چۆن خۆمان ئامادە بكەین بۆ مانگى ڕەمەزان ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن خۆمان ئامادە بكەین بۆ مانگى ڕەمەزان ؟

إِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ، وَنَسْتَعِيْنُهُ، وَنَسْتَغْفِرُهُ، وَنَعُوْذً بِاللهِ مِن شُرُوْڕ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا، مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ، وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ... وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَڕيْكَ لَهُ... وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ.
أَمَّا بَعْدُ: لە خواى گەورە داواكارم كە ئەم ئامۆژگارییە سەرەتاییەك بێت بۆ دەستپێكردنى موسوڵمانان بۆ ئەنجامدانی كارى خێر و چاكە لە سەرەتایى ئەم مانگە پیرۆزە بە پشتیوانى خوا تائەو كاتەى كە دەگەڕێینەوە بۆ لاى خۆى كە ئەویش بە بەزەیی و بە ڕەحمە بەرامبەر بەندەكانى.

چۆن خۆمان ئامادە بكەین بۆ مانگى ڕەمەزان ؟
یەكەم: ئامادەبوونى دەرروونى و زانستى بۆ ئەم مانگە پیرۆزە:
پاڕانەوە لەخواى گەورە بە هەر دوعایەك كە دەیزانى، وەك ئەم دوعایە ((اللهُمَّ سَلِمني إلى رَمَضان وَسَلِم لي رَمَضان وتَسَلمه مِني مُتَقَبيلاً)).
* هێنانى چەند نیەتێك پێش هاتنى ڕەمەزان، چونكە (أبو هریرة) رضي الله عنه دەگێڕێتەوە لە فەرموودەیەكى قودسى دا خواى گەورە دەفەرمووێ:" إذا تَحَدثَ عَبدي بِأن يَعمَلَ حَسَنَةَ فأَنا أَكتُبُها لَه حَسَنَة " (صحيح مسلم).
واتە: ئەگەر بەندەكەم نیەتى كردنی چاكەى هێنا ئەوا من بە چاكە بۆى دەنووسم.
لەو نیەتانەى كە پێویستە بهێنرێت پێش مانگى ڕەمەزان:
1 ـ نیەتى (خەتم كردنى) تەواوكردنى قورئان لە جارێك زیاتر لەگەڵ تێگەیشتن لە ماناكەى.
2 ـ نیەتى تەوبەكردنى راست لە هەموو تاوانەكانى پێشوو
3 ـ نیەتى ئەوەى كە ئەم مانگە سەرەتاییەك بێت بۆ كردنى خێرو ئەنجامدانى كارى چاكە و بەردەوامبوون لەسەرى بە پشتیوانى خوا تائەو ڕۆژەى دەگەڕێینەوە بۆ لاى خۆى.
4 ـ نیەتى دەستكەوتنى زۆرترین بڕى چاكە لە مانگە، چونكە لە مانگە دا پاداشت و چاكە چەندجارە دەبێتەوە.
5 ـ نیەتى چاككردنى ڕەوشت وڕەفتار ونواندنى هەڵسو كەوتى چاك لەگەڵ خەڵك و زمان شرینى لەگەڵیاندا.
6 ـ نیەتى كاكردن بۆ ئەم دینە پیرۆزە وبڵاوكردنەوەى لە نێوان خەڵكدا بە سوود وەرگرتن لەوەى كە لە مانگە پیرۆزە ئیمانى خەڵكى بەرز دەبێتەوە.
7 ـ نیەتى دانانى بەرنامەیەك پڕ لە عیبادەت و پەرستن وزیكر كردن دەست پێوەگرتنى و پشتگوێ نەخستنى.
* خوێندنەوەى كتێبى دینى پێش هاتنى مانگى ڕەمەزان: ئەویش بریتیە لە خوێندنەوەى چەند كتێبێكى سوود بەخش بە تایبەت ئەو كتێبانەى كە باسى فەزڵ و گەورەیى وئەحكامەكانی مانگى ڕەمەزان دەكەن، بۆ ئەوەى هەناسە ئامادەبین بۆ ئەم مانگە پیرۆزە بە سۆزیكى ئیمانى بەرزەوە. لەو كتێبانە ((چۆنییەتى ڕۆژوى پێغەمبەر لەڕەمەزاندا، چۆنێتى ئەنجامدانى نوێژى تەراویح لەڕەمەزاندا.. هتد)).
براى موسوڵمان خوشكى موسوڵمان هەوڵبدە سوود وەربگریت لە گەورەیى و فەزڵى ئەم مانگە، چونكە پێغەمبەرى خوا دەفەرمووێت: " إذَا جَاءَ رَمَضَان فُتِحَ أبْوابُ الجَنَّة، وغُلِقَت أبوابُ النِّيران، وَصُفِدَتِ الشَّيطان " (أخرجه البخاري: (4/97) رقم: 1898).
واتە: كە مانگى ڕەمەزان بەسەردا دێت دەرگاكانى بەهەشت دەكرێنەوە، و دەرگاكانى دۆزەخیش دادەخرێن، و شەیتانەكان زنجیر دەكرێن. مانگى ڕەمەزان شەوێكى تێدایە كە مەلائیكەكان داواى لێخۆشبوون دەكەن، پاداشت وچاكەى تێدا چەند جارەدەبێتەوە.

نەخشەیەك بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ مانگى ڕەمەزان
1 ـ هەموو ڕۆژێك گوێبگرە لە سیدیەك كە باس لە فەزڵ و گەورەی مانگى ڕەمەزان دەكات، لەماڵ لەناو ئۆتۆمبییل لە دوكان لەهەر شوێنێكى تر.
2 ـ خوێندنەوەى تەفسیرى ئەو ئایەتانەى كە باسى ڕۆژو مانگى ڕەمەزان دەكەن لە كتێبى تەفسیرى قورئان.
3 ـ " چۆن لەمانگى ڕەمەزاندا بژین " دروشمێكە پێش مانگى ڕەمەزان، كە بریتیە لە كۆبونەوە و دانیشتنێكى برایانە لەگەڵ ئەو كەسانەى كە خۆشیانت دەوێ و مرۆڤى چاك وچاكە كارن، لەگەڵیاندا باس لەوە بكرێت كە چۆن لە مانگى ڕەمەزاندا بژین، وەكو ئەوەى كە خواى گەورە لێمانى دەوێ، ئەم دانیشتنە ئیمانیە هاندەرێكە بۆ ئامادەبوونى دڵەكانمان بۆ مانگى ڕەمەزان.
4 ـ دابین كردنى بڕیك پارەى دیاریكراو بۆ ئەم مانگە بۆ كردنی كارى خێر وەك:
أ ـ صدقە جاریە (بیرى ئاو، بەشداریكردن بە برێك پارە لە دروستكردنى مزگەوت، ناشتنى دار... هتد).
ب ـ كڕینى هەندێ كتێب و نامیلكەى بە سوود بڵاوكردنەوەى لە نێوان خەڵكیدا.
ج ـ بەشداریكردن لە پڕۆژەى ناندانى ڕۆژوان لەمانگى ڕەمەزان.
د ـ شتوومەكى خێر، كە بریتیە لە كۆمەڵێك خواردن كە دابەش دەكرێت بەسەر كەمدەستەكاندا لە سەرەتاى ئەم مانگە.
5 ـ ڕۆیشتن بۆ ماڵى خوا بۆ ئەنجامدانى عومرە ئەگەر توانرا چونكە پێغەمبەرى خوا دەفەرمووێت " عَمرةُ في رَمَضان تَعدل حجة مَعي " (صحيح الترغيب و الترهيب،ج2/ص6/1118). واتە: ئەنجامدانى عومرەیەك لە مانگى ڕەمەزان خێرى حەجێكى هەیە كە لەگەڵ مندا ئەنجامدرابێت.
6 ـ فێربوونى ئاداب ئەحكامەكانى ڕۆژوو، وخوێندنەوەى كتێبى ((چۆنێتی ڕۆژووی پێغەمبەر لە ڕەمەزان دا)).
7 ـ ئامادەبوون لەو ووتارانەى كە بەبۆنەى هاتنى مانگى ڕەمەزانەوە پێشكەش دەكرێت.
8 ـ ئامادەكاری لە ماڵەوە وەكو خێزان، منداڵەكان و دەوروبەر بۆ ئەم مانگە پیرۆزە لە ڕێگاى قسە و گفتوگۆ ئامۆژگاریكردن بۆ ئامادەبوون بۆ ئەم مانگە پیرۆزە.
دووەم: ئامادەبوونى بانگەوازى: بانگەوازكار ئامادەدەبێت بەم ڕێگایانەى خوارەوە:
1 ـ شتوومەكى بانگەواز: بریتیە لە:
أ ـ كتێبى ڕەمەزانى. ب ـ نامیلكە. د ـ بڵاوكراوە. د ـ سیدى ووتار... هتد.
2 ـ نووسینى چەند نامیلكە بڵاوكراوەیەك بۆ هاندانى خەڵك بۆ ئەنجامدانى كارى چاكە لەم ماگە پیرۆزە.
3 ـ ئامادەكردنی چەند ووشە و ئامۆژگارییەك بۆ قسەكردن بۆ كەسانى دەوروبەرت لە مزگەوتى گەڕەك یان لە بازاڕ یان لە هەرشوێنیكداى.
4 ـ دابەشكردنی سیدى وكتێب و نامیلكە بەسەر خەڵكى گەڕەكدا.
5 ـ چەندین ڕیگاى تر هەیە بۆ بانگەواز كردن بۆ ڕێگاى خوا.
برایان و خوشكانی بەڕیزم لە كۆتاییدا دەڵێم بانگەواز كردن بۆ ڕێگەى خوا پێویستى بە هەوڵى راستەقینەى ئێوە هەیە، داواكارم كە ئێوەش درێغى نەكەن، چونكە لەوانەیە بڵاوكراوەیەكى بچوك ببێتە هۆى هیدایەت دانى خەڵكانێكى زۆر وە لەوانەشە كتێبێك هیدایەتى كەس نەدات ئەگەر بەنیەتێكى پاك نەبێت بۆ خوا، چونكە هیدایەتدان بەدەست خوایە.
وصلى الله تعالى و سلم على محمد وعلى اله وصحبه أجمعين

ئامادەکردنى ستافى وەڵامەکان ، پێداچونەوەى مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٥,٠٢٦ بەش: پێشوازى لە ڕەمەزان