گەر پیاوێک ئافرەتێکى جوانى بینى و دڵى بۆی چوو لەم کاتەدا چی بکات؟ چۆن لە دڵی لەسەر ئەو ئافرەتە لابدات؟ ئاینى پیرۆزى ئیسلام چ ڕێنماییەکى هەیە بۆ ئەم حاڵەتە؟
سەبارەت بە وەڵامى پرسیارەکەت پێغەمبەرى خوا ﷺ تەوجیهی و ڕێنماییەکى زۆر جوانى هەیە و دەفەرموێ: ((إذا رأى أحدكم إمرأة، فوقعت في قلبه، فليعمد إلى امرأته، فليواقعها، فإن ذلك يرد ما في قلبه)). رواه مسلم - كتاب النكاح
واتە: ئەگەر یەكێك لە ئێوە ئافرەتێكی بینی و كەوتە دڵى یەوە، با بچێتەوە لای ژنەكەی و لەگەڵیدا جوت ببێ، چونكە ئەم جوتبونە دەبێتە هۆى ڕەت كردنەوەی ئەوەی كە چۆتە دڵی و دڵی پێی دادەمركێ.
بەڕاستی تەوجیهێكی پڕ لە حیكمەت و بەرزە، بە تایبەتی لە رۆژگارێكی وەك ئەمڕۆ، ئافرەتان زیاد لە سنور خۆیان لە پۆشاك داماڵیوە و بونەتە پەیڕەوكار و جێ بەجێ كەری زنجیرە دراماکان و ئافرەتان بە شێوەیەك خۆیان دەخەنە ڕو و پۆشاكێك لەبەر دەكەن، كە هەر بەناو پۆشاكە،جا كە بەم جۆرە خۆیان نمایش دەكەن، سەرنجى گەنج و پیاوى پێ ڕادەكێشن، ڕەنگە سەربكێشێ بۆ خراپەكارى و داوێن پیسى.
هەر بۆیە پێغەمبەرى خوا ﷺ لەم فەرمودەیەدا رێنمایى پیاوان دەكات، هەركاتێ شتێكى ئاوایان كەوتە بەرچاو و سەرنجى ڕاكێشان و ئارەزوى بزواندن، ڕاستەوخۆ بچنەوە لاى خێزانیان، ئەو گەنجانەش كە ژنیان نەهێناوە، دەبێ ئارام بگرن و زۆر بەڕۆژو بن، هەروا دوعا بكەن هەتا خواى بەخشندە كارى ژن هێنانیان بۆ ئاسان دەكات.. ئەو جۆرە ئافرەتانەش گەر تۆزێك لە خواى گەورە بترسن و گرنگى بە شەرم و حەیا بدەن، رێگە بەخۆیان نادەن ئەم جلە سەرشۆڕكەرە لەبەر بكەن.
سود وەرگیراوە لە کتێبی : ژن و مێردی ئیسلامى بەختەوەر