10 خاڵى گرنگ بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێ بابەتێک یان کتێبێک لەبەر بکەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
10 خاڵى گرنگ بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێ بابەتێک یان کتێبێک لەبەر بکەن
پرسیار:

ئایا فێرخواز (طالب العلم) چۆن بتوانێت کە بابەتێک یان کتێبێک بە جوانى لەبەر بکات و لە بیرى نەچێتەوە ؟ چ میکانیزمێک هەیە بۆ لەبەر کردن ؟

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
ئەو فێرخوازانەى کە دەیانەوێ بابەتێک یان کتێبێک لەبەر بکەن پێویستە ڕەچاوى ئەم (10) خاڵە بکەن بۆ ئەوەى بتوانن بە جوانترین شێوەیە بابەتەکەیان لەبەر بکەن و ئەوەى لەبەرى دەکەن بە جوانى لە بیر و هزریاندا بچەسپێ خاڵەکانیش بریتین لە :

یەکەم : دیاری كردنی  ئەو بابەتەی لەبەری دەكەیت، ئەمەش دەبێت كەسێكی پسپۆر لە و بابەتە شتەكەت (كتێبەكەت)  بۆ دیاری بکات. 

دووەم : دەبێت ئەو بابەتەی لەبەری دەكەیت تێكەڵی بابەتی تری نەكەیت، كاتێك بڕیاڕ  دەدەیت  و یەكلا دەبیتەوە لەسەر دیاریكردنی شتێك (بابەتێك) ، نابێت تێەكەڵی شتی تری بكەیت ، ئەمە بنچینەیەكی گشتیە دەبێت ڕەچاوی بكەین.

سێیەم : هەڵبژاردنی نوسخەیەی ڕاست  و دروست، خۆت بەو نوسخەیەوە پەیوەست بكەیت ئەمەش دوو شت كۆدەكاتەوە  دوو شت لە خۆ دەگرێت:
أ-  دەبێت نوسخەكە ڕاست و تەواو بێت.
ب-  پەیوەست بیت بەم نوسخەیەوە لە هەموو حاڵەتێكدا ، واتە لەبەركردن و دوبارە و مراجەعەت هەر لەسەر ئەو نوسخەیە بێت ،و نابێت نیوەی لەسەر نوسخەیەك و نیوەكەی تری لەسەر نوسخەیەكی تر.  
ئەمەش بنچینەیەكە لە بنچینەكانی پەروەردەی سەردەم ئەویش وێناكردنی هزریە ( التصویر الذهنی ) لەبەر ئەوەی هزری مرۆڤ وێنەی تێدا كۆپی دەبێت. ئەمە وا دەكات كە وێنەی ئەو نوسخەیە لە ناو هزرتدا كۆپی ببێت.

چوارەم : دابەشكردنی ئەو بابەتەكە بۆ چەند بەشێك ، هەوڵبدەیت كەمی بكەیتەوە بۆ چەند بەشێكی كەم ، و ئەمەش بەگوێرەی بابەتەكە ،و  ئەو كەسەی كە لەبەری دەكات، ئەمەش یەكێكە لەو بنچینە گرنگانەی كە لای شەنقیتیەكان هەیە، ئەوان پێی دەڵین (الاقواف ) واتە وەستانەكان یان (قف) بوەستە،  ئەو بەشانەی كە بۆ فێرخواز دیاریكراوە كە لەسەری بوەستێت.

پێنجەم : ڕاستكردنەوەی خوێندەوەی بابەتەكە پێش ئەوەی لەبەری بكەیت، بۆ ئەوەی بەهەڵەوە لەبەری نەكەیت.

شەشەم : لەدوای جێ بەجێ كردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە دەست دەكەیت بە لەبەركردنی بابەتەكە ، وەتەواوێتی لەبەكردن دەگەڕێتەوە بۆ چوار خاڵ:
1- نوسینەوەی بابەتەكە.
2- لەبەركردنی بابەتەكە بەدەنگی بەرز بەشێوەیەك كە بەجوانی خۆت گوێت لێی بێت.
3- گوێ لێگرتنی، ئەمەش دەكرێت لە ڕێگای تۆمارێكی دەنگیەوە بێت.
4-  گەیاندنی بەشە لەبەركراوەكە بەیەكەوە ، بۆ بمونە ئەو بەشەی كە پێشتر لەبەرت كردووە بەوەی دوای خۆی ، ئەمەش خاڵێكی گرنگە بۆ ئەوەی لەبەركردنەكەت پچڕانی تێ نەكەوێت و بەجوانی بەشەكانی بەیەكەوە ببەستیت. 

حەوتەم : دوبارەكردنەوەی ئەو بەشەی لەبەری دەكەیت، ئەمەش كارێكی زیادە و پەیوەندی بەكاتی لەبەركردنەوە نیە ئەوەی لەكاتی لەبەركردندا دوبارەی دەكەیتەوە پەیوەستە بەلەبەركردنەوە، ئەم دوبارەیە بۆ جێگیركردنی لەبەركراوە، هەروەها نابێت لە دە جار كەمتر دوبارەی بكەیتەوە، ئەگەر پەنجا جار بێت ئەوە كارێكی باشە وە ئەگەر بیكەیتە سەد جار ئەوە زۆر چاكە، تاوەكو دوبارەت زۆر بێت لەبەركراو بەهێزترو جێگیرترە، چونكە لە پێشینانەوە لەوە زیاتر دەگێڕنەوە.

هەشتەم : خستنە ڕوی بابەتی لەبەركراو، واتە بیخوێنیتەوە بەسەر كەسێكدا، جا بەسەر مامۆستایەك بێت كە گرنگی بەو كارانە بدات یان هاوڕێیەكی زانستخوازی وەك خۆت. 

نۆیەم : باسكردن و بیرخستنەوە و خوێندنەوەی لە نێوان  فێرخواز و زانستخوازەكاندا، بۆ نمونە لەگەڵ یەكێك یان چەند فێرخوازێكی وەك خۆی، بەشێك یان چەند بەشێك لەبەینی خۆیاندا دەخوێننەوە، یان هەریەكەو بەشێك دەخوێنێتەوە یان هەموویان یەك بەش دەخوێننەوە.

دەیەم : پێداچونەوە (موراجەعە)ەی بابەتی لەبەر كراو، ئەمەش بەگوێرەی بابەتی لەبەركراو وە بە گوێرەی ئەو پلانەی كە بۆی دادەڕێژیت ئیتر ڕۆژانەیە، هەفتانەیە، مانگانەیە ...هتد

نوسینى : شێخ صالح بن عبدالله بن احمد العصيمي

وەرگێڕانى : ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٣,١٥٠ بەش: ئادابەکانى طالب عیلم