زۆربوونى زینا و چۆنێتى خۆپاراستن لێی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
زۆربوونى زینا و چۆنێتى خۆپاراستن لێی
پرسیار:

وەک دەزانن ئێستا خراپە و زینا و داوێنپیسی زۆر بووە ئایا گەنج چۆن خۆى بپارێزێ لەکاتێکدا تواناى ژنهێنانی نەبێ؟ 

الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده: أما بعد:‏
لە ڕاستى دا زۆربوونی خراپەو بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشی زۆرێك لە ‏گەنجانی بەرەو هەڵدێر بردووەو هەندێكیشیانی ‏تووشی زینا و داوێن پیسی كردووە، كاتێكیش لەم ‏گەنجانە بپرسین بۆ ئەو كارە دەكەن؟
‏ دەڵێن: ناتوانین لەسەر قورسی پرۆسەی هاوسەرگیری ‏و زۆربوونی خراپەو ڕووتی زۆرێك لە ئافرەتان و ‏ئارەزووە زۆرەكانمان ئارام بگرین .

 ئێمەش بۆ ‏وەڵامدانەوەی ئەم گەنجانە – خوای گەورە هیدایەتیان ‏بدات بۆ ڕەوشت جوانی – وە بۆ پەند وەرگرتنی ‏هەموومان كورتەیەك لەو هۆكارانە باس دەكەین كە ‏لەلایەن ژنەكەی پاشای میسرەوە بەكارهێنرا بۆ لە ‏خشتەبردنی یوسف - علیه السلام – و ڕاكێشانی بۆ ‏داوێن پیسی، كە بەڕاستی مەكر و فێڵی ئەو ئافرەتە ‏تاقیكردنەوەیەكی زۆر گەورە بوو بۆ یوسف، و ئەگەر ‏فەزڵ و بەخششی خوای گەورە نەبوایە ڕزگاری ‏نەدەبوو، گەورەیی ئەم تاقیكردنەوەیەش لەوەدا ‏دەردەكەوێت كە هەموو شتێك ئاسان و فەراهەم بوو بۆ ‏ئەوەی یوسف ئەو تاوانە ئەنجام بدات لەوانەش:‏
یەکەم : ئافرەتەكە خۆی بانگی یوسفی كرد ئەمەش ‏ڕێخۆشكارێكی گەورە بوو، چونكە بانگ كردنی پیاو ‏لەلایەن ئافرەتەوە وەكو بانگ كردنی ئافرەت نیە لە ‏لایەن پیاوەوە، كە ئافرەت بانگی پیاوی كرد ئەو كات ‏ئەو لەمپەرە دەرونیانەی كە لەلای پیاو هەیە نامێنێت، ‏وەكو ترسان لە خۆبەدەستەوەنەدانی ئافرەتەكە یاخود ‏هاواركردنە كەسوكار و... هتد.‏
دووەم : یوسف لە ماڵەكەیاندا بوو واتە كەسێكی نامۆ ‏نەبوو تاوەكو خەڵكی گومان لە چوونە ژوورەوەی بكەن.‏
سێیەم : ئافرەتەكە هەموو دەرگاكانی كۆشكی داخست كە ‏ئەمەش ترسی ئەوەی نەهێشت خەڵكی پێیان بزانن.‏
چوارەم : هانی یوسفی دەدا بۆ ئەوەی ئیشە خراپەكەی ‏لەگەڵ بكات.‏
پێنجەم : یوسف گەنج بوو پاڵنەری زیناش لای گەنج زۆر ‏زیاترە.‏
شەشەم : ئافرەتەكە گەورەی یوسف بوو دەبوو گوێڕایەڵی ‏بوایە لە هەر فەرمانێك كە پێی دەكرد.‏
حەوتەم : یوسف كۆیلە بوو پاڵنەری زیناش لای كۆیلە ‏زیاترە وەك لە كەسێكی ئازاد، چونكە كۆیلە هەر بە ‏چاوی سووكەوە سەیر دەكرێت، بۆیە لە ئابڕوچوون ‏ناترسێت.‏
هەشتەم : یوسف كەسێكی نامۆ بوو لە وڵاتی میسر، كەسی ‏غەریب و نامۆش لە ئابڕوچوون ناترسێت وەكو كەسێك ‏كە خەڵكی وڵاتەكە بێت.‏
نۆیەم : ئافرەتەكە جوان بوو، پاڵنەری زیناش لەگەڵ ‏ئافرەتی جواندا زۆر زیاترە.‏
 دەیەم : ئافرەتەكە خاوەن دەسەڵات بوو دەیتوانی ئەگەر ‏یوسف ئاشكراش بێت بەرگری لێبكات.‏
یانزەیەم: مێردی ئافرەتەكە غیرەتی نەبوو، چونكە ‏سەرەڕای ئەوەش كە بە ژنەكەی زانی پێی وت داوای ‏لێخۆشبوون بكە بۆ تاوانەكەت و كاردانەوەی خراپی ‏نەبوو.‏
دوانزەیەم: ئافرەتەكە جگە لە خۆی مەكر و نازی ئافرەتانی ‏تریشی بەكارهێنا.‏
سیانزەیەم: هەڕەشەی ئەوەی لە یوسف كرد كە ئەگەر زینای ‏لەگەڵ نەكات ئەوا سجنی دەكات.‏
سەرەڕای هەموو ئەو ئاسانكاریانە یوسف – علیە ‏السلام – كۆڵی نەدا و ئارامی گرت، و داوای لە خوای ‏گەورە كرد ڕزگاری بكات، ئەویش وەڵامی دایەوە و ‏ڕزگاری كرد.‏

دەسا گەنجانی بەڕێزمان یوسف ئاسا بە سەبر و ئارام ‏بن، و ڕەزامەندی خوای گەورە زاڵ بكەن بەسەر ‏چێژێكی كەمی دونیاییدا كە لە پاش تەواو بوونی ‏هەست بە بێزاری و پەشیمانی و بێتاقەتی و تاوانباری ‏دەكەیت. ‏

ستافی وەڵامەکان