(10) ئامۆژگارى بۆ ئافرەتى تەڵاقدراو : ماڵپەڕی وەڵامەکان
(10) ئامۆژگارى بۆ ئافرەتى تەڵاقدراو
پرسیار:

ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەو ئافرەتانەى کە تەڵاقدراون و لە حاڵەتێکى دەروونى خراپدان؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
 ئامۆژگاریمان بۆ خوشکى تەڵاقدراو ئەوەیە کە : 
یەکەم : تەسلیمی واقع ببە ، ئەوە قەدەری خوایە وبۆی بڕیویتەتەوە ، پێویستە قەبوڵی بکەیت وپێی ڕازی بیت ، وبزانە ئەوەی توشت بووە نەدەکرا بەهەڵەدا بچێت توشت نەبێت ، وئەوەی توشت بووە بەهۆی هەڵەی خۆتەوە نەبووە ، خوای پەروەردگار فەرمویەتی :- ( وعسى أن تكرهوا شيئاً وهو خير لكم ) .. 
واته: له‌وانه‌یه‌ ئێوه‌ شتێك كه‌ پێتان ناخۆشه‌و نایزانن له‌وانه‌یه‌ خێری تیا بێ بۆ ئێوه‌ .
بێگومان ڕازی بوون نهێنی خۆش گوزەرانی ڕاستەقینەیە ..

دووەم : خوشکەکەم بەڵێ ڕاستە زۆر هەوڵت داوە لەپێناو بەردەوام بوونی پەیوەندی ژن ومێردایەتی ، وڕەنگە تەڵاق چارەسەرێکی گونجاو بێت بۆ هەردوو لاتان ، سوپاس بۆ خودا بۆ ئەوەی ئەنجامی دا ..

سێیەم : - نزیک بکەوەرەوە لەهاوەڵی چاک ، و لەگەڵیاندا کاتێکی خۆش بەسەر بەرە وئازار وخەمەکانت لەبیر دەکەیت ..

چوارەم : سوور بە لەسەر نوێژەکان ، وخوێندنی قورئان وزیکر ،و داوای لێ خۆش بوون کردن وزۆر چاکە ئەنجام بدە بەئەندازەی توانات چونکە لەچاکە کردندا دڵخۆشی وخۆش گوزەرانی هەیە .

پێنجەم : خۆت سەرقاڵ کە بەکاری چاکەوە وباش بوون لەگەڵ کەسانی موحتاج دا ، وەک کەفالەت کردنی هەتیو ، وفێر کردنی قورئان ، پێغەمبەر فەرموویەتی:- ( من يسر على معسر يسر الله عليه في الدنيا والآخرة ) رواه ابن ماجه ..
واتە: هەرکەسێک کارێک بۆ کەسێکی بێچارە وهەژار ئاسان بکات خودا لەدونیا وڕۆژی دواییش دا کاری بۆ ئاسان دەکات .

شەشەم : لەگەڵ نەفسی خۆتدا دانیشە وهەوڵدە چەند لایەنێکی چاک وئەرێنی لەتەڵاقدانەکەتدا بدۆزیتەوە ..

حەوتەم : خوشکەکەم تەڵاق کۆتایی دونیا نی یە ..نەخێر ڕەنگە سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی تازە بێت .

هەشتەم : ئەوەندەی دەتوانی بەتەنها دامەنیشە ، چونکە تەنهایی وات لێ دەکات بیر لەئازار وناڕەحەتیەکانت بکەیتەوە .

نۆیەم: بەرنامەیەکی ڕۆژانە بۆ خۆت دانێ بەشێوەیەک سوودت پێ بگەیەنێت ، وەک خوێندنی قورئان وسەردانی کردنی هاوەڵان وسیلەی ڕەحم گەیاندن وتەماشا کردنی بەرنامە بەسودەکان ، بەشێوەیەک با هیچ فەراغێک لەژیانتدا نەبێت ..

دەیەم : گەر منداڵت هەیە ئەوا بەجوانى پەروەردەیان بکە و گرنگیان پێ بدە ، و خۆت ببە بە دایک و باوک بۆ منداڵەکانت بۆ ئەوەى سبەى دواى مردنت دوعاى خێرت بۆ بکەن و سەربەرزت بکەن لە دنیا و قیامەت .

لە کۆتاییدا خوشکە بەڕێزەکەم ئەو قسەیە دوو بارە دەکەینەوە کە پێشتر وتمان  : تەڵاق کۆتایی ژیان نی یە ، بەڵێ موسیبەتێکی گەورەیە، بەڵام کەسی عاقڵ دەیکاتە دەسکەوت ، وپەندی لێ وەرگرێت .

 وصلِّ اللهم على نبينا محمد ومن والاه

سەردان: ١,٨٧٢ بەش: ئافرەتان