ئایا ئەجر و پاداشتی بانگدان چیە لەئیسلامدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئەجر و پاداشتی بانگدان چیە لەئیسلامدا؟

دەربارەی (فضل) ی بانگ و بانگدەران فەرموودەیەکی زۆر هاتووە، وا لە خوارەوە هەندێكیان باس ئەكەین:
یەکەم : لە ئەبی هوڕەیڕەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرموێت: پێغەمبەر فەرموویەتی: (لَو يَعلَمُ النَّاسُ مَا فِي الأذَانِ وَالصَّفِّ الأوَّلِ ثُمَّ لَم يَجِدُوا إلَّا أن يَستَهِمُوا عَلَيهِ لاستَهَمُوا، وَلَو يَعلَمُونَ مَا فِي التَّهجِيرِ لاستَبَقُوا إلَيهِ وَلَو يَعلَمُونَ مَا فِي العَتَمَةِ وَالصُّبحِ لأتَوهُمَا وَلَو حَبواً) رواه البخاري ومسلم.
واتە: ئەگەر خەڵك ئەیانزانی چ (فضل) و پاداشێك لە بانگدان و ڕیزی پێشەوەی جەماعەتدا هەیە هیچیان بۆ نەئەماوە ئەوە نەبێت قورعەیان بۆ ئەكرد، وە ئەگەر ئەیان زانی زوو چوون بۆ نوێژی نیوەڕۆ چی تێدایە پێش بڕكێ‌یان بۆ ئەكرد، وە ئەگەر ئەیان زانی چ پاداش و (فضل) ێك لە نوێژی خەوتنان و بەیانیدا هەیە بە گاگۆڵكێش بوایە بۆی ئەهاتن.

دووەم : لە موعاویەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر فەرموویەتی: (إنَّ المُؤَذِّنِينَ أطوَلُ النَّاسِ أعنَاقاً يَومَ القِيَامَةِ) رواه أحمد ومسلم وابن ماجه.
واتە: بانگ بێژەكان لە ڕۆژی دواییدا گەردنیان لە هەموو كەس درێژترە.

سێیەم : لە بەڕائی كوڕی عازیبەوە هاتووە كە پێغەمبەر فەرموویەتی: (إنَّ اللهَ وَمَلائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى الصَّفِّ المُقَدَّمِ وَالمُؤَذِّنُ يُغفَرُ لَهُ مُدَّ صَوتِهِ وَيُصَدِّقُهُ مَن سَمِعَهُ مِن رَطبٍ وَيَابِسٍ وَلَهُ مِثلُ أجرِ مَن صَلَّى مَعَهُ) قال المنذري: رواه أحمد والنسائي بإسنادٍ حسنٍ جيد.
واتە: خوا ڕەحمەت ئەڕژێنێ‌ و فریشتەكان ئەپاڕێنەوە بۆ ئەوانەی لە ڕیزی یەكەمی نوێژدا وەستاوون، وە بانگدەر چەند دەنگی بڕوات ئەوەندە لێ‌ خۆش بوونی بۆ هەیە، وە هەرچی لە تەڕ و ووشك ئەو بانگە ببیستێ‌ شایەتی بۆ ئەدات و باوەڕی پێ‌ ئەكات، وە ئەوەندەی پاداشتی ئەو كەسانەی بۆ ئەنووسرێت كە بەو بانگە نوێژ دەكەن لەگەڵی.

چوارەم : لە ئەبو دەڕدائەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: لە پێغەمبەرم بیستووە ئەی فەرموو: (مَا مِن ثَلاثَةٍ لا يُؤَذِّنُونُ وَلا تُقَامُ فِيهِمُ الصَّلاةُ إلا استَحوَذَ عَلَيهِمُ الشَّيطَانُ) رواه أحمد
واتە: هیچ سێ‌ كەسێك نیە بە یەكەوە بن نە بانگ بدەن و نە قامەت بكەن ئیللا شەیتان بەسەریاندا زاڵ ئەبێت.

پێنجەم : لە ئەبی هوڕەیڕەوە خوای لێ ڕازی بێت هاتوە دەفەرمووێت: پێغەمبەر فەرموویەتی: (الإمَامُ ضَامِنٌ وَالمُؤَذِّنُ مُؤتَمَنٌ، اللَّهُمَّ أرشِدِ الأئِمَّةَ وَاغفِر لِلمُؤَذِّنِينَ).
واتە: پێش نوێژ زامنەو بانگدەر جێ‌ی متمانەیە. خوایە ڕێ‌ نومایی پێش نوێژەكان بكە، و لە بانگدەرانیش خۆش بە.

(فالإمام ضامن) : بەو مانایەیە دێت :
پێویستە لەسەر(پێش نوێژ) پارێزگاری لەنوێژی ئەو کەسانە بکات کەلەدوایەوە نوێژ دەکەن کارێک نەکات نوێژەکەیان بەتاڵ ببێتەوە ، وئاگاداری ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژ بێت ، وپەلە نەکەت لەنوێژ کردندا بەشێوەیەک ڕکوع وسەژدەکانی وەک پێویست نەبێت ، ونابێ کەم تەرخەم بێت لەجێبەجێ کردنی شەڕت وسوننەتەکانی نوێژ .

شەشەم : لە عوقبەی كوڕی عامیرەوە خوای لێ ڕازی بێت هاتوە كە پێغەمبەر فەرموویەتی: (يَعجَبُ رَبُّكَ عَزَّوجَلَّ مِن رَاعِي غَنَمٍ فِي شَظيةٍ بِجَبَلٍ يُؤَذِّنُ لِلصَّلاةِ وَيُصَلِّي، فَيَقُولُ اللهُ عَزَّوَجَل: أُنظُرُوا لِعَبدي هَذَا يُؤَذِّنُ وَيُقِيمُ الصَّلاةَ يَخَافُ مِنِّي! قَد غَفَرتُ لِعَبدِي وَأدخَلتُهُ الجَنَّةَ) رواه أحمد وأبوداود والنسائي.
واتە: پەروەردگاری بەدەسەڵات و بەتوانات (معجب)ە بەو شوانەی بە بناری شاخێكەوە ئاژەڵا ئەلەوەڕێنێ‌، كاتێ‌ كاتی نوێژ هات بۆخۆی بانگ ئەدات و نوێژ ئەكات، ئەفەرمووێت: سەیری ئەو بەندەیەم بكەن بانگ ئەدات و قامەت بۆ نوێژ ئەكات، وە ئەو لە من ئەترسێ‌، وا لێی خۆش بووم و ئەیخەمە بەهەشتەوە.

سەرچاوە : فقه السنة

سەردان: ٣,٨٠٣ بەش: بانگ و قامەت