ئێمە زەرعاتمان هەیە و حەیوانى خەڵکى دێتە ناویەوە و زیانمان لێ دەدات ئایا دروستە ژەهر خواردیان بکەین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئێمە زەرعاتمان هەیە و حەیوانى خەڵکى دێتە ناویەوە و زیانمان لێ دەدات ئایا دروستە ژەهر خواردیان بکەین؟

یەکەم :
پێویسته لەسەر خاوەن دەخڵەکان دەغڵەکانیان بەڕۆژ بپارێزن لەحەیوانات ، جا گەر کەم تەرخەم بوون ئەوا دەبێ خۆیانی تەحەموولی کەم تەخەمیەکەیان بکەن .
وەپێویستە لەسەر خاوەن حەیوان بەشەو ئاگاداری حەیوانەکانیان بن وبەرەڵای نەکەن ، خۆ ئەگەر کەمتەرخەمی بکەن ئەوا پێویستە لەسەریان ئەو زیانانە ببژێرن کەحەیوانەکانیان بەشەو گەیاندویەتی بەماڵی خەڵک .

بەڵگەمان بۆئەم قسەیە ئەوەیە کە موحەیسە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : ( أَنَّ نَاقَةً لِلْبَرَاءِ بْنِ عَازِبٍ دَخَلَتْ حَائِطَ رَجُلٍ (بستان) فَأَفْسَدَتْهُ عَلَيْهِمْ ، فَقَضَى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : (عَلَى أَهْلِ الْأَمْوَالِ حِفْظَهَا بِالنَّهَارِ ، وَعَلَى أَهْلِ الْمَوَاشِي حِفْظَهَا بِاللَّيْلِ) رواه أبو داود (3569) وصححه الألباني .
واتە : وشترێکی بەڕائی کوڕی عازب چووە نێو زەرعاتی پیاوێکەوە وخواردی ، پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بڕیاری دا خاوەن ماڵەکان ماڵەکانیان بەڕۆژ بپارێزن ، وەهەروەها خاوەن حەیوانەکانیش بەشەو حەیوانەکانیان بپارێزن .

ابن قدامة المقدسي دەڵێت :
چونکە عادەتەن خاوەن حەیوانەکان بەڕۆژ حەیوانەکانیان بەرەڵا دەکەن ، وبەشەو دەیهێننەوە و دەیپارێزن ، وعادەتی خاوەن زەرعاتەکانیش وایە کەبەڕۆژ زەرعاتەکانیان دەپارێزن نەک شەو ، جا گەر بەشەو حەیوان چووە نێو زەعاتەکانەوە ئەوا خاون حەیوانەکە کەم تەرخەمی کردووە ؛ چونکە حەیوانەکانیان بەشەو بەرەڵا کردووە کەعادەتەن بەشەو بەرەڵا ناکرێت ، وئەگەر بەڕۆژ چووە نێو زەرعاتەکەوە ئەوا خاوەن زەرعاتەکە کەم تەرخەمە ، وخۆی تەحەمولی کەم تەرخەمی خۆی دەکات " انتهى من "المغني" (10/351) .

وە ابن عبد البر دەڵێت :
" ئەم شتەی کە لەبارەی بەڕائی کوڕی عازب هاتووە کە خاوەن حەیوانەکان ئەو زەرعاتانە نابژێرن کە حەیوانەکانیان لەنێوی بردوون بەڕۆژ ، ماناکەی ئەوەیە لەلای زانایان :
کاتێ ئەو حەیوانانە بەرەڵا بن وکەسیان لەگەڵ نەبێت ، بەڵام گەر خاوەنەکەی لەگەڵ بێت وڕێگری لێ نەکات لەچونە نێو زەرعاتی کەسانی ترەوە ، ودەیتوانی ڕێگری لێ بکات ، ئەوا پێویستە لەسەری بیبژێرێت ؛ چونکە هیچ ناڕەحەتیەک نەبووە لەوەی ڕێگری لەحەیوانەکانی بکات لەوەی نەچنە نێو ئەو زەرعاتانەوە "التمهيد" (11/88).

جا پرسیارەکە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە خاوەن ئەرزەکە کەم تەرخەمە لەپاراستنی ئەرزەکەیدا بەوەی کەدەوری ئەرزەکەی نەگرتووە وهیچ حەرەسێکی بۆ دانەناوە .

دووەم :
کاتێ ئەو حەیوانانە دەچنە نێو ئەرزەکەوە دەتوانی ڕێگریان لێ بکەیت بۆ ئەوەی زەرعاتەکەت لەنێو نەبەن ، و بۆت نی یە زیادەڕەوی بکەیت و ئەو حەیوانانە بکوژیت ؛ چونکە ڕێگای تر هەیە کەدەتوانی ڕێگری پێ بکەیت ، وەک ترساندن ولێدان ، گرتنی دەوری ئەرزەکەت بەسیم و دیوار و تەلبەند کردن .

وەپرسیار کراوە لە شيخ الإسلام ابن تيمية لەبارەی کەسانێکەوە کە دوو جاموس چونە نێو زەرعاتەکەیەوە ،ئەویش کوشتویانێتی ، لەکاتێکدا دەکرا ڕێگریان لێ بکات بەبێ کوشتن ، جا چ شتێک پێویست دەبێت لەسەریان ؟

لەوەڵامدا گوتویەتی :
بۆیان نی یە ئەو حەیوانانە دوور بخەنەوە تەنها بەئاسانترین ڕێگای گونجاو نەبێت ، واتە : تا بکرێت ڕێگای ئاسانتر دەگرێتە بەر بۆ ڕێگری کردن لێیان .
جا ئەگەر دەکرا ڕێگریان لێ بکات بەبێ کوشتن وکوشتیانی ، ئەوا سزا دەدرێت بەوەی سزای حەیوانی داوە بەناحەق ، وسزای ئەو تەعدایەش کە کردویەتیە سەر ماڵی خەڵک ، وپێیشی دەبژێردرێت .
وەپێویستە لەسەر خاوەن زەرعاتەکان بەڕۆژ زەرعاتەکانیان بپارێزن ، وەپێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵەکانیش بەشەو ئاژەڵەکانیان بپارێزن ، هەروەک پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەم شێوەیە قەزاوەتی کردووە" انتهى من "مجموع الفتاوى" (30/377) .

وە الشيخ محمد بن إبراهيم آل الشيخ دەڵێت : ئەوا وەک دز وایە ، تا بکرێت بەئاسان ترین ڕێگە ڕێگری لێ دەکرێت "الفتاوى والرسائل" (8 / 108) .

هەر بۆیە پێویستە لەسەر خاوەن زەرعاتەکە ، زەرعاتەکەی بەڕۆژ بپارێزێەت ، و دروست نی یە بۆی ئەو حەیوانانە ژەهرخوارد بکرێت و بکوژێت کەدەچنە نێو زەرعاتەکەیەوە .

والله أعلم .

سەردان: ١,٧٩٩ بەش: ئادابەکان