حوکمی دەف لێدان وگۆرانی ووتن لەلایەن ئافرەتانەوە و وێنەگرتنی بە كامیرای ڤیدیۆ لە زەماوەندا چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی دەف لێدان وگۆرانی ووتن لەلایەن ئافرەتانەوە و وێنەگرتنی بە كامیرای ڤیدیۆ لە زەماوەندا چیە؟
پرسیار:

لەم دوایی یەدا هەڵەكان زۆر بوونە لە بۆنەكانی ئاهەنگ گێڕانی شایی دا لە ماڵەكان وكۆشكی ئاهەنگ گێڕان، وە بەتایبەت لە كۆشكەكاندا، وەكو دەف لێدان بە بڵندگۆ وگۆرانی ووتن لەلایەن ئافرەتانەوە و وێنەگرتنی بە كامیرای ڤیدیۆ، وە لەمانە ناشیرین تر پیاو ماچی ژنەكەی خۆی دەكات لەپێش چاوی خەڵكی، ئیتر كوا شەرم ولە خوا ترسان؟! وەكاتێك كە ئامۆژگاری دەكرێن لەلایەن كەسانی بە غیرەت بۆ سنورەكانی خوای گەورە، دەڵێن: فڵانە زانا فەتوای بە دروستێتی دەف لێدان داوە، ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئایا هیچ مەرج وسنوری هەیە تا بۆ خەڵك روون بكرێتەوە؟ بۆ ئەوەی لە سنوری خۆیان راوەستن، داوا لەبەڕێزتان دەكەین لەم بابەتەدا ئەوەی حەق بێت بۆ موسڵمانانی روون بكەنەوە خوای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە. 

ئەوەی كە ڕاستی بێت لە دەف لێداندا لەكاتی ژن هێناندا ئەوەیە كە دروستە، یاخود سوننەتە ئەگەر بۆ راگەیاندنی ژن هێنانەكە بێت، بەچەند مەرجێك:
مەرجی یەكەم: لێدانەكە بە دەف بێت ئەوەی كە یەك دیوی گیراوە، چونكە ئەوەی كە هەردوو دیوی گیراوە پێ‌ی دەوترێت تەپڵ، كە ئەمەیان دروست نی یە چونكە لە ئامێرەكانی مۆسیقایە ومۆسیقایش بەهەموو جۆرەكانی یەوە حەرامە، تەنها ئەوە نەبێت كە بەڵگە لەسەر حەڵاڵێتی هاتبێت ئەویش تەنها دەفە لەكاتی ئاهەنگی زەماوەندا.
مەرجی دووەم: نابێت شتی حەرامی لەگەڵدا بێت، وەكو گۆرانی نزمی ئارەزوو جوڵێن، ئەمە قەدەغەیە ئەگەر دەفی لەگەڵدا بێت یان نا، وە ئەگەر لەكاتی ئاهەنگ گێڕانی زەماوەند بێت یان نا.
مەرجی سێ‌یەم: بەم دەف لێدانە فیتنە روونەدات، وەكو دەرخستنی دەنگی خۆشی ئافرەتان بۆ پیاوان، ئەگەر فیتنە روویدا ئەوا دیسانەوە قەدەغەیە.
مەرجی چوارەم: نابێت ئەم دەف لێدانە ئازاری كەس بدات، ئەگەر ئازارو بێزاركردنی تێدا بوو ئەوا دیسانەوە قەدەغەیە، وەكو بەرز كردنەوەی دەنگەكان لەرێگای بڵندگۆوە، چونكە ئەمە ئازاری دراوسێ‌كان وجگە لەوانیش دەدات، لەوانەی كە بەم دەنگە بێزاردەبن(1)، هەروەها خاڵیش نی یە لە فیتنە، وەپێغەمبەر () قەدەغەی كرد كە نوێژ كەران هەندێكیان دەنگ بەرز بكەنەوە بەسەر هەندێكیاندا لە قورئان خوێندندا چونكە تەشویشی دروست دەكردو ئازاری تێدا بوو چ جای دەنگی دەف ‌وگۆرانی ‌و وێنەگرتنی بە ئامێری وێنە گرتن، هیچ مرۆڤێكی ژیر گومانی لە ناشیرینیدا نی یە‌و هیچ مرۆڤێكی ژیر چ جای باوەڕدار ڕازی نابێت وێنەی كەس‌و كاری بگیرێت لە دایك ‌وكچ ‌وخوشك ‌وخێزانی ‌وجگە لەمانە بۆ ئەوەی ببێت بە شت ‌ومەكێك ‌ونیشانی هەموو كەسێك بدرێت، یاخود ببێتە یاری یەك وهەموو مرۆڤێكی لە ڕێ دەرچوو ڕابوێرێت بە تەماشا كردنی، وە لە هەمووی ناشیرین تر وێنەگرتنی بە كامێرای ڤیدیۆ، چونكە ئەمە وێنەی ڕووداوەكە دەگرێت بە زیندوویی بە بیستن وبینینەوە كە ئەمەیش كارێكە هەموو خاوەن عەقڵێكی ساغ‌و دینێكی دامەزراو بەرهەڵستی دەكەن، وە بە خەیاڵدا نایات هیچ كەسێك شەرم ‌و باوەڕی هەبێت ئەم شتە حەڵاڵ بكات. وە سەما كردنی ئافرەتان شتێكی ناشیرینە فەتوا بە دروستێتی نادەین چونكە بیستوومانە بە هۆیەوە چی لەناو ئافرەتاندا ڕوویداوە، وەئەگەر لە لایەنی پیاوانەوە بێت ئەوا ناشیرین ترە، وە لە خۆ چواندنی پیاوانە بە ئافرەتان، وە ئەو خراپانەی كە تێیدایە شاراوە نی یە.
وە ئەگەر لە نێوان ئافرەتان ‌و پیاواندا بێت بە تێكەڵی هەروەكو خەڵكانی نزم‌و بێ ڕێز دەیكەن ئەمەیان تاوانەكەی گەورەترەو ناشیرین ترە، چونكە تێكەڵی كێشەی زۆری تێدایە بە تایبەت ئەگەر بۆنەكە بۆنەی ژن هێنان بێت.
وە ئەوەی كە پرسیاركەر باسی كرد لەوەی كە پیاوەكە دەچێتە ناو ئافرەتانەوە لەبەر چاویان ماچی ژنەكەی دەكات، ئەمە شتێكی سەیرە لە كەسێكەوە ڕوو بدات خوای گەورە بەخششی خۆی ڕژاندبێت بە سەریدا بە بەخششی ژن هێنان ئەویش رووبەڕووی ئەو بەخششە ببێتەوە بەم كارە لەبەرچاو ئافرەتان‌ و لە ئاهەنگی زەماوەند كە جێگەی ئارەزووە.
پاشان چۆن كەس ‌وكاری ژنەكە ڕێگەی پێ دەدەن؟! وە ئایا لەوە ناترسن كە ئەم پیاوە لەكۆبوونەوەی ئەو ئافرەتانە ئافرەتێكی جوانتر لە ژنەكەی خۆی ببینێت ‌و پێی سەرسام بێت ‌و ژنەكەی خۆی لەبەرچاو بكەوێت ‌و مێشك ‌و بیری سەرقاڵ بكات بە بیركردنەوە لێی ‌و سەرەنجامی نێوان خۆی ‌و ژنەكەیشی باش نەبێت؟!

 من كۆتایی بەوەڵامەكەم دەهێنم بە ئامۆژگاری كردنی برایانی موسڵمانم كەواز بهێنن لەم كردەوە خراپانە، وە بانگیان دەكەم بۆ هەڵسان بە سوپاس كردنی خوای گەورە لەسەر ئەم بەخششە‌و جگە لەمە، وە ڕێگای پێشینە چاكەكان بگرن ‌و ئەوەندەی لە سوننەتدا هاتووە هەر ئەوە بكەن ‌و شوێنی هەواو ئارەزووی كەسانێك نەكەون كە خۆیان گومڕا بوونەو خەڵكیان گومڕا كردووە وڕێگای راستیان وێڵ كردووە، داواكارم لە خوای گەورە من ‌و برایانی موسڵمانم سەركەوتوو بكات بۆ هەموو شتێك كە خۆشی دەوێت ‌و لێی ڕازی یە، وەیارمەتیمان بدات لەسەر یادكردنەوە و سوپاس كردنی ‌و باش پەرستنی. 

إنه قريب مجيب، وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين(2).
================
(1) رەحمەتی خوای گەورە لە شێخی پایە بەرز بێت بۆ خۆی و فەتوای، بەڕاستی سەردەمێك بوو خەڵكی دەیان ناڵاند بەدەستی گۆرانی ومۆسیقای شایی، بەتایبەتی بەشەوان كە خەڵكی تا پاش تەواو بوونی ئاهەنگەكە نە خەویان هەبوو نەپشوو. وەرگێڕ : مامۆستا صلاح الدین
(2)(إجابات مفيدة وتوجيهات سديدة: ص28-32).

سەردان: ٦,٥٩٤ بەش: ئافرەتان