جوانییەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جوانییەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام
پرسیار:

ئایا ئیسلام تەنها نوێژ و ڕۆژووە؟ جوانییەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام کامانەن؟ فەرمان بەچی دەکات و ڕێگری لە چی دەکات؟

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، صەڵات و سەلام لەسەر پێغەمبەرى خوا ، ئیسلام تەنها نوێژ و ڕۆژوو نیە وەک هەندێ کەس دەیڵێ ئەمەى خوارەوە هەندێکە لە جوانییەکانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام :

یەکێک لەجوانیەکانی ئیسلام :
پێداگری دەگات لەسەر چاک بوون لەگەڵ دراوسێ ، ومیوان ، وهەژار ، وهەتیودا .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
پێغەمبەر بانگی خەڵکی دەکرد بۆ پێکەوە بوون وخۆش ویستنی یەک ، و دڵ سافی وهاریکاری کردنی یەکتر ، هەروەک فەرموویەتی : «الْمُؤْمِنُ لِلْمُؤْمِنِ كَالْبُنْيَانِ، يَشُدُّ بَعْضُهُ بَعْضًا».
واتە : نموونەی باوەڕدار بۆ برا باوەڕدارەکەی وەک خشتی دیوار وایە ، هەریەکەیان ئەوی تر بەهێز دەکات .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
دوو بەرەکی وڕق کینەی لا پەسەند نی یە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا} [آل عمران: 103].
واتە : وه‌ ئێوه‌ هه‌ر هه‌مووتان ده‌ست بگرن به‌ حه‌بل و په‌تی خوای گه‌وره‌وه‌ واته‌: به‌ دینی خواو به‌ ئیسلام و به‌ قورئان ، به‌ڵام ته‌فره‌قه‌ مه‌كه‌ن و پارچه‌ پارچه‌و به‌ش به‌ش و په‌رته‌وازه‌ مه‌بن .
وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردنە لە دوو زمانی وباس کردن و غەیبەت کردنى یەکتر ،و حەسودی ، جاسوسی ، ودرۆ ، و خیانەت کردن .
ئایەت وفەرموودەمان زۆر زۆرە لەم بارەیەوە .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردنە لە ستەم ، وفەرمان کردن بەدادپەروەری ، لەگەڵ کەسانی دوور ونزیکدا ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآَنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا} [المائدة: 8].
واتە :ئه‌ی باوه‌ڕداران دادپه‌روه‌ر بن به‌رامبه‌ر خێزان و مناڵه‌كانتان یان له‌ نێوان خه‌ڵكدا، یان فه‌رمانڕه‌وایان هه‌مووتان دادپه‌روه‌ر بن بۆ خوای گه‌وره‌ نه‌ك بۆ ڕیاو ناوبانگ ده‌ركردن ، شایه‌تى بده‌ن به‌دادپه‌روه‌ری ، وه‌ ڕق لێبونتان بۆ كه‌سانێك واتان لێ نه‌كات كه‌ دادپه‌روه‌ر نه‌بن .

وەهەروەها فەرموویەتی -: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ} [النحل: 90].
واتە : به دڵنیایی خوای گه‌وره‌ فه‌رمان ده‌كات به‌ دادپه‌روه‌ری و چاكه‌كردن .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
هەڵنان لەسەر لێبوردەیی بەرانبەر کەسانی سنور بەزێن ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَلْيَعْفُوا وَلْيَصْفَحُوا} [النور: 22].
واته : با لێبوورده‌و لێخۆشبوو بن له‌و شته‌ی كه‌ ئه‌وان كردوویانه‌ ئێوه‌ لێیان ببورن و چاوپۆشیان لێ بكه‌ن .

وەهەروەها فەرموویەتی : {ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ} [المؤمنون: 96].
واته : به‌ڵام تۆ به‌ چاكه‌ وه‌ڵامی خراپه‌ بده‌وه‌و لێیان .

وەهەروەها فەرموویەتی : {وَأَنْ تَعْفُوا أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى} [البقرة: 237].
واته : وه‌ ئه‌گه‌ر لێ بوورده‌بن به‌رامبه‌ر یه‌كتری ئه‌وه‌ نزیكتره‌ له‌ ته‌قواوه‌ .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
بانگەوازی کردن بۆ سوڵح وئاشتەوایی لەنێوان براکاندا ، وڕێگری کردن لە قسە دابڕین ودوو بەرەکی ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی: {إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ فَأَصْلِحُوا بَيْنَ أَخَوَيْكُمْ} [الحجرات: 10].
واته : ته‌نها باوه‌ڕداران برای ڕاسته‌قینه‌ی یه‌كترن ، ئێوه‌ش صوڵح و ئاشته‌وایی بكه‌ن له‌ نێوان براكانتاندا .

وەهەروەها فەرموویەتی : {وَالصُّلْحُ خَيْرٌ} [النساء: 128].
واته : وه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ باشتره‌ له‌ ناكۆكی نێوانیان یان لێك جیابوونه‌وه‌یان .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لە ڕق لێک بوونەوە ودووبەرەکی ،و ناکۆکی ، وحەسودی ، پێغەمبەرى خوا فەرموویەتی : «لَا تَقَاطَعُوا، وَلَا تَدَابَرُوا، وَلَا تَبَاغَضُوا، وَلَا تَحَاسَدُوا».
واتە : په‌یوه‌ندیتان پێكه‌وه‌ مه‌بچڕێنن ، وە پشت لەیەكتر هەڵمەكەن ، ڕق و قینە بەرامبەر بە یەكتری مەنوێنن، وە حەسودی بە یەكتری مەبەن ، .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لەگاڵتە کردن بەخەڵک ، وباس کردنی عەیبەکانی یەکتر ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ] ئه‌ی باوه‌ڕداران با كه‌سانێك گاڵته‌ به‌ كه‌سانێكی تر نه‌كه‌ن له‌وانه‌یه‌ گاڵته‌پێكراوه‌كه‌ لای خوای گه‌وره‌ له‌وه‌ باشتر بێ كه‌ گاڵته‌ی پێ ئه‌كات [وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ] وه‌ با ئافره‌تانیش گاڵته‌ نه‌كه‌ن به‌ ئافره‌تانێكی تر له‌وانه‌یه‌ ئافره‌ته‌ گاڵته‌پێكراوه‌كان لای خوای گه‌وره‌ باشتر بن له‌وانه‌ی كه‌ گاڵته‌یان پێ ئه‌كه‌ن .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لەوەی موسوڵمان کڕین وفرۆشتن لەسەر کڕین وفرۆشتنی براکەی بکات ، وداوای ئافرەتێک بکات کەبراکەی داوای کردووە ، مەگەر خۆی ڕێگەی پێ بدات ؛ چونکە ئەو کارە دەبێتە هۆکاری دوژمنایەتی وناحەزی .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
سەلام کردن لەموسوڵمان جا بیناسیت یاخود نەیناسیت .
پێغه‌مبه‌رى خوا له‌ فه‌رمووده‌یه‌كى سه‌حیحدا فه‌رموویه‌تى : سوێند به‌و خوایه‌ى گیانى منى به‌ده‌سته‌ ناچنه‌ به‌هه‌شت هه‌تا باوه‌ڕ نه‌هێنن وه‌ باوه‌ڕ ناهێنن هه‌تا یه‌كترتان خۆش نه‌وێت ، جا ئایه‌ شتێكتان پێ نه‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌نجامى بده‌ن به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كتریتان خۆش ده‌وێت [أَفْشُوا السَّلامَ بَيْنَكُمْ] سه‌لام له‌ناو یه‌كترى بڵاو بكه‌نه‌وه‌ .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
فەرمان کردن بەوەڵامدانەوەی سەلام بەجوانترین شێواز ، یاخود وەک خۆی ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَإِذَا حُيِّيتُمْ بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا بِأَحْسَنَ مِنْهَا أَوْ رُدُّوهَا} [النساء: 86] الْآيَةَ.
واته : وه‌ ئه‌گه‌ر سڵاوتان لێكرا ئه‌وه‌ ئێوه‌ به‌جوانترو باشتر وه‌ڵامی سه‌لامه‌كه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ سوننه‌ته‌، یاخود وه‌كو خۆی وه‌ڵامى بده‌نه‌وه‌ كه‌ واجبه‌ .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
فەرمانمان پێ دەکات بەدڵنیا بوون وتەئکید کردنەوە لەوەی گوێ بیستی دەبین ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ} [الحجرات: 6].
واته : ئه‌ی باوه‌ڕداران ئه‌گه‌ر كه‌سێكی فاسق و ده‌رچوو له‌ گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌ هه‌واڵێكی بۆ هێنان ئێوه‌ ته‌به‌یون و ته‌ثەبوت بكه‌ن و په‌له‌ مه‌كه‌ن له‌ بڕیارداندا تا دڵنیابن كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕاسته‌ چونكه‌ دواتر له‌وانه‌یه‌ كه‌سانێك به‌ نه‌زانی تووشی زه‌ره‌رو زیان بكه‌ن وه‌ هه‌ڵه‌تان لێ ڕووبدات وه‌ دواتریش په‌شیمان ئه‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ كردووتانه‌.

وەهەروەها فەرموویەتی : {وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ} [الإسراء: 36] الآية.
واته : وه‌ له‌ شتێكیشدا كه‌ زانیاریت نه‌بوو قسه‌ی تیا مه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ دیندا، یاخود شایه‌تى ناحه‌ق مه‌ده‌ .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لەمیز کردنە نێو ئاوی ڕاوەستاو ، حەتمەن ئەمەش گرنگی دانە بەلایەنی تەندروستی ، وخۆپاراستن لەشتی پیس بەئیزنی خودا .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لەئازاردانی باوەڕداران ، وزیان گەیاندن پێیان ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَالَّذِينَ يُؤْذُونَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ بِغَيْرِ مَا اكْتَسَبُوا فَقَدِ احْتَمَلُوا بُهْتَانًا وَإِثْمًا مُبِينًا} [الأحزاب: 58].
واته : ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئازاری باوه‌ڕدارانی پیاو و ئافره‌ت ئه‌ده‌ن به‌ شتێك كه‌ خۆیان ئه‌نجامیان نه‌داوه‌، واته‌: بوهتانیان بۆ ئه‌كه‌ن ، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ بوهتانیان بۆ كردوون و درۆیان بۆ هه‌ڵبه‌ستوون و تاوانێكی زۆر ئاشكرایان كردووه‌.

وە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتی : «مَنْ أَكَلَ الثُّومَ، وَالْبَصَلَ، وَالْكُرَّاثَ، فَلَا يَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنَا؛ فَإِنَّ الْمَلَائِكَةَ تَتَأَذَّى مِمَّا يَتَأَذَّى مِنْهُ بَنُو آدَمَ».
واتە : هەرکەسێک سیر ، وپیاز ، وکەوەری خوارد ، بانزیکی مزگەوتەکانمان نەبێتەوە : چونکە فریشتەکان ئەزیەت دەخۆن بەوەی کە نەوەکانی ئادەم ئەزیەتی پێ دەخۆن .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردن لەخواردن بەدەستی چەپ ، وخواردنی ئاو بەپێوە ؛ چونکە خۆپاککردنەوە بە دەستی چەپ دەکرێت ، وەهەروەها شەیتان بەدەستی چەپ خواردن دەخوات ، هەروەک لەفەرموودەدا هاتووە .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
فەرمان کردن بەشوێن کەوتنی جەنازەی موسوڵمان ؛ بۆ پاڕانەوە بۆی وناردنی ڕەحمەت بۆی ، ودڵ دانەوەی کەس وکاری .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
وەڵامدانەوەی کەسێک کەدەپژمێت ؛ چونکە دەبێتە هۆی بەهێز کردنی برایەتی ، ودوعا کردن بۆ براکەت بەڕەحمەت .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
وەڵامدانەوەی دەعوەتی موسوڵمان بەتایبەت گەر وەلیمەی ژن گواستنەوە بوو ، وهیچ موخالەفەی شەرعی تێدا نەبوو ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین هەندێ کەس ئالەتی مۆسیقا وجۆرەها شتی نەشیاو ئەنجام دەدەن .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
حەڕامی کردووە لەسەر موسوڵمان برا موسوڵمانەکەی بترسێنێت ، جا بەپێدانی خەبەری ناخۆش بێت ، یاخود ڕووی تفەنگی لێ بکات وهاوشێوەی ئەمانە .

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
ڕێگری کردووە لەخۆ شوبهاندنی پیاوان بەئافرەتان ، وەهەروها بەپێچەوانەشەوە ، چونکە شتێکی زۆر نەشیاو وناشیرینە !!

وە یەکێکی تر لەجوانیەکانی ئیسلام :
فەرمانی کردووە بەخۆ دوور گرتن لەشوێنی گوماناوی ، بۆ ئەوەی زمان ودڵی خەڵک بپارێزێت لەقسەی نەشیاو وگومانی خراپ .

لەفەرموودەدا هاتووە جارێکیان صەفیەیی خێزانی پێغەمبەر هات بۆ لای وسەردانی کرد لەکاتێکدا ئیعتکافی دەکرد ، پێغەمبەر هەستا لەگەڵیدا بۆ ئەوەی خوا حافیزی لێ بکات ، تاوەکو گەشتە دەرگای مزگەوت ، لەو کاتەدا دوو پیاوی ئەنساری بینیان ،سەلامیان لێی کرد .

پێغەمبەر پێیانی فەرموو : «عَلَى رِسْلِكُمَا إِنَّمَا هِيَ صَفِيَّةُ بِنْتُ حُيَّيٍّ».
واتە : لەسەر خۆتان بن ئائەمە صەفیەی کچی حویەییە !
گوتیان سُبْحَانَ اللهِ ئەی پێغەمبەری خوا ، ئەم قسەیان زۆر لەلا قورس بوو !!
پێغەمبەر پێیانی فەرموو : «إِنَّ الشَّيْطَانَ يَبْلُغُ مِنَ الْإِنْسَانِ مَبْلَغَ الدَّمِ، وَإِنِّي خَشِيتُ أَنْ يَقْذِفَ فِي قُلُوبِكُمَا شَيْئًا -أَوْ: قَالَ: شَرًّا-».
واتە : شەیتان بەنێو خوێنی مرۆڤدا هاتوو چۆ دەکات ، وەمن ترسام شتێک لەدڵتاندا دروست بکات یاخود فەرمووی : شتێکی خراپ بێنێ بەدڵتاندا .

دەی ئەمە حاڵی بەڕێز ترین وپاکترین کەس بێت بەشێوەیەک هەوڵی دوور خستنەوەی تۆمەت وگومان بێت لەخۆی ئەبێ کەسانی تر چۆن بن ؟!

وە پێشەوا عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەەی -: ((مَنْ أَقَامَ نَفْسَهُ مَقَامَ التُّهَمِ، فَلَا يَلُومَنَّ مَنْ أَسَاءَ بِهِ الظَّنَّ)).
واتە : هەرکەسێک خۆی خستە شوێنی گومانەوە با جگە لەخۆی سەرزەنشتی کەس نەکات .

بۆیە بەتایبەت ئافرەتان پێویسته وریا بن چۆن دەچنە لای خەیات ودوکاندار بەتەنها وجلەکانیان دادەنێن ؟! .

یاخود لەگەڵ پیاوی نامەحرەمدا سواری سەیارە دەبن بە تەنها، یاخود ئافرەتی موسوڵمان بەتەنها وبێ مەحڕەم سەفەر دەکات ، ویاخود بەناوی چارەسەوە بەتەنها دەچێتە لای دکتۆر وجگە لەمانەش ؟! ، بۆیە زۆر گرنگە موسوڵمان خۆی بپارێزێت لەم جۆرە جێگایانە وهەر شتێکی تر کەببێته هۆی ئەوەی گوومانی خراپی پێ ببرێت .

سود وەرگیراوە لە وتارێکى شێخ محمد بن سعید رسلان - خواى گەورە بیپارێزێ -

سەردان: ٢,٠٣٩ بەش: هەمەجۆر