بەرنامەى فێرخوازى زانستى شەرعى لە ژیانى ڕۆژانەى دا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بەرنامەى فێرخوازى زانستى شەرعى لە ژیانى ڕۆژانەى دا
پرسیار:

دەمەوێ بەرنامەیەکم بۆ دابنێن بۆ ئەوەى لەسەرى بڕۆم و ، خواى گەورە لە خۆم ڕازی بکەم

بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە دەچینە خزمەت بەرنامەیەکى گرنگ کە زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله لەوەڵامى داواکاریەکى فێرخوازانى زانستى شەرعى نوسیویەتى کە دەفەرموێ :  
 داوات لێکردم بارک اللە فیک کە بەرنامەیەکت بۆ دابنێم کە لە ژیانتدا لەسەری برۆیت ، وە من داوا دەکەم لە اللە تعالی کە ھەموومان سەرکەوتوو بکات بۆ ئەوەی رێنمویی و سەرفرازی و حەق و ڕاستی تێدایە ، وە بمانکات بە ھیدایەتدراو و ھیدایەتدەر و چاکەکار ، بۆیە دەڵێم ؛

یەکەم ؛ لەگەڵ اللە عز وجل ؛
١- پێداگربە لەوەی بەردەوام لەگەڵ اللە عز وجل بیت ، گەورەیی ئەوت لەپێش چاو بێت ، بیربکەیتەوە لە نیشانە کەونی و بەدیھێنیەکانی وەکو ؛ بەدیھێنانی ئاسمانەکان و زەوی و ئەوەی لەنێوانیاندایە کە نیشانەی تەواوی دانایی و دەسەڵاتی و فراوانی ڕەحمەت و منەتی ئەوە ، وە نیشانە و بەڵگە شەرعیەکانی کە بە پێغەمبەرەکانیان ناردویەتی ، وە بەتایبەتی کۆتایی پێغەمبەران ' محمد' صلی اللە علیە وسلم .
٢- دڵت پڕ بێت لە خۆشەویستی پەروەردگار تبارک وتعالی بەشێوەیەک کە ئەو خۆشەویستیە ببێتە خواردنێک بۆت کە ڕاکێشەری نیعمەتەکان بێت بۆت وە دوور خەرەوەی خراپە بێت لێت ، وە بە تایبەتی نیعمەتی ئیسلام ، وە بەردەوام بوون لەسەری ھەتاوەکو دەبێتە خۆشەویستترین شت بەلاتەوە .
٣- دڵت پڕ بێت لە گەورەیی پەروەردگار تبارک وتعالی ، ھەتاوەکو ببێت بە گەورەترین شت لە نەفستدا ، وە بە کۆبوونەوەی خۆشەویستی و گەورەیی پەروەردگار لە دڵتدا بەردەوام دەبێت لە گوێرایەڵی کردنی ، ھەڵدەسی بەوەی فەرمانی پێکردوی چونکە خۆشت دەوێ ، واز دەھێنی لەوەی رێگری لێ کردووی بەھۆی بە گەورە دانانیەوە .
٤- نیاز پاکی ' ئیخلاص'ـت ھەبێ بۆی لە کردەوەکانتدا وە پشتی پێ ببەستی لە ھەموو حاڵەتەکانتدا بۆ ئەوەی بگەی بە پلەی { إیاک نعبد وإیاک نستعین } ، وە بە دڵت ئەوە ئامادەبێ لەلات کە تۆ ئەو کارانە دەکەی کە فەرمانی پێکردووە وەکو بەجێھێنانێک بۆ فەرمانەکانی ، وە واز دەھێنی لەوەی رێگری لێکردووە وەکو بەجێھێنانێک بۆ ئەوەی رێگری لێکردووە ، بەوە تۆ تامێک دەدۆزیتەوە لە گوێرایەڵی کردنیدا کە لە بێ ئاگایدا نایدۆزیتەوە ، وە لە کردارەکانتدا پاڵپشتیەک دەبینیتەوە لە ئەوەوە کە لەو کاتانەدا نایبینیتەوە کە پشت بە خۆت دەبەستی .

دووەم؛ لەگەڵ پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم
١- خۆشەویستی پێش بخەی بەسەر خۆشەویستی ھەموو دروستکراوەکان ، وە رێنمویی و سوننەتەکەشی پێش بخەی بەسەر ھەموو رێنمویی و سوننەتێکی تردا .
٢- بیکەی بە پێشەوایەک بۆ خۆت لە کردارەکانت و رەوشتەکانتدا ، بە شێوەیەک ئەوە بیر بکەوێتەوە لەکاتێکى کردارەکانتدا کە شوێنکەوتەی ئەویت، وە بە شێوەیەک بێت کە ئەو پێشەواتە و شوێن پێی و رێنموییەکانی دەکەویت .
بە ھەمان شێوە لە رەفتارەکانت لەگەڵ خەڵکیدا دەبێت ھەڵگری رەوشتی ئەو بیت وەکو چۆن پەروەردگار فەرموویەتی { وإنک لعلی خلق عظیم } [القلم :٤ ]
واتە ؛ بەراستی تۆ لەسەر رەوشت و خوویەکی زۆر جوان و پەسەند و بێ وێنە و مەزنیت .
ھەرکاتێک دەستت گرت بەمەوە ئەوە پێداگر دەبی بەوپەڵی پێداگری لەسەر زانست بە شەریعەت و رەوشت وئاکارەکانیەوە .
٣- بانگخواز بیت بۆ سوننەتەکەی و سەرخەر و بەرگریکار بیت لێی ، چونکە پەروەردگارت سەرت دەخات بە قەدەر سەرخستنت بۆ شەریعەتەکەی .

سێیەم ؛ کردارەکانی ڕۆژانەت جگـە لە فەرزەکان ؛
١- ئەگەر لە شەودا ھەستای ئەوا یادی پەروەردگار بکە و ئەوەی دەتەوێ داوای لێ بکـە ، چونکە دوعا کردن لەو کاتەدا وەڵام دەدرێتەوە ، وە ئەو ئایەتە بخوێنە کە پەروەردگار دەفەرمووێت { إن في خلق السماوات والأرض }[ آل عمران:١٩٠ ] ھەتاوەکو سورەتی ' آل عمران' تەواو دەکەی کە دەکاتە ' ١٠ ' ئایەت .
٢- ئەوەندەی بۆت نوسراوە لە نوێژ ئەنجامی بدە لە کۆتایی شەودا ، وە نوێژەکەت بە ویتر کۆتایی پێ بھێنـە .
٣- پارێزگارى بکە لە ئەوەندەی بۆت ئاسانکراوە لە ویردی بەیانیان ، سەد جار ئەم ویردە بڵێوە ؛ لا إلە إلا اللە وحدە لا شریک لە ، لە الملک ولە الحمد ، وھو علی کل شیء قدیر .
٤- دوو رکات نوێژی چێشتەنگاو ئەنجام بدە .
٥- چەندە بۆت ئاسانکراوە پارێزگاری لە ویردەکانی ئێواران بکە .

چوارەم ؛ ڕێگای بە دەست خستنی زانست ؛
١- پێداگربـە لەسەر لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، وە ھەموو رۆژێک بەشێکی دیاریکراوت ھەبێ کە پارێزگاری لەسەر خوێندنەوەی بکەی، وە با خوێندنەوەکەت بە تێرامان و تێگەشتنەوە بێت ، وە ئەگەر سوودێک ھاتە مێشکتا لەکاتی خوێندنەوەتا ئەوا بینوسەوە .
٢- پێداگربە لەسەر لەبەرکردنی ئەوەندەی بۆت ئاسان دەبێت لە سوننەتەکانی پێغەمبەری خوا - صلی اللە علیە وسلم - وە لەنێویاندا کتێبی{ عمدة الأحکام } .
٣- پێداگربـە لەسەر وردبینی و جێگیر بوون بە جۆرێک کە بەش بەش زانست وەرنەگری ، لێرە شتێک و لەوێ شتێک چونکە ئەمە کاتەکانت بە فیرۆ دەدات وە بیر و ھۆشت تێک دەدات .
٤- لە کتێبە سەرەتایەکانەوە دەست پێبکە و بە چاکی لێی بڕوانە ، پاشان برۆ بۆ سەرووی ئەو ، ھەتاوەکو زانست بەدەست بھێنی بەش بەش تاوەکو لە دڵتدا جێگیر ببێت و نەفست پێی ئاسوودە بێت .
٥- پێداگربە لەسەر زانینی بنچینەی مەسەلەکان وە ھەر شتێک کە تێپەڕ دەبێ بەلاتدا لەم جۆرە بینوسەوە وەکو چۆن وتراوە ؛ ئەوەی لە بنچینەکان بێبەش بێت لە گەیشتن بە ئامانجی بێبەش دەبێت .
٦- مەسەلەکان لەگەل مامۆستاکەتدا گفتوگۆی پێ بکە ، یاخود لەگەڵ کەسێکدا کە لە ڕووی زانستیەوە و دینەوە جێی دڵنیایی بێت لەلات لە ھاورێکانت، ئەگەریش کەست دەست نەکەوت لە فکری خۆتدا وای دابنێ گفتوگۆ لەگەڵ کەسێکدا دەکەی دەربارەی ئەو مەسەلانە .

ئەمە و داوا دەکەم لە پەروەردگار تبارک وتعالی کە ئەوەت فێر بکا کە سوودت پێ دەگەیەنێت ، وە سوودت پێ بگەیەنێت بەوەی فێرت دەکات ، وە زانستت زیاد بکات ، وە بتکات بە بەندە چاکەکانی و گرۆی رزگار بوانی .

والسلام علیکم ورحمة اللە وبرکاتە .
نووسینی؛ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله

بەرواری؛ ٣/رجب /١٤١٢ کۆچی .

سەردان: ٢,٥٠١ بەش: ئادابەکانى طالب عیلم