكردنی ئەو گیاندارانەی بۆ جوانی بەكاردەهێنرێن دروستە؟
پرسیار:

پێم خۆشە پرسیارێكتان ئاڕاستە بكەم و بزانم حوكمی شەرع چیە دەربارەی كڕین وفرۆشتن وبەخێوكردنی ئەو گیاندارانەی بۆ جوانی و ئارەزووشكاندن بەكاردەهێنرێن ، بۆ نموونە:
1- باڵندەی جوانی وەك تووتی و باڵندە ڕەنگاوڕەنگەكان.
2- خشۆكەكان وەك مارو مارمێلكەكان
3- دڕندەكان وەك گورگ و شێرو ڕێوی هتد.
ئەمانە بەكاردەهێنرێن لەبەر جوانیان یان لەبەر پێستەكانیان ،ئەوەش بزانن ئەمانە گرانبەهان وبەند و ماڵی دەكرێن بازرگانی كردن بەمانە سوودو قازانجێكی باشی تێدایە؟

یەكەم: فرۆشتنی باڵندەی جوانی وەك تووتی وباڵندە ڕەنگاو ڕەنگەكان وبولبول لەبەر دەنگیان كارێكی ڕەوایە, چونكە تەماشاكردن وگوێڕاگرتن بۆ دەنگیان كارێكی حەڵاڵە و هیچ دەقێك نەهاتووە لەسەر حرام بوونی فرۆشتن وبەخێوكردنیان بەڵكو بەڵگە هاتووە كە ڕەوایەتی ڕاگیركردنیان پێ ببەخشێت بەمەرجێك خواردن وخواردنەوەیان پێ بدات وە ئەوەی لەسەری پێویستە بەرانبەریان ئەنجامی بدات ، لەو بەڵگانەش:
ئەو فەرموودەیەی ئیمامی بوخاری لە حەدیسی ئەنەس بۆمان دەگێڕێتەوە كە ئەنەس دەفەرموێت: ( كان النبـي أحسن الناس خلقاً وكان لي أخ يقال له أبوعمير- قال أحسبه فطيماً- وكان إذا جاء قال يا أبا عمير ما فعل النغير؟ نغر كان يلعب به ...)
(نغر) بێچووە چۆلەكەیە (بڕوانە كتاب العین ل 974.)
ابن الحجر لە كتێبی (فتح الباری) لەمیانەی ژماردنی سوودەكانی ئەم فەرموودەیەدا ئەڵێت:
ئەم فەرموودەیە ئەوەش دەگەیەنێ‌ كە حەڵاڵە منداڵ یاری بە باڵندە بكات ، باوكان ودایكانیش واز لەمنداڵەكانیان بهێنن یاری بكەن بەو شتانەی حەڵاڵە یاریان پێ بكرێت وە ئەوەشی تێدایە كە حەڵاڵە پارە خەرج بكرێـت لەو شتە ڕەوایانەی منداڵان پێی ڕادەبوێرن وخۆیانیان پێوە خەریك دەكەن و ڕاگرتنی باڵندە لەقەفەسدا حەڵاڵە وباڵكردنی باڵندەش حەڵاڵە چونكە ئەوەی (أبو عمیر) یان قەفەسی كرابوو یان باڵی كرابوو هەركام لەو دووانە بێت ئەوی تریش حوكمی یەكەمیان وەردەگرێت, هەروەها لەو بەڵگانە حەدیسەكەی (أبوهریرة) خوا لێی ڕازی بێت ڕیوایەت دەكات كە پێغەمبەر فەرموویەتی: ( دخلت امرأةٌ النار في هرةٍ حبستها لا هي أطعمتها وسقتها ولا هي تركتها تأكل من خشاش الأرض) البخارى في الصحيح ومسلم 4/622 وغيرهم.
واتە: ئافرەتێك چووە ناو ئاگری دۆزەخەوە بەهۆی بەندكردنی پشیلەیەك ، نەخواردن وخواردنەوەی پێ داو نەهێشتی بۆخۆی لەمارو مێرووی سەر زەوی بخوات.
كەوابوو لەكاتێكدا ڕاگرتنی پشیلە بەو مەرجانە ڕەوا بێ ئەوا ڕاگرتنی باڵندەكان ڕەوایە. هەندێك لەزانایانیش بەخێوكردنی ئەمانەی كەباسمان كردن بە (مكروە) دائەنێن و هەندێكی تریش لە زانایان بە حەرامی دەزانن ئەڵێن: بیستنی دەنگیان وڕابواردن بەبینینیان شتێكی پێویست نیە ومرۆڤ پێویستی پێی نابێت، بەڵكو لەخۆبایی بوون و خۆشگوزەرانی وهەرزەیەتیە ، چونكە بەدەنگی گیاندارێك دڵشاد دەبێت كە خولیای فڕینە وخەمی دەربازبوون دەخوات . (بڕوانە کتێبی : ( الفروع وتصحيحة) المرداوى (4/9) ، (الاتصاف) (4/275).)
دووەم: یەكێك لەمەرجەكانی كڕین وفرۆشتنی دروست ئەوەیە ئەو شتەی مامەڵەی لەسەر دەكرێ‌ سوودوەرگرتن لێی ڕەوابێت بەبێ پێویستی بوون كەوابوو مار ومارمێلكەكان سوودیان لێ‌ وەرناگیرێت بەڵكو زیان بەخشن كەوابێ كڕین و فرۆشتنیان دروست نیە.
سێ یەم: كڕین وفرۆشتنی گیاندارە دڕندەكان وەك گورگ وشێرو ڕێوی و ئەوانەی كەڵپەیان هەیە دروست نیە, چونكە پێغەمبەر نەهی لێكردووە, هەروەها لەبەر ئەوەی لەدەستدانی ماڵی تێدایە وپێغەمبەریش نەهی كردووە لە فەوتاندن و لەناودانی سامان بەبێ هوودە.
وەڵامی لیژنەی هەمیشەیی بۆ لێكۆلینەوە زانستیەكان وفەتوادان بڕوانە كتێبی فتاوى اللجنة الدائمة ب 13 ل 38 فەتوای ژمارە 18807.

سەردان: ٢,٦٨٦ بەش: کار و بازرگانی