ئەگەر پیاوێک خێزانی تەڵاق دابێت چۆن بیگێڕێتەوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر پیاوێک خێزانی تەڵاق دابێت چۆن بیگێڕێتەوە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

گەر پیاو خێزانی تەڵاق دا ، و ئەو تەڵاقە تەڵاقی یەکەم یاخود دووەم بوو وعیدەی تەواو نەبوو بوو (بەوەی سکەکەی دانێت گەر حەملی هەبێت ، ویاخود سێ جار سوڕی مانگانەی بەسەردا تێپەڕ بووبێت) ئەوا دەتوانێت خێزانەکەی بگێڕێتەوە بەوەی بڵێت : گەڕاندتمەوە یاخود دەستم پێوە گرتی ، لەم حاڵەتەدا گەڕاندنەوەکەی دروستە ، یاخود کارێک بکات مەبەستی گێڕانەوەی بێت وەک ئەوەی جیماعی لەگەڵ بکات بەنیەتی گەڕاندنەوە لەم حاڵەتەشدا گەڕاندنەوەکەی دروستە وجێ بەجێ دەبێت .
سوننەت وایە شایەت بگرێت بۆ گەڕاندنەوەکە ، بەشێوەیەک دوو شایەت بگرێت لەسەر گەڕاندنەوەکەی لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( فَإِذَا بَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ أَوْ فَارِقُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ وَأَشْهِدُوا ذَوَيْ عَدْلٍ مِنْكُمْ )
واته : وه‌ كاتێك كه‌ ئافره‌تان نزیك بوو عیدده‌كه‌یان ته‌واو بێت و سێ جار كه‌وتنه‌ سووڕی مانگانه‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ به‌ڵام به‌ چاكه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ زیانی پێ بگه‌یه‌نی، یان ئه‌گه‌ر ویستت هه‌ر به‌یه‌كجاری لێى جیابیته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ چاكه‌ لێی جیابه‌ره‌وه‌ ، وه‌ كاتێك كه‌ خێزانتان ته‌ڵاقدا با دوو كه‌سی دادپه‌روه‌ر شایه‌ت بن، وه‌ كه‌ هێناشتانه‌وه‌و موراجه‌عه‌شتان كردن با دوو كه‌سى دادپه‌روه‌ر شایه‌ت بن .

بەم شێوەیە گەڕاندنەوەکە دروست دەبێت .

بەڵام گەر ئافرەتەکە دوای تەڵاقی یەکەم یاخود دووەم عیدەی تەواو بوو بوو ، ئەوا پێویسته بەعەقێدێکی تازە بێگێڕدرێتەوە ، لەم حاڵەتەدا وەک هەر پیاوێکی ترە کەبیەوێ ژنێکی تازە بێنێت داوا لەئافرەتەکە وکەس وکار و وەلی ئافرەتەکە دەکات ، جا هەر کات ئافرەتەکە ڕازی بوو وەهەروەها وەلی ئافرەتەکەش ڕازی بوون ئەوا مارەییەکی نوێی بۆ دادەنرێت وعەقدێکی تازە دەبەسترێت بەئامادە بوونی دوو شایەتی دادپەروەر وڕاستگۆ .

بەڵام گەر تەڵاقی سێیەم بوو ئەوا ئەو ئافرەتەی لێ حەڕام دەبێت مەگەر لەحاڵەتێکدا نەبێت ئەویش ئەوەیە ئەو ئافرەتە شوو بەپیاوێکی تر بکات وپاشان ئەو پیاوە بمرێت یاخود تەڵاقی بدات وعیدەی تەواو بێت ئەوکات دروستە بۆ پیاوی یەکەم مارەی بکاتەوە ، بەبەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە { فَإِنْ طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُ مِنْ بَعْدُ حَتَّى تَنْكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ فَإِنْ طَلَّقَهَا فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا أَنْ يَتَرَاجَعَا }
واتە : ئه‌گه‌ر هاتوو پیاو خێزانی خۆی ته‌ڵاق دا ته‌ڵاقی سێیه‌م ، ئه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ بۆی حه‌ڵاڵ نیه‌ له‌دوای ئه‌و ته‌ڵاقه‌ تا ئه‌و ئافره‌ته‌ شوو نه‌كات به‌ پیاوێكی تر وه‌ نه‌یشی گوازێته‌وه‌و جیماع و سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ نه‌كات له‌دوای ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه‌ مرد یان خۆی به‌ ویست و ڕه‌زامه‌ندی خۆی ته‌ڵاقی دا ، ئه‌وكاته‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ژن و پیاوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای یه‌كتری .

وەبەهیچ شێوەیەک دروست نی یە لەگەڵ کەسێکدا ڕێک بکەوێت بەوەی ئەو خێزانەی کەتەڵاقی سێیەمی داوە مارە بکات وپاشان تەڵاقی بدات (مارە بەجاش) بێگومان ئەمە تاوانێکی گەورەیە ، وەئەو شوو کردنەی ئەو ئافرەتە حەڵاڵ ناکات بۆ مێردی یەکەمی بەڵکو پێغەمبەر لەعنەتی کردووە لە (المحلل والمحل لە) واتە : ئەو پیاوەی کە ئافرەتەکە مارە دەکات بەنیەتی ئەوەی دواتر تەڵاقی بدات و بۆ پیاوی یەکەمی حەڵاڵ بکات وەهەروەها لەعنەتی کردووە لەوەش کەبۆی حەڵاڵ دەکرێت .

وەڵامى زانای پایەبەرز : عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله -

سەردان: ٥,٧٥٣ بەش: تەڵاق و جیابونەوە