دەمەوێ ناوی منداڵەکەم بنێم ئایا ئادابە شەرعیەکان چی یە سەبارەت بە ناو نانى منداڵ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دەمەوێ ناوی منداڵەکەم بنێم ئایا ئادابە شەرعیەکان چی یە سەبارەت بە ناو نانى منداڵ؟

بێگومان بابەتی ناو لێنان بابەتێکی گرنگە ، چونکە ( ناو ) ناونیشانی مرۆڤە و پێویستیەکە بۆ تێ گەیشتن لەیەکتر ، و جوان کاریەکە بۆ کەسی ناو لێنراو وشیعارێکە کە لەڕۆژی دوایدا بەو ناوەوە بانگ دەکرێت ، وئاماژەیەکە کەئەو مرۆڤە لەسەر فڵانە دینە ، وبێگومان ناو کاریگەری هەیە لەسەر تەبیعەتی مرۆڤ .

جا ئەسڵ لەناو لێناندا ئەوەیە دروستە هەر ناوێک لەمنداڵ بنرێت  ، بەڵام پێویستە ئاگاداری هەندێ سەرپێچی بن و لێی دوور کەونەوە لەوانە :

یەکەم : ئەو ناوە بەندایەتی تێدا نەبێت بۆ جگە لەخودا ، جا بۆ پێغەمبەر بێت یاخود فریشتە ، بەهیچ شێوەیەک دروست نی یە ناوێک لەمنداڵ بنرێت کەبەندایەتی بۆ غەیری خودا تێدا بێت . جا یەکێک لەو ناوانەی کە بەندایەتی تێدایە بۆ جگە لەخودا ( عبد الرسول ، وعبد النبي ، و عبد الأمير ) وجگە لەمانەش .

حەتمەن ئەو جۆرە ناوانە پێویستە بگۆڕدرێن ئەوەی کەناوی خۆی ناوە ویاخود کەس وکاری ناویان لێی ناوە ، هاوەڵی بەڕێز عبد الرحمن بن عوف رضي الله عنه دەڵێت : كان اسمي عبد عمرو - وفي رواية عبد الكعبة - ، فلما أسلمت سماني رسول الله عبد الرحمن . رواه الحاكم 3/306 ووافقه الذهبي .
واتە : ناوم ( عبد عمرو )ولەڕیوایەتێکدا ناوم( عبد الكعبة ) ، جا کاتێ موسوڵمان بووم پێغەمبەری خوا ناوی نام عبد الرحمن .

دووەم : ناو نان بەیەکێک لەناوەکانی خودا ، کەتایبەتە بەخوداوە ، وەک ( الخالق ، یاخود الرازق ، یاخود الرب ، یاخود الرحمن) وەهاوشێوەی ئەمانە کەتایەتە بەخوداوە ، وەهەروەها ناوێک کەپێچەوانەی واقع بێت وەک ( ملك الملوك ، یاخود القاهر) وهاوشێوەی ئەمانە ، جا ئەم جۆرە ناوانە حەڕامە ، وگۆڕینی واجبە .

سێیەم : ناونانی منداڵ بەو ناوانەی کەتایبەتن بەکافران وغەیری ئەوان ناگرێتەوە ، وەک (عبد المسيح وبطرس وجرجس) و...هتد .

چوارەم : ناونانی منداڵ بە ناوی بت و ئەو تاغوتانەی کە جگە لەخودا دەپەرسترێن وەک ناو نانی کەسێک بە (شيطان) وهاوشێوەکانی .

هەموو ئەو ناوانەی پێشو دروست نین وحەڕامن وپێویستە لەسەر هەرکەسێک ئەو ناوەی لەخۆی ناوە یاخود کەس وکاری ئەو ناوەیان لێ ناوە بیگۆڕێت .

پێنجەم: هەروەها باش نی یە ناو نان بەناوێکەوە کە ماناکەی خۆش نی یە جا لەبەر ئەوەی مانایەکی ناخۆشی هەیە یاخود هۆکارە بۆ گاڵتە پێ کردن ، وئەم ناوە پێچەوانەی فەرمانی پێغەمبەرە کەفەرمانی کردووە ناوی جوان وخۆش لەمنداڵ بنرێت ، جاهەندێ لەو ناو ناخۆشانە وەک (حرب ، ورشاش ، وهيام کەناوی نەخۆشیەکە توشی وشتر دەبێت ) وجگە لەم ناوانەش کەمانای ناخۆش و بێتامێان هەیە .

شەشەم: باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کە ئارەزوانە بێت ئەمەش زۆر لەئافرەتاندا ڕوو دەدات ، وەک ئەو ناوانەی کەهەندێ وەسفی جنس وئارەزویان لەخۆ گرتووه .

حەوتەم :باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کە ناوی فاسقان وگۆرانی بێژان وئەکتەری فلیمەکانە جا چ ژن بن یاخود پیاو ، بەڵام گەر ناوێکی جوانیان هەبێت ئەوا لەبەر مانا خۆشەکەیان دروستە ئەو ناو بنرێتە منداڵەوە نەک لەبەر لاسایی کردنەوە وخۆ شوبهاندن .

هەشتەم : باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کەچەند مانایەکی هەبێت کەبۆ تاوان وسەرپێچی بەکار بێت ، وەک (دز وستەمکار) ، یاخود ناو نان بەناوی کاربەدەستە زاڵمەکان وەک (فرعون وهامان وقارون) .

نۆیەم : باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کەتایبەت بێت بەئاژەڵان وەک ( کەر وسەگ ومەیمون ...هتد ).

دەیەم : باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کەدەدرێتە پاڵ دین وئیسلام ، وەک ( نور الدين وشمس الدين وەهەروەها نور الإسلام وشمس الإسلام ) ، چونکە ئەمە بەخشینی شتێکە بەو مرۆڤە زیاد حەقی خۆی ، زانایانی سەلەف پێیان باش نەبوو ئەو لەقەبانەیان لێ بنرێت بۆنموونە ئیمامی النووي رحمه الله تعالى پێی خۆش نەبوو پێی بڵێن (محيي الدين) ، وەهەروەها شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله تعالى پێی خۆش نەبوو پێی بڵێن (تقي الدين) ودەیگوت : کەس وکارم ئەو لەقەبەیان لێناوم ومەشهور بووە .

یانزەیەم : باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوێک کەدەدرێتە پاڵ ناوی خودا جگە لە عبد الله و باقی ناوەکانی تر کەوشەی (عبد) لەپێشیانەوەیە ، وەک حسب الله ، ورحمة الله وهاوشێوەکانی . وەهەروەها ناوێکیش کەبدرێتە پاڵ پێغەمبەر .

دوانزەیەم : باش نی یە ومەکڕوهە ناو نانی منداڵ بەناوی فریشتەکان ،وەهەروەها ناوی سورەتەکانی قورئان ( طه و يس )وهاوشێوەکانی ، ئەم ناوانە چەند حەرفێکی بچڕاون وناوی پێغەمبەر نین هەروەک هەندێ ئەو گومانە دەبەن . بڕوانە : تحفة المودود لابن القيم رحمه الله تعالى ص109 .

جا ئەم ناوانە مەکڕوهن لەسەرەتادا ناوی منداڵی لێ بنرێت بەڵام گەر کەس وکاری ئەو ناوەیان لێنابێت وگەورە بوون وگۆڕینی ئەستەم بێت ئەوا واجب نی یە بیگۆڕن .

جا (ناو) لە ڕوی چاکی یەوە پێنج پلە ومەڕتەبەی هەیە :

پلەی یەکەم : ناوی عبد الله وعبد الرحمن ، ئەوەش لەبەر ئەوەی پێغەمبەر فەرموویەتی : ( أحب الأسماء إلى الله عبد الله وعبد الرحمن ) رواه مسلم في صحيحه 1398 .
واتە : خۆشەویسترین ناو بەلای خوداوە ناوی (عبد الله و عبدالرحمن)ـە .

پلەی دووەم : باقی ناوەکانی تر کەبەندایەتیە بۆ خودا ، وەک (عبد العزيز وعبد الرحيم وعبد الملك وعبد الإله وعبد السلام ...هتد) .

پلەی سێیەم : ناوی پێغەمبەران عليهم الصلاة والسلام ، بێگومان باشتریان وبەڕێزترینیان ناوی پێغەمبەری خۆمان محمدە ویەکێکی تر لەناوەکانی ئەحمەدە ، پاشان پێغەمبەرە (أولوا العزم) کە إبراهيم وموسى وعيسى ونوح عليهم الصلاة والسلام ، پاشان باقی پێغەمبەران .

پلەی چوارەم : ناوی بەندە چاکەکان ، ولەپێش هەموشیانەوە هاوەڵانی پێغەمبەرمان ، باش وایە ناوی منداڵ بەناوی ئەو هاوەڵانەوە بنرێت کەناوەکانیان خۆشن لەبەر بەرزی پلەکەیان .

پلەی پێنجەم : هەموو ناوێکی خۆش کەمانەیەکی جوان وخۆشی هەبێت .

وە باش وایە لەکاتی ناونانی منداڵدا ڕەچاوی هەندێ شت بکرێت لەوانە :

یەکەم : ئەوە لەبەر چاو بگرن کەئەو ناوە بەدرێژایی ژیانی بەو منداڵەوە دەبێت گەر ناوێکی ناخۆشی لێ بنەن تاوەکو ئەو منداڵە مابێت هەست بە دڵتەنگی دەکات .

دووەم : لەکاتی ناونانی منداڵدا پێویستە تەماشای هەندێ شت بکرێت : تەماشای خودی ناوەکە بکرێت وپاشان ڕەچاوی ئەوە بکرێت ئایا ئەو ناوە لەگەڵ ئەو منداڵەدا دەگونجێ لەکاتی منداڵیدا پاشان لەکاتی گەنجێتیدا پاشان لەکاتی پیریدا وبوون بەباوک ، وئایا تاچەند ئەو ناوە لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێ بکرێ بەکونیە وئایا تا چەند لەگەڵ ناوی باوکیدا گونجاوە ...هتد ؟ .

سێیەم : ناو نان مافێکی شەرعی باوکە چونکە دەدرێتە پاڵ ئەو ، بەڵام باش وایە باوک دایکیش بەشدار بکات لە ناونانی منداڵدا و بۆچوونی وەربگرێت ودڵی ڕازی کات گەر ئەو ناوەی هەڵی بژاردبوو جوان بوو .

چوارەم :  پێویستە منداڵ بدرێتە پاڵ باوکی جا لەژیاندا بێت یاخود مردبێت یان هەر باوکی نەبینیبێت ، و حەرامە و نابێت منداڵ بدرێتە پاڵ جگە لەباوکی تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت ئەوەش ئەوەیە گەر ئەو منداڵە لەئەنجامی زینا بووبێت والعياذ بالله ، لەو حالەتەدا دەدرێتە پاڵ دایکی ودروست نی یە بدرێتە پاڵ باوکی .

پێنجەم : هیچ ڕێگرییەك نی یە لەشەرعدا لەوەی كە مرۆڤ ناوی منداڵەكەی بنێت بەناوی كوردی، وەسەربەستە لەم شتەدا ، بەڵام گرنگ ئەوەیە ناوێکی خۆش بێ و ماناى خراپی نەبێت .

سەردان: ٩,٤٨٦ بەش: پەروەردەى منداڵ