من چەند ڕۆژێكى ڕەمەزانى پارم خوارد بە هۆى نەخۆشیەوە و تاوەكو ئێستا نەمگرتۆتەوەو فیدیەشم نەداوە تكایە ڕێگاچارەیەك
بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ڕێگە چارەى تۆ ئەوەیە كە ئەو ڕۆژانەى كە پار بە ڕۆژوو نەبوویت تیایاندا بە هۆى نەخۆشیەوە قەزا بكەیتەوە، هەروەكو خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ ] [البقرة: 185] ،، واتا كەشی ئەوەیە: ئەو كەسانەى كە نەخۆشن یان لەسەر سەفەر و گوزەردان، دەتوانن بەڕۆژوو نەبن و پاشان بەژمارەى ئەو ڕۆژانە قەزاى ڕۆژووەكەیان بكەنەوە، بەم كارەش خواى پەروەردگار كارەكەتان لەسەر سوك دەكاتەوە و نایەوێ كارتان لەسەر قورس بكات.
وە سەبارەت بەوەى كە قەرزدانەوەكەت ساڵى بەسەردا چووە ئەوا ئەگەر بەهۆى عوزرێكەوە بێت تەنها قەزاكردنەوەكەت بەسە و هیچى ترت لە سەر نیە، بەڵام ئەگەر بە هۆى كەم تەرخەمیەوە بێت ئەوا دەبێت لەگەڵ قەزاكردنەوەكەش نانى هەژارێك بدەى لە بەر دواخستەنەكەت، ئەوەش بۆچوونى هاوەڵانى پێغەمبەرە بووە درودى خواى لە سەر بێت.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە