چۆن ڕزق و ڕۆزیمان زیاد دەکات؟ ئەو هۆکارانە کامانەن کە دەبنە مایەى زیادبونى ڕزق و ڕۆزیمان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن ڕزق و ڕۆزیمان زیاد دەکات؟ ئەو هۆکارانە کامانەن کە دەبنە مایەى زیادبونى ڕزق و ڕۆزیمان

الحمدُ لله, والصلاة والسلام على رسول الله ، وبعد.....
یەكێك لەو كاروبارانەی كە ئەمڕۆ خەڵك بیروئەندێشەیانی سەرقاڵكردووە بەشێوەیەك كە ناخ و بیریشیانی تووشی مەراق وخەفەت كردووە ، بریتیە لە بەدەستهێنانی ڕۆزی بۆ بژێوی وگوزەرانی ژیان ، هەتاكار گەیشتۆتە ڕادەیەك كە هەموو ڕێگاو ڕێبازەكانی بۆ دەگرنە بەر ، وەبە هەموو شێوازێكی حەڵاڵ وحەرام هەوڵی بۆدەدەن ، وەئەوانە بێ ئاگابوون لەوەی كە هۆكاری ترهەن بۆپەیداكردنی ڕزق ، كەبەهۆیەوە خوای پەروەردگار ڕزق وڕۆزی دەبەخشێت بەشێوەیەك كە وەسف ناكرێت وبەپێوانەی مرۆڤ ناپێورێت .
ئەمانەى خوارەوە ئەو هۆكارانەیە كە خوای پەروەردگار پەیمانی داوە بەوەی كەهەركەسێك پێیان هەستێت بەگوێرەی پێویست ومافی خۆیان بدات ئەوا ئەوەی كەغەم وخەفەتی بۆ دەخوات بۆبەدەستهێنانی خواى گەورە بۆی جێبەجێ دەكات ، وەبەشێوەیەك و لەلایەكەوە ڕۆزی دەدات كە ئەم گومانی بۆی ناچێت ، وە خواش پەیمان شكێن نیە .
یەكەم هۆكار لەم هۆكارانە بریتیە لەپشت بەستن بە خوای تاك وبەدەسەڵات عزوجل.
خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللهِ فَهُوَ حَسْبُهُ إِنَّ اللهَ بَالِغُ أَمْرِهِ قَدْ جَعَلَ اللهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا] [الطلاق: 3].
واتە: هەركەسێك پشت بەخوا ببەستێ‌ دوای بەكارهێنانی هۆكار ، ئەوە تەنیا خوای بەسەو كاروباری بۆ ئاسان دەكات, چونكە بەڕاستی هەرچی خوا بڕیاری لەسەر بێت هەرئەنجامی دەدا دەیگەیەنێتە جێ‌ ، بەڕاستی خوا بۆ هەموو شتێك كات وئەندازەیەكی دیاریكردووە.
وە لە عومەری كوڕی خەتتابەوە دەڵێت : پێغەمبەری خوا () فەرمووی :
«لو أنكم تَتَوَكَّلون على الله حَقَّ تَوَكُّله لرُزقتم كما تُرزق الطيرُ تغدو خماصًا وتروح بطانًا». وصححه الألباني
واتە: ئەگەر ئێوە بەڕاستی وبەگوێرەی پێویست پشت بەخوا ببەستن ، ئەوا ڕزقتان دەدات وەكو چۆن ڕزقی باڵندە دەدات كەبەبرسێتی دەردەچێت وبەتێری دەگەڕێتەوە.
هۆكاری دووەم: تەقوای خوا
لە هۆكارەكانی ڕزق بریتیە لە تەقوای خوا عزوجل:
خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [وَمَنْ يَتَّقِ اللهَ يَجْعَلْ لَهُ مَخْرَجًا * وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ وَمَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللهِ فَهُوَ حَسْبُهُ] [الطلاق: 2، 3].
واتە: هەركەس لەخوا بترسێ وسنوورەكانی بپارێزێت, خوا دەرووی لێ دەكاتەوەو ڕزق وڕۆزی دەداتێ‌ لە شوێنێكەوە كە خۆیشی گومانی نەدەبرد( ڕێنموونی دۆزینەوەی ڕێگای ژیانی دەكات).
إِبن كثير دەڵێت:
" واتە, لەكاروباریدا دەروازەیەكی بۆ دەكاتەوەو لە لایەكیشەوە ڕزقی دەدات كەبە خەیاڵیدا نەهاتووە"( تفسير القرأن العظيم ابن كثير (8/146).).
هۆكاری سێیەم: بەجێگەیاندنی پەیوەندی و سیلەی ڕەحم
1- ئەبو هورەیرە دەگێڕێتەوە و دەڵێت, گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا () فەرمووی:
«مَنْ سَرَّه أن يُبْسَطَ له في رزقه، وأن يُنْسَأَ له في أثره فَلْيَصل رحمه» صحيح البخاري (5985).
واتە: ئەوەی پێی خۆشە كە ڕزق وڕۆزی زۆربێت وپاشماوەی باشی لێ بەجێ بمێنێت, با سیلەی ڕەحم بگەیەنێت.
هۆكاری چوارەم: داوای لێخۆشبوون وتەوبەكردن
یەكێكی تر لەهۆكارەكانی زیادبوون وپەیدابوونی ڕزق ، داوای لێخۆشبوون و تەوبەكردنە لەتاوان وسەرپێچیەكان.
خوای پەرەوردگار دەفەرموێت: [فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا * يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا * وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَلْ لَكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَلْ لَكُمْ أَنْهَارًا] [نوح: 10-12].
واتە: لەزمانی پێغەمبەر نوحەوە دەڵێت, بەگەلەكەم ڕاگەیاند كە داوای لێخۆشبوون بكەن چونكە بەڕاستی خوا زۆر لێخۆشبووە, وبەهۆیەوە لەئاسمانەوە باران بەسەرتاندا دەبارێنێت و ماڵ و وەچەونەوەتان بۆ زیاددەكات باخ وبێستانتان بۆ سازدەكات و ڕووبارەكانتان بۆ فەراهەم دێنێت.
ئیمامی قورتوبی لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەڵێت:
ئەم ئایەتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە داوای لێخۆشبوونكردن دەبێتە هۆی دابارینی ڕزق وڕۆزی وباران. (تفسير القرطبي(الجامع لاحكام القران) (18/302)سورة نوح. ).
هۆكاری پێنجەم: بەخشین لەپێناوی خوادا
یەكێكی تر لە هۆكارەكانی زۆربوونی ڕزق بریتیە لە ماڵ بەخشین لەپێناوی خوادا:
خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [وَمَا أَنْفَقْتُمْ مِنْ شَيْءٍ فَهُوَ يُخْلِفُهُ وَهُوَ خَيْرُ الرَّازِقِينَ] [سبأ: 39].
إِبن كثير دەڵێت واتە: لەدونیادا خوا بەگۆڕینەوە جێی دەگرێتەوە بۆتان, وە دواڕۆژیشدا بە پاداشت. (تفسير القرآن العظيم سورة سبأ لابن كثير (3/595). ).
هۆكاری شەشەم: بەتاڵكردنەوەی دڵ تەنها بۆ پەرستنی خوا
یەكێكی تر لە هۆكارەكانی ڕزق بریتیە لە ئامادەكردن وپاكژكردنەوەی دڵ تەنها بۆناسین و پەرستشی خوای گەورە:
لەئەبو هورەیرەوە, پێغەمبەری خوا() فەرمویەتی: «إن الله تعالى يقول: يا ابن آدم! تفرغ لعبادتي أملأ صدرَك غنى، وأَسُدُّ فقرك، وإن لا تفعل ملأت يَدَكَ شُغْلًا، ولم أَسُدّ فقرَك» (صحيح سنن الترمذي (2464).وصححه الالباني في صحيح الجامع(2/178)).
واتە: خوای گەورە دەفەرموێت: ئەی نەوەی ئادەم! خۆت یەك لاو سازبكە بۆ پەرستنم, سنگت پڕدەكەم لە دەوڵەمەندی وهەژاریت لێ‌ دەگرمەوە ، وەئەگەریش ئەنجامت نەدا ئەوا دەستت پڕدەكەم لەسەرقاڵی وهەژاریشت لەسەر هەڵناگرم.
هەروەها چەندین هۆكاری تر كە هەموویان بەڵگەی صەحیحیان لەبارەوە هاتوون وەكو :
هاوسەرگیری ،حەج وعومرە كردن ،تێكۆشان لەپێناوی خوادا ، گەڕانەوە بۆلای خوا لەكاتی پێویستیدا ، كۆچ كردن لەپێناوی خوادا ، كردەوەی چاك وگوێڕایەڵی كردنی خواى پەروەردگار .
ستافى وەڵامەکان

سەردان: ١١,٦٩٣ بەش: کار و بازرگانی