لە کاتى قورئان خوێندندا کە دەگەین بەو ئایەتانەى باسی بەهەشت یان باسی دۆزەخ دەکات سوننەتە چی بڵێین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە کاتى قورئان خوێندندا کە دەگەین بەو ئایەتانەى باسی بەهەشت یان باسی دۆزەخ دەکات سوننەتە چی بڵێین؟

لە كاتی خوێندنەوەی ئایەتێكدا، كە باسی ڕەحمەتی خوای گەورە دەكات سوننەت وایە داوای ڕەحمەتی خوای پەروەردگار بكەیت، وە لەكاتی خوێندنەوەی ئایەتی سزا‌و تۆڵەدا، پەنا بگریت بەخوای گەورە.
لە كاتی خوێندنەوەی ئایەتێكیشدا، كە باسی نیعمەت‌و بەخششێكی تێدا بێت سوننەت وایە داوا لەخوای گەورە بكەیت (وەك داواكردنی بەهەشت).
ئەمەش لەبەر فەرمودەكەی (حُذيفة)ی كوڕی (الیمان)ە ڕەزاى خواى لێ بێ، كە وەصفی قورئان خوێندنی پێغەمبەرمان بۆ دەكات لە نوێژەكانیدا‌و دەفەرموێت: (إذَا مَربِآيَةٍ فِيهَا تَسْبِيحٌ سَبَّحَ، وَإِذَا مَرَّ بِسُؤَالٍ سَأَلَ، وَإِذَا مَرَّ بِتَعَوُّذٍ تَعَوَّذَ)(صحيح مسلم، برقم (772)).
واتە: (كاتێك پێغەمبەری خوا ئایەتێكی بخوبَندایە، كە باسی ستایشی خوای گەورەی تیادا بوایە، ئەوا ستایشی خوای گەورەی دەكرد، بە وتنی (سبحان الله)، وە ئەگەر ئایەتێكی بخوێندایە، كە باسی نیعمەتێكی خوای بكردایە، ئەوا داوای ئەو نیعمەتەی لە خوای گەورە دەكرد، ئەگەر ئایەتێكیشی بخوێندایە، كە باسی سزای تیا بوایە ئەوا پەنای بەخوا دەگرت لێی).
شێخ (محمد بن صالح العثيمين) رحمه الله لە شەرحی ئەم فەرمودەیەدا فەرمویەتی:
(فجمع عليه الصلاة والسلام بين القراءة وبين الذكر وبين الدعاء وبين التفكر، لأن الذي يسأل عند السؤال، ويتعوّذ عن التعوذ، ويسبح عن التسبيح، لا شك أنه يتأمل قراءته ويتفكر فيها، فيكون هذا القيام روضة من رياض الذكر) شرح رياض الصالحين: دار الوطن للنشر، الرياض: (2/94)
واتە: (پێغەمبەر قورئان خوێندن‌و زیكر‌و دوعا‌و تیڕامانی كۆدەكردەوە لەبەر ئەوەی، كە باسی نیعمەتێكی تێدا بوایە پێغەمبەر داوای ئەو نیعمەتەی لە خوا دەكرد، وە كە باسی هەڕەشە‌و سزای خوای گەورەی تێدا بوایە پەنای بە خوا دەگرت، وە لە شوێنی ستایشدا ستایشی خوای دەكرد، گومانی تێدا نیە پێغەمبەری خوا لە قورئان ڕادەما‌و بیری لێ دەكردەوە، ئەمەش باخێكە لە باخەكانی یادی خوای گەورە).
 کتێبی : (نیعمەتی ڕەحمان لـە ڕونكردنەوەی بابەتە فیقهی ‌و عەقیدەییەكانی پەیوەست بە قورئـان) لە نوسین و ئامادەکردنى : د. هردی صدیق

سەردان: ٤,٣٧٥ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان