تاوان کردن لە کاتى گەنجێتى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تاوان کردن لە کاتى گەنجێتى
پرسیار:

کە گەنج و تازە پێگەشتوو بووم هەندێ تاوانم ئەنجام دا ، و سوپاس بۆ خودا تەوبەم کرد و گەڕامەوە بۆ لای خودا ، بەڵام تا ئێستاش هەر دڵمدا ماوە و دەترسم ، وە بیستومە کە گوایە نوێژی تەوبە هەیە ، بەهیوای ئەوەی بۆم ڕوون بکەنەوە جزاكم الله خيرًا؟

بێگومان تەوبە کردن تاوانەکانی پێشوو دەسڕێتەوە ، بۆیە نابێ هیچ شتێک لەدڵتدا بمێنێتەوە ،وپێویستە گومانی باش ببەی بە خودا ، وباوەڕت وا بێت خودا تەوبەکەی قەبوڵ کردووی گەر تۆ ڕاستگۆی لەتەوبەکەتدا ، چونکە خوای تەعالی فەرموویەتی : {وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ} (سورة النـور:31) 
واته : وه‌ ئێوه‌ هه‌ر هه‌مووتان ئه‌ی باوه‌ڕداران ته‌وبه‌ بكه‌ن و بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵكو سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن. 
خوای گەورە سەرفرازی وبردنەوە بەستۆتەوە بە تەوبە کردنەوە ، بۆیە هەر کەسێک تەوبە بکات ئەوا براوەیە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {وَإِنِّي لَغَفَّارٌ لِّمَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ صَالِحًا ثُمَّ اهْتَدَى} (سورة طـه:82) 
واته : وه‌ من زۆر لێخۆشبووم بۆ كه‌سێك كه‌ ته‌وبه‌ بكات له‌ تاوانه‌كانی ، وه‌ ئیمان بێنێت و كرده‌وه‌ی چاك بكات (كرده‌وه‌ى چاك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیه‌تت بۆ خواى گه‌وره‌ بێت و بۆ ریات نه‌بێت، وه‌ له‌سه‌ر سوننه‌ت بێت و بیدعه‌ نه‌بێت) ، پاشان هیدایه‌ت وه‌ربگرێ، واته‌: له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا ڕاسته‌ كه‌ ئیسلام و سوننه‌ته‌ دامه‌زراو بێت تا مردن.

حەتمەن خوای پەروەردگار ڕاستگۆیە لەهەواڵ و وەعدەکانیدا ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحًا عَسَى رَبُّكُمْ أَن يُكَفِّرَ عَنكُمْ سَيِّئَاتِكُمْ وَيُدْخِلَكُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ} (سورة التحريم:8)  
واته :  ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ته‌وبه‌ بكه‌ن و بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام ته‌وبه‌یه‌كی راستگۆ و نه‌صوح، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤـ به‌ ڕاستگۆیی و به‌دڵسۆزی ته‌وبه‌ بكات و ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا كردوویه‌تی لێی په‌شیمان بێ، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ تاوان ئه‌یكات ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، وه‌ عه‌زیمه‌تی هه‌بێ كه‌ له‌ داهاتوودا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ به‌ دڵ په‌شیمان بێ له‌وه‌ی كه‌ ڕابردوو كردوویه‌تی، به‌ زمان داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ بكات، به‌ لاشه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، عه‌زیمه‌تی هه‌بێ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ ئه‌گه‌ر ماف و حه‌قی خه‌ڵكیش بوو حه‌قی خه‌ڵكى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كانتان خۆش ئه‌بێ ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یه‌كی وا بكه‌ن ، وه‌ ئه‌تانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ باخ و باخات كه‌ جۆگه‌له‌ ئاو به‌ژێر دارو خانووه‌كانیاندا ئه‌ڕوات .

وە هەروەها سەبارەت بەو کەسانەى کەدواى تاوان کردن خواى گەورەیان بیردەکەوێتەوە و تەوبە دەکەن ئەوا خواى گەورە سەبارەت بەو کەسانە دەفەرموێ : ﴿وَالَّذِينَ إِذَا فَعَلُوا فَاحِشَةً أَوْ ظَلَمُوا أَنفُسَهُمْ ذَكَرُوا اللَّهَ فَاسْتَغْفَرُوا لِذُنُوبِهِمْ وَمَن يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلَّا اللَّهُ وَلَمْ يُصِرُّوا عَلَىٰ مَا فَعَلُوا وَهُمْ يَعْلَمُونَ ﴾ .
واتە: وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كاتێك كه‌ كارێكی به‌دڕه‌وشتی و زینایه‌كیان كرد یان زوڵمیان له‌ نه‌فسی خۆیان كرد به‌تاوان زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌و داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌و تاوانه‌ی كه‌ كردوویانه‌و له‌سه‌ری به‌رده‌وام نابن [وَمَنْ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلَّا اللَّهُ] وه‌ كێ هه‌یه‌ له‌تاوان خۆشبێ جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌، ته‌نها خوای گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كان خۆش ئه‌بێ [وَلَمْ يُصِرُّوا عَلَى مَا فَعَلُوا] وه‌ به‌رده‌وام نه‌بوونه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ی كه‌ كردوویانه‌ [وَهُمْ يَعْلَمُونَ (135)] وه‌ ئه‌وان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن گوناهبار ئه‌بن، یان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌ بكه‌ن خوا لێیان خۆش ده‌بێت .

خوای پەروەردگار لەفەرموودەیەکی قودسیدا فەرموویەتی: ((أنا عند ظن عبدي بي))رواه الإمام أحمد .
واتە : لەگەڵ گومانی عەبدەکەم دا .

بۆیە پێویسته موسوڵمان گومانی باش بەخودا بەرێت ، پێغەمبەر فەرموویەتی: ((لا يموتن أحدكم إلا وهو يحسن الظن بالله عز وجل)) خرجه مسلم في صحيحه .
واتە : با هیچ کەسێک لەئێوە نەمرێت مەگەر کاتێ نەبێت کەگومانی باش بێت بەخودا .

بەڵام بەنیسبەت نوێژی تەوبەوە لەپێغەمبەرەوە سابت بووە کەفەرموویەتی : ((ما من عبد يذنب ذنبا ثم يتطهر فيحسن الطهور ثم يصلي ركعتين ثم يتوب لله من ذنبه إلا تاب الله عليه)) رواه الإمام أحمد. وبالله التوفيق.(مجموع 11/419).
واتە : هیچ بەندەیەک نی یە کە تاوانێک دەکات ، پاشان دەست نوێژ دەگرێت و بەجوانی دەست نوێژەکەی دەشوات پاشان دوو ڕکات نوێژ دەکات ئیلا خودا تەوبەکەی لێ وەردەگرێت .

سەردان: ٤,٠٥٨ بەش: تەوبە کردن