حوکمی منداڵ لە باربردن -الاجهاض-: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی منداڵ لە باربردن -الاجهاض-
پرسیار:

ئایا حوکمی لە باربردنى منداڵ چیە؟ چ کاتێک دروستە منداڵ لەبار ببرێ؟ وە زەرەر و زیانەکانى چین؟

حوکمی منداڵ لە باربردن -الاجهاض-
ئەم بابەتە لە دوو ڕوویەوە باس دەکەین:

ڕووى یەکەمیان: بنەمای منداڵ لەباربردن لە ڕووی بیروباوەر:

بنەمای ئەم کارە تاوانێکی دژە بۆ بنەماکانی ئیسلام، لەچەندین ڕوویەوە لەوانە:
یەکەم
: کارەکە تاوانە، تاوانەکەش کوشتن(قتل)!. بیر لە وەڵامێک بکەرەوە بۆ خودای پەروەردگار لە ڕۆژی قیامەتدا کە پرسیارت لێدەکات: بۆچی بەندەکەی منت کوشت، و بە دیارییەکەی من ڕازی نەبوویت؟
دووەم : کارەکە دژە بە ئیمان بە قەدەر، و دەربڕینی ناڕازیبوونە بەرامبەر قەدەری خودا. بزانە خودا ویستی لەسەر ئەوەیە دیاریێکت پێ ببەخشێ، تۆش  بەم کارە ڕەتی دەکەیەوە!!
سێیەم : کارەکە دژە بۆ خۆشەویستی پێغەمبەرمان ، کە هانی موسڵمانان دەدات زۆر منداڵیان هەبێت، تاوەکو ئومەتەکەی لە هەموو ئومەتێک زیاتر بێت لە ڕۆژی قیامەتدا، بۆیە بزانە ئەگەر بتەوێ کارێکی وا بکەیت، ئەوا دژایەتی دەکەی بۆ خوشەویستی پێغەمبەرەکەت محمد !!
چوارەم : ئەگەر تۆ تەنها ئینسانی، بزانە کارەکە نا ئینسانییە! لەگەڵ فیترەتی پاک ناگونجێت.
پێنجەم : کارەکە ئەگەر بە بیانووی هەژاری بکرێت یان نەبوونی توانای پەروەردە کردن، یان مانوبوونێکی زۆری ژیانی ڕۆژانە....هتد.
ئەوا با دایک و باوکەکە بزانن کە:
• ڕزقی منداڵەکەیان لە گەڵ منداڵەکە لە دایک دەبێت.
• ئەگەر خەمی پەروەردەکرنیشیانە، پەروەردەکردن لە ئیسلامدا نانی حەڵاڵ و دوعا کردنە کە صاڵح بێت.
• ماندووبونی کاتی دووگیانیش، بە بیرکردنەوە بە پاداشتی قیامەت (احتساب) و زۆری زیکر کردنی خودا ئاسان دەکرێت
ئەم زیکرەش خۆئامادەکردنێکی پێویستە بۆ وەرگرتنی دیاری خودا کە منداڵێکە لە دونیادا و پاش مردنت دوعات بۆ دەکات، و پاداشتێکی زۆرە لە قیامەتدا.
شەشەم : پێویستە دایک و باوک بزانن کە پەروەردگار کۆرپەکەیان ڕێزدار کردووە، بە ڕادەیەک، ڕوکنی ڕۆژوو گرتنی لەسەر دایک هەڵگرتووە ئەگەر زیانی هەبێ بۆ ژیانی کۆرپەکە.
کەواتە چۆن ناحەزی شێک دەکەن کە لای خودا ڕێزدار بێت!؟.
بەڵکو پێغەمبەرمان ، سزادانی ژنێکی دووگیانی دواخستووە تاوەکو منداڵەکەی دادەنێت، و شیردەدات، وەکو ڕێزلێنان بۆ منداڵەکە هەر چەندە ناشەرعی بووە(حديث الغامدية).
ئەم فەرمودەیەش چەند سودێکی لێ وەردەگیرێت لەوانە:
- پێغەمبەرمان پێی نەفەرمووە ئایا کۆرپەکە بووەتە ١٢٠ ڕۆژ یان نە. هاتا بێڵین، پێش ١٢٠ رۆژ ڕوحی نەهاتەبەر، بۆی هەیە لە باربەرێت.
-  ناشەرعیەتی کۆرپەکە شەرعیەت بە کوشتنی نادات.
-  منداڵە ناشەرعییەکە تاوانی دایکی هەڵناگرێت، پێویستە وەکو هەر منداڵێک بژێت.
ئەی چۆن دەبێ بیر بەوە بکەینەوە کە منداڵە شەرعیەکانمان لەبار ببەین، و دیاری خودای پەروەردگار ڕەتبکەینەوە؟!!
حەوتەم : با ئەو دایک و باوکەی بیر لەم کارە دەکەنەوە، لە خودا بترسن، چونکە سزای خودا بۆ تاوانبار لە جۆری تاوانەکەی تاوانبارە(العقوبة من جنس العمل)، لەوانەیە تاوانی منداڵ لەباربردن، ببێتە هۆکاری سزادانیان لە دونیادا، بە مردنی منداڵەکانیان (خودا سەلامەتیان کات).
هەشتەم : چەندین دایک بڕیاری لە باربردنی کۆرپەی خۆیان داوە، بەڵام لە دواییدا؛ هاتوونەتەوە هۆش خۆیان و بەسەر ویست هەوەسی خۆیاندا سەرکەوتوون، و خودا منداڵێکیانى پێ بەخشیوە، کە بووەتە مایەی بەختەوەری ژیانیان لە هەموو خوشک و براکانی زیاتر.
کەواتە دڵنیابە ئەوەی خودا بۆ تۆ هەڵدەبژێرێت، باشترە لەوەی تۆ بۆ خۆت هەڵدەبژێرێ.

ڕووى دووەمیان: حوکمی شەرعی منداڵ لەبار خۆبردن.

زانایانمان لە چەندین ڕوویەوە دەڕوانە کێشەی کۆرپە لەباربردن لەوانە:
یەکەم : کۆرپە پێش بگاتە (٤مانگ= ١٢٠ڕۆژ) کە هێشتان ڕوحی نییە، لەباربردنی ئەم کۆرپەیە حەرامە، بەڵام چونکە نەبووتە ئینسان و ڕوحی نییە، بۆیە هەندێک لە زانایان بۆ ئەوە دەچن، کە لەبەر زەرورەتی پاراستنی گیانی دایک، دروستە لەباربەرێت، کاتێ کۆمەڵە پزیشکێکی پسپۆڕ و شارەزا و جێی باوەڕی، بڕیار بدەن کە مانەوەی کۆرپەکە ترسناکێکی گەورەیە لەسەر ژیانی دایکی (تەنها ئەم حاڵەتە).
دووەم : کۆرپە پاش (٤مانگ = ١٢١ رۆژ و زیاتر) خاوەن ڕوحە وەکو هەر ئینسانێک، بڕیاری لەباربردنی تاوانی کوشتنە! و ئەگەر پزیشکەکان مانەوەی بە ترسناک تێبگەن بۆ سەر ژیانی دایکی ئەوا با بزانن، هەردووکیان(کۆرپە و دایک) خاوەن ڕوحن، بڕیاری ژیان و مردن لە دەست خودایە، لە دەست پزیشکەکاندا نییە، تاوەکو پرسیان پێبکرێت.
سێیەم : هەرکات ڕوحی هاتەبەر کۆرپەکە ئینسانە، هەبوونی کەم ئەندامی لەم کۆرپەیەدا پاساو نییە بۆ لەباربردنی (بە یەکڕایی زانایان).
هەمان شت پێش ئەوەی ڕوحی بێتەبەر، چونکە لە ڕێگای بە ئینسان بوون دایە، و نابێ ڕێگری لێبکرێت، ئەمە ئەصڵى شەرعی بابەتەکەیە.
سەرەڕای ئەمە زۆر لە زانایان هەبوونی کەمئەندامیێکی توند پێش ئەوەی روحی بێتەبەر؛ بە پاساوی شەرعی دەزانن بۆ لە باربردن، بەمەرجێک کەمئەندامیەکە توند بێت، و هیوای چارەسەری نەبێت بە یەقینی، ئەمەش ممکن نییە، چونکە پزیشکان دەڵێن پێش ١٢٠ ڕۆژ دیارخستنی کەمئەندامی کۆرپە، شتێکی ئیحتیمالیە، حوکمی شەرعیش لەبابەتێکی وا ترسناک لەسەر ئیحتمال نادرێت.
ڕاستیەکەشی ڕازیبوونە بە قەدەری خودا، بەتایبەت ئەگەر زانیمان کەمئەندامی پێش ١٢٠ ڕۆژ یەقین نییە، ئەگەر یەقینیش بێت ئیحتیمالی چاکبوونەوەی هەیە؛ بە قورئان خوێندنێکی بە دڵ یان بە دوعایەکی بە کوڵ یان بە هێزی تەوەکول، ئەمەش شتێکی بەدەرە لە زانستی پزیشکاتی.

لە کۆتاییدا:
1-  تاوانی منداڵ لەباربردن؛ تاوانی کوشتنە، ئەگەر پاش ئەوە بێت کە ڕوحی هاتەبەر ئەوا بکوژەکە لەسەر قسەی هەندێک لە زانایان (دیە)ی لەسەرە، کە قازی دەستنیشان دەکات لە دەوروبەری ٥٠ میسقال زێر ، لەگەڵ بەڕۆژوونی دوو مانگ لەسەریەک.
و ابن حزم بۆ ئەوە دەچێت کە وەکو قەتلی عەمدە، بکوژەکە دەکوژرێتەوە (قصاص) ئەگەر عەفو نەکرێت.
2-  قیل و قال لەم مەسەلەیەدا زۆرە، هەزاران لاپەڕە لە سەری نووسراوە، ئەوەی باسمان کرد نزیکترینە بۆ بنەماکانی میللەت، و پاراستنی موسڵمان لە شەرمەزاری ڕۆژی قیامەت.
3- لە ڕەحمەتی خودای پەروەردگار دەرگای تۆبە کراوەیە؛ بۆ هەرکەس بیر لەم تاوان بکاتەوە، یان ئەگەر تاوانەکەی کردبێ با تۆبە بکات و دووبارە نەکاتەوە.

وەڵامى مامۆستا سامی مصطفی حسن


سەرچاوەکان:
* ئایەتی(١٥١)ی سورەتی (الانعام).
* المحلى لابن حزم (١١/ ٣١).

سەردان: ١٣,٦٦٤ بەش: پەروەردەى منداڵ