لەم دواییانەدا بەکار هێنانی مادە هۆش بەرەکان بەتایبەت حەشیش زیادی کردووە ، هەندێ لە خەڵکى وا گومان دەبەن ئەمە بەعەرەق و مەی حساب نییە و عەقڵ لەکار ناخات و حەرام نیە ئایا تا چەند وایە؟
بێگومان بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکان حەڕامە جا حەشیش بێت یاخود ئەفیون وکوکایین وموفین وجگە لەمانەش کە بوونی هەیە ، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێکە لەوانە :
یەکەم : عەقڵ تێک دەدات وئاگای لەخۆی نامێنێت ، وە هەرشتێکیش بەو شێوەیە بێت حەڕامە ، لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ﷺ : ( كل مسكر خمر ، وكل مسكر حرام ، ومن شرب الخمر في الدنيا فمات وهو يدمنها لم يتب لم يشربها في الآخرة ) رواه مسلم (2003) .
واتە : هەموو سەرخۆش کەرێک عەڕەقە ، وهەموو عەڕەقێکیش حەڕامە ، وهەرکەسێک لەدونیادا عەرەق بخواتەوە وبمرێت وبەردەوام خواردبێتیەوە وتەوبەی لێ نەکردبێت ئەوا لەڕۆژی دوایدا لێی ناخواتەوە .
وە ئیمامی البخاري (4087) ومسلم (1733) لە ( أَبِي مُوسَى )گێڕاویانەتەوە کەدەڵێت : بَعَثَنِي النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنَا وَمُعَاذَ بْنَ جَبَلٍ إِلَى الْيَمَنِ ، فَقُلْتُ : يَا رَسُولَ اللَّهِ ، إِنَّ شَرَابًا يُصْنَعُ بِأَرْضِنَا يُقَالُ لَهُ الْمِزْرُ مِنْ الشَّعِيرِ ، وَشَرَابٌ يُقَالُ لَهُ الْبِتْعُ مِنْ الْعَسَلِ ، فَقَالَ : ( كُلُّ مُسْكِرٍ حَرَامٌ ) .
واتە : پێغەمبەرصَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ من ومەعازی نارد بۆ یەمەن ، گوتم ئەی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە لای ئێمە خواردنەوەیەک لەجۆ دروست دەکرێت پێی دەگوترێت میزر وشەرابێکی تر کە لەهەنگوین دروست دەکرێت کەپێی دەگوترێت بیتع ، فەرمووی : هەرشتێک سەرخۆشت بکات حەڕامە .
وە هەروەها ئیمامی البخاري (4343) ومسلم (3032) لە ( ابن عمر رضي الله عنهما) گێڕاویانەتەوە کەدەڵێت : سمعت عمر رضي الله عنه على منبر النبي ﷺ يقول : ( أما بعد ، أيها الناس ، إنه نزل تحريم الخمر وهي من خمسة : من العنب والتمر والعسل والحنطة والشعير ، والخمر ما خامر العقل ) .
واتە : گوێم لەعومەر بوو لەسەر میمبەری پێغەمبەر ﷺ دەیگوت : ئەی خەڵکینە حەرام کردنی عەرەق دابەزیەوە کە لە پێنج شت دروست دەکرێت : ترێ وخورما وهەنگوین وگەنم وجۆ ، وەعەڕەق ئەو شتەیە کەعەقڵ دادەپۆشێت ومرۆڤ بێئاگا دەکات .
وە الحافظ ابن حجر دەڵێت : " ئەم فەرموودەیە : (كل مسكر حرام) کراوەتە بەڵگە لەسەر حەڕامیەتی ئەوەی سەرخۆش کەرە هەرچەند شەرابیش نەبێت ، جا حەشیش وجگە لەویش دەچنە ژێر ئەو حوکمەوە .
وە گەر واش دابنێین کەسەرخۆش کار نی یە ئەوا لە سوننەنس ( أبي داود)دا هاتووە (النهي عن كل مسكر ومفتّر) والله أعلم " انتهى من "فتح الباري" (10/45) .
واتە : ڕێگری کراوە لەهەرشتێک کەسەرخۆشت بکات وەهەروەها توشی لەش خاو بوونەوەت بکات .
الْخَطَّابِيُّ دەڵێت : (الْمُفْتِر) هەموو شەرابێکە کەتوشی لەش خاو بوونەوە وئەندامەکانی مرۆڤ شل دەکات کەئەوەش سەرەتایەکە بۆ سەرخۆش بوون ، وڕێگری کراوە لەخواردنەوەی نەوەک سەر بکێشێت بۆ سەرخۆشی .
وە شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله دەڵێت: " وە هەرشتێک عەقڵ بێئاگا بکات حەرامە هەر چەند خۆ بادان ولەنجەش دروست نەکات ، عەقڵ بێئاگا کردن حەرامە بەکۆدەنگی موسوڵمانان .
وە زانایانی موحەقیق دەزانن کەحەشیش سەر خۆش کارە وکەسانی خراپ بەکاری دێنن لەبەر ئەوەی مرۆڤ توشی شل بوونەوە دەکات ، کەئەمەش هاوشێوەی عەرەقە ، جا عەرەق مرۆڤ توشی حەرەکە وشەڕ دەکات بەڵام ئەمە لەزەت وخاو بوونەوەی تێدایە ، و هەست و مەزاجیش تێک دەدات ، ودەرگای ئارەزوو دەکاتەوە ومرۆڤ توشی دەیوسی دەکات .
وە سزای بەکار هێنانی جا زۆر بێت یاخود کەم هەشتا جەڵد یاخود چل جەڵد دانراوە ، گەر کەسەکە موسوڵمان بێت وپێی وابێ عەرەق حەرامە " انتهى من "الفتاوى الكبرى" (3/423) .
وە لەکتابی "السياسة الشرعية" (ص92)دا دەڵێت :
" حەشیشە کە لەگڵای قینەب دروست دەکرێت حەڕامە وخاوەنەکەی جەڵد دەکرێت هەروەک چۆن عەرەق خۆر جەڵد دەکرێت ، وەلەعەرەقیش پیس ترە لەو ڕەوەوە کە عەقڵ ومەزاجیش تێک دەدات ، تاوەکو پیاو وای لێ دێت خۆی بکات بەئافرەت وجگە لەم خراپانەش .
بەڵام عەرەق لەو ڕەوەوە خراپترە کە دەبێته هۆکاری شەڕ وئاژاوە ، وەهەردوکیان مرۆڤ دوور دەخەنەوە لەیادی خودا ونوێژ کردن .
جا لەهەموو حاڵەتێکدا دەچێتە ژێر ئەو شتانەی کەخودا وپێغەمبەرەکەی حەڕامیان کردووە لەعەڕەق و هەرشتێکی سەرخۆش کەر .
دووەم :کۆمەڵێک زیانی گەورەی هەیە کەڕەنگە لەعەرەقدا نەبێت ، وەپێغەمبەریش ﷺ فەرموویەتی: ( لا ضرر ولا ضرار ) رواه أحمد وابن ماجه (2341) وصححه الألباني في صحيح ابن ماجه .
واتە : نەزیان بەخۆتان ونەبەخەڵکیش مەگەیەنن .
جا بەکارهێنانى ئەم ماددانە زیانی تێدایە بۆ خودی کەسەکە ، وبەماڵ ومنداڵی ، وبەکۆمەڵگا وگەلەکەشی .
زیانی بۆ خودی کەسەکە : ئەو کاریگەریە خراپەیە کە لەسەر لاشە وعەقڵ دروست دەبێت وچەندین زیانی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە ودەبێتە جێگای گاڵتە جاڕی خەڵک ودەوروو بەر .
وە زیانی خێزانی : ئەو سوکایەتیەیە کەبەخێزان دەکات بەو هۆیەوە وماڵیان لێ دەبێت بەدۆزەخ وبەردەوام خەریکی شەڕ وئاژاوە دەبن وماڵ ومنداڵ فەرامۆش دەکات ...
وەبەنیسبەت زیانە گشتیەکانەوە : ڕوونە کەدەبێتە هۆکاری سەرف کردنی ماڵێکی زۆر لە شتێکدا کەهیچ سوودێکی نییە ، بەڵکو بەپێچەوانەوە چەندان زیانی بۆ کۆمەڵگا هەیە ودەبێته هۆکاری شەڕ وئاژاوە لەوڵاتدا .
"الفقه الإسلامي وأدلته" للدكتور وهبة الزحيلي (7/5511) .
وەحاسڵ ئەم مادە هۆش بەرانە هیچ کەسێکی عاقڵ گومانی نییە لەحەڕامیەتیان چونکە چەندین بەڵگە هەن لەبارەیانەوە جگە لەزیانە بەرچاوەکانی .
وە واجبە لەسەر زانایان وبانگ خوازان بۆ خەڵکی ڕوون کەنەوە کەئەم جۆرە مادانە حەڕامە ، وزیانی زۆری هەیە .
والله أعلم .